پەرەگراف ناوەڕۆكی پەیوەندییەكی عادل عەبدولمەهدی بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە ئاشكرا دەكات

01-12-2018 10:51
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق. وێنە؛ سوركێو محەمەد- پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندیی بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە كردووەو ڕەزامەندی پیشانداوە پۆستی وەزیری داد بدرێتە كاندیدی ئەو بزووتنەوەیە.

 

پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی عادل عەبدولمەهدی دوای تووندبوونەوەی ململانێی نێوان پارتی‌و یەكێتی دێت لەسەر ئەو پۆستە، پارتی بەتووندی دژی ئەوەیە پۆستی وەزیر بدرێتە یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، بەڵام یەكێتی هێشتا بێهیوا نەبووەو لە هەوڵەكانی بەردەوامە.

 

دوو سەرچاوەی ئاگادار بۆ پەرەگراف ئەوەیان پشتڕاست كردەوە كە عادل عەبدولمەهدی لەسەر ئەو پرسە پەیوەندیی بە بەرپرسێكی باڵای گۆڕانەوە كردووە.

 

"وتویەتی بەهۆی ئەو كێشانەوە كە هەیە حەزدەكەم ئەو پۆستە بۆ ئێوە بێت" سەرچاوەیەكی باڵا كە ئاگاداری پەیوەندییەكەیە وا دەڵێت، ئەوەشی خستەڕوو، سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە گۆڕان كردووە سیڤی سێ كەسی بۆ بنێرن تا یەكێكیان دیاریی بكات بۆ پۆستەكە.

 

سەرچاوەكە وتی وتی"گۆڕان ناوی سێ دادوەری بۆ ناردووەو ئێستا یەكێكیان كشاوەتەوە، دوانەكەی دیكەش هەریەكە لە حاكم شێخ لەتیف‌و دادوەرێكی دیكەیە بەناوی ئیسماعیل عومەر."

 

حاكم شێخ لەتیف دادوەرێكی ناسراوی كوردستانەو 10ی مانگی ڕابردوو دوای 30 ساڵ خزمەتكردن لە دادگاكان، دەستیلەكار كێشایەوەو ڕایگەیاند، دەسەڵاتی دادوەریی بووەتە پاشكۆی حیزب‌و سەربەخۆ نییە. ئیسماعیل عومەر دادوەرە لە دادگای بەرایی سلێمانی.

 

لە دوای پەیوەندییەكەی عادل عەبدولمەهدی ململانێ لەسەر ئەو پۆستە لە نێوان گۆڕان‌و یەكێتی دایە، گۆڕان پۆستەكە بە مافی خۆی دەزانێت‌و وەفدێكی بۆ دانوستان لەو بارەیەوە پێكهێناوەو لە ڕابردوودا سەردانی لایەنەكانیان كردووە لەناویاندا سەرۆك وەزیرانی عێراق.

 

لە وەڵامی ئەوەی پۆستەكە بۆ گۆڕان یەكلایی بووەتەوە؟ بەرپرسێكی باڵای گۆڕان بۆ پەرەگراف وتی"لە عێراق هیچ شتێك یەكلایی بووەوە نییە تا كاتژمێرەكانی كۆتایی."

 

بڕیارە ڕۆژی سێشەممە پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوەو دەنگ لەسەر ئەو 8 وەزارەتەی دیكە بدات كە هێشتا وەزیریان بۆ دیاریی نەكراوە، یەكێكیان وەزارەتی دادە كە لایەنە كوردییەكان ململانێی لەسەر دەكەن.

 

تائێستا كورد 2 پۆستی وەزارەتی وەرگرتووە لە حكومەتی عێراق كە هەردووكیان بۆ پارتی بوون ئەوەش لە كۆی 14 وەزارەتی پڕكراوە. پارتی وەزارەتێكی دیكەی بۆخۆی مسۆگەر كردووە كە كۆچ‌و كۆچبەرانە.

 

پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد، عادل عەبدولمەهدی ناوی خالید شوانی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی وەزیری داد لەو لیستەدا دەرهێناوە كە بڕیار بوو پەرلەمان هەفتەی ڕابردوو دەنگیان لەسەر بدات، ئەوەش لەسەر داوای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بووە.

 

بارزانی لە سەردانەكەیدا بۆ بەغداد(22-11) پێداگریی لەسەر ئەوە كردووە یەكێتی پۆستی وەزارەتی پێنەدرێت، بەوپێیەی "ئیستیحقاقی خۆی وەرگرتووە" كە مەبەست پۆستی سەرۆك كۆمارە، پارتی لاری نییە حیزبێكی دیكە وەك بزووتنەوەی گۆڕان وەزارەتی چوارەمی كورد وەربگرێت.

 

یەكێتی هێشتا بێهیوا نەبووەو هەوڵەكانی خستووەتەگەڕ تا ئەو وەزارەتە وەربگرێت‌، بەڵام كارەكەی ئاسان نییە، بەوپێیەی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح پشتیوانیی بارزانی دەكات.

 

ئەو پرسە بەشێك بووە لە گفتوگۆكانی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتی‌و بڕیارە ئەو حیزبە وەفدێك بنێرێتە بەغداد بۆ پشتیوانیكردن لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كە سەرۆكایەتی تیمی یەكێتی دەكات بۆ مسۆگەركردنی وەزارەتی داد بۆ حیزبەكەی.

 

لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتیدا هاتووە"ئەنجومەنی سەركردایەتی پشتیوانی خۆی بۆ هەڵوێست و هەنگاوەكانی سەرۆك كۆماری عێراق و فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دووپاتكردەوەو پێداگریشی كرد لە وەرگرتنی پشكی یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەتی فیدراڵی عێراق."

 

یەكێتی پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ سەرجەم لایەنە شیعەكانی عێراق هەبوو، بەڵام ئێستا وەك سەرچاوەكانی پەرەگراف دەڵێن، هادی عامری‌و تاڕادەیەك حەیدەر عەبادی لەو حیزبە دووركەوتوونەتەوەو چوونەتە بەرەی پارتی، ئەوەش كاری یەكێتی قورستر كردووە بۆ بەدەستهێنانی وەزارەتێك.

 

بەدەر لە كورد، شیعەو سوننەكانی عێراق لە ناوخۆیاندا لە ناكۆكیی قوڵدان لەسەر دوو وەزارەتی سیادیی، سوننە لەسەر بەرگری، شیعەكانیش لەسەر وەزارەتی ناوخۆ، ئەمانە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانیان تووشی سەر ئێشەی زۆر كردووە.

 

عەبدولمەهدی كە هیچ فراكسیۆنێكی نییە لەناو پەرلەمان بەرگریی لێبكات، ناكۆكی ناو ماڵی شیعەو یەكلایی نەبوونەوەیان لەسەر كەسێك بۆ سەرۆك وەزیران شانسی ئەوەی پێدا ئەو پۆستە وەربگرێت، بەڵام واناسراوە بەردەوام دەستلەكاركێشانەوەی لەناو گیرفانیدایەو ئەو فشارانەی ئێستا دەكرێنەسەری ئەگەر بەردەوام بن دوورنییە وەرەقەكەی گیرفانی بخاتەسەرمێزو كورسییەكەی بەجێبهێڵێت، پێدەچێت پەیوەندیكردنی بە گۆڕانەوە بۆ خۆدەربازكردن بێت لەو فشارانەی لایەنە كوردییەكان.