جەنەراڵ مەزڵوم چۆن لە هێرشەکەی نزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕزگاری بوو؟

09-04-2023 07:55
جەنەراڵ مەزڵوم لە گرنگترین هاوپەیمانەكانی ئەمەریكایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

پەرەگراف

"له‌دوای ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان له‌ شه‌ڕی دژی داعش به ‌كۆتاهێنا له‌ شاری سلێمانی، له‌دوای نیوه‌ڕۆ كاتێك ده‌گه‌ڕاینه‌وه‌، ئه‌و كاروانه‌ی ئێمه‌ی تێدابوو، هاوبه‌شه‌ ئه‌مریكییه‌كانمان و هێزی دژه‌تیرۆریشی تێدابوو، ڕوبەڕوی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بووینەوەو هێرشەکە بێ ئەنجام بوو و شكستی هێنا" مە زڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەم شێوەیە "هێرشەکەی تورکیا" دەگێڕێتەوە.

هێرشەکە ئێوارەی ٧-٤-٢٠٢٣ لە نزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕوویدا، جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دژەتیرۆری یەکێتی و هێزەکانی ئەمەریکا سەردانی ئەوشارەی کردبوو، جەنەراڵە كوردە لە گرنگترین هاوپەیمانەكانی ئەمەریكایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە هاوبەشیی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان گەورەترین سەركەوتنی بەسەر داعشدا نووسییەوە، یەکێکیشە لە داواكراوترین كەسەکان لەلایەن توركیاوەو چەند جارێک داوای دەستگیرکردن و ڕادەستکردنی کردووە.

مەزڵوم عەبدی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا پێیوایە، توركیا بەم هێرشانه‌ ده‌یه‌وێت شکست بە کارەکانی ئەوان بهێنێت لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە شەڕی ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر، هەروەها ئامانجێكی دیكه‌ی ئەم هێرشه دەگەڕێنێتەوە بۆ هەڵبژاردنەکەی مانگی ئایاری داهاتووی تورکیا، "‌ئه‌ردۆغان و داروده‌سته‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا سه‌ربكه‌ون، هه‌رچییه‌ک له‌ده‌ستیان بێت، دهی‌كه‌ن بۆیه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن له‌سه‌ر حیسابی خوێنی كورد، به‌ ئامانجگرتنی كورد سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنن و له‌ توركیا وه‌كو كارتێك له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا به‌كاریبهێنن تا بتوانن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كەدا سه‌ربكه‌ون".

مەزڵوم عەبدی و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی هەیە کە حیزبی خاوەن دەسەڵاتە لە سلێمانی، ئەوەش تورکیای تەواو نیگەران کردووە، لەبەرئەوەی ئەنقەرە دەسەڵاتی ڕۆژئاوای کوردستان بە درێژکراوەی پەکەکە لە قەڵەم دەدات.

هەمان ڕۆژی هێرشەکە پەرەگراف لەزاری سەرچاوەیەکی ئەمنیی لە سلێمانی بڵاویکردەوە، هێرشەکە هاوكات بووە لەگەڵ گەڕانەوەی مەزڵوم كۆبانی و ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای كوردستان.

سەرچاوەکەی پەرەگراف دەڵێت "ئامانجەكە مەزڵووم کۆبانى بوو، بەڵام پێمانوایە وەك پەیامێکی ھۆشداریی و دروستکردنی ترس نەك لێدان بە مەبەستی كوشتنی، هێرشەکە شوێنێکی لە نزیک کاروانی ئۆتۆمبێلەکان کردە ئامانج نەک خودی ئۆتۆمبێلەکان"، لە کاتێکدا بەڕێگاوەبوون بۆ فڕۆکەخانە تا بە هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی ئەمەریکی بگەڕێنەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.

بەرپرسانی ئەمنیی لە سلێمانی پێیانوایە، ئەگەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی مەزڵوم عەبدی ئەمەریکییەکانی تێدا نەبوایە، ڕەنگە تورکیا ڕاستەوخۆ بۆردومانی ئۆتۆمبێلەکانی بکردایە بە مەبەستی کوشتن.

جۆی بوچینۆ، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا، ڕووداوەكەی فڕۆكەخانەی سلێمانی بە "هێرش بۆ سەر كاروانێك ناو برد"و لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا ڕایگەیاند "سێ ئەمەریكی لەگەڵ ئەو كاروانەدا بوون، بەڵام هیچ كەسێك بریندار نەبووە".

چوار ڕۆژ بەر لە هێرشەکەی نزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی و بە ئامانجگرتنی مەزڵوم عەبدی، تورکیا ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ ماوەی ٣ مانگ بە ڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا داخست ئەوەش بە پاساوی ئەوەی "چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی زیادیان کردووەو دزەیان کردووەتەناو فڕۆکەخانە، ئەوەش هەڕەشە لە ئاسایشی فڕۆکەوانی دەکات"، هەرچەندە بەرپرسانی سلێمانی ئەوە ڕەت دەکەنەوە.

گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دوای ئەوەهات ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو دوو هێلیکۆپتەری هێزەکانی دژەتیرۆری ڕۆژئاوای کوردستان کە بەڕێوەبوون بۆ سلێمانی "بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایی ئەمنی‌و سەربازیی"، لە پارێزگای دهۆک "بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە" کەوتنەخوارەوەو ٩ شەڕڤان گیانیان لەدەستدا. تورکیا لە هەبوونی هێلیکۆپتەر ئەو پەیوەندییەی نێوان سلێمانی و ڕۆژئاوای کوردستان تەواو نیگەرانە.

ئەوە یەکەمجار نییە تورکیا بە پاساوی پەکەکە گەمارۆی ئاسمانیی دەخاتەسەر سلێمانی، ئەنقەرە بەردەوام لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرپرسانی پەکەکەو ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی نزیک لە پەکەکەی بە ئامانج گرتووە.

"هەر لە دوای داخستنی ئاسمانی توركیا بە ڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا، ئێمە چاوەڕوانی ڕێكاری دیكەمان دەكرد و حكومەتی عێراقی ئاگاداری كردینەوە كە ڕەنگە هەنگاوی نابەجێی دیكە بنرێت" شاڵاو كۆسرەت ڕەسوڵ، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی لە کاتی پێشوازیکردن لە شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی وای وت.

شاندە عێراقییەکە بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی شوێنی هێرشەکەیان لە نزیک فڕۆکەخانە بەسەرکردەوە کە ئاسەواری چاڵێکی گەورەی پێوەدیارە.

سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی بە پەرەگرافی وت، شاندەکە لەسەر داوای ئەوان سەردانی سلێمانی کردووە، "توركیا تۆمەتی ئەوەی داوەتە پاڵ فڕۆكەخانەی سلێمانی كە ژووری ئۆپەراسیۆنی پەكەكە"ی تێدایە، دەمانەوێت بەرپرسانی عێراق بەدواداچوون بکەن و ئەوان ئەو تۆمەتە ڕەت بکەنەوەو بە فەرمیی ئیدانەی تورکیا بکەن و هەڵوێستیان هەبێت چونکە ئەو کارەی تورکیا پێشێلکردنی سەروەریی عیراقە".

دزەکردنی زانیاریی نهێنی بۆ تورکیاو دەستی ناوخۆیی

بەرپرسانی یەکێتی لە سلێمانی نیگەرانن لەوەی چۆن ئەو زانیارییە گەیشتووەتە دەست تورکیا کە مەزڵوم عەبدی لەو شارەیەو لەو ڕۆژەدا دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.

"سەردانەکە زۆر نهێنیی بوو، تەنها ژمارەیەکی کەم لە بەرپرسانی ئەمنیی و هەواڵگریی ئاگاداری بوون، لێکۆڵینەوەی ورد لەبارەی دزەکردنی زانیارییەکان دەکرێت" سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی وای وت.

پەرەگراف لە ڕێی ئیمەیڵەوە چەند پرسیارێکی ئاڕاستەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا کرد کە ئایا لەگەڵ تورکیا ئەوەیان  پشتڕاست کردووەتەوە کە ئەو وڵاتە لە پشت هێرشەکەوە بووبێت؟ هەڵوێستی حکومەتی ئەمریکا چییە لەسەر هێرشەکە و ئەوەی کە سێ کەسی ئەمریکی بەهۆی ئەو هێرشەوە لە دۆخێکی مەترسیداردا بوون؟.

پەرەگراف پرسیاری ئەوەشی کرد کە ئایا ئەمەریکا گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستان و یەکێتی لە سلێمانی کردووە لەبارەی دزەپێکردنی زانیاریی هەبوونی مەزڵوم عەبدی لە سلێمانی بۆ تورکیا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی دوو جار "دەزگایەكی ئەمنیی ناوخۆیی" بە هاوكاریی لە ئەنجامدانی هێرشەكەدا تۆمەتبار كرد.

تاڵەبانی ناوی ئەو دەزگاو لایەنەی نەهێناو زانیاریی لەبارەیەوە ئاشکرا نەکرد کە زانیارییەکانی دزەپێکردووە، بەڵام پێدەچێت ئاماژە بێت بۆ پارتی دیموکرات، پەرەگراف پرسیاری لە چەند بەرپرسێکی باڵای یەکێتی کرد، بەڵام ئەوانیش ئامادە نەبوون ناوی ئەو لایەنە بهێنن.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا، تاساتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە وەڵامی لە پرسیارەکانی پەرەگرافی نەداوەتەوە.

وتەکانی بافڵ تاڵەبانی لە کاتێکدا بوون کە هێرشەكەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی شەڕی ڕاگەیاندنی لە نێوان یەكێتی و پارتی تووندتر کردەوەو چەندین تۆمەتیان ئاڕاستەی یەک کرد.

ڕۆژی ڕووداوەکە جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند "نیگەرانیی خۆمان بەرامبەر بە پەلاماردانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەردەبڕین. ئەم دۆخە ترسناکە لە ئەنجامی داگیرکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و بەکارهێنانیان بو کاری نایاسایی هاتۆتە ئاراوە. رەفتاری دەسەڵاتێکی خۆسەپێنی حزبی لە سنووری سلێمانی کاری گەیاندە ئەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕوکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دابخرێت و دواتر پەلامار بدرێت".

پاشان یەکێتی لە سەرۆکی ئەو حیزبەوە تا جێگری سەرۆکوەزیران و بەرپرسان و فراکسیۆنە پەرلەمانییەکانی و زیاتر لە ١٠ ڕاگەیەندراویان بڵاوکردەوە، کە لەگەڵ ئیدانەی هێرشەکەدا سەرجەمیان هێرش بوون بۆ سەر حکومەتی هەرێم و پارتی.

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی هێرشەكەی بە "كردەی تاوانكاری و بەزاندنی سنووری هەرێم و عێراق بە چاوساغی و ڕێنیشاندانی لایەن و دەزگایەكی ئەمنیی هەواڵگریی ناوخۆیی"، ناوبرد، پاشان لە دوای كۆبوونەوە لەگەڵ قاسم ئەعرەجی دووبارە وتی "هەرگیز چاوەڕێ نەبووین دەزگا ئەمنییەكانی ناوخۆ جێبەجێكەری پلانەكانی بێگانە بن".

هەر لە دوای بەیاننامەكەی وتەبێژی حكومەت، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، وەڵامێكی توندی دایەوە و ڕاگەیاند "بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی ڕوون دەكەینەوە كە جووتیار عادل گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان نییە و تەنها نوێنەرایەتی حزبێك دەكات لەناو حكومەتدا".

لە وەڵامی قوباد تاڵەبانیشدا، وتەبێژی حكومەت، یەكێتیی تۆمەتبار كرد بەوەی كە "ڕێگرە لە كاروباری حكومەت و دامودەزگاكانی و حكومەتی لە سنووری سلێمانی خستۆتە بن هەژموونی ئەجێنداكانی حیزبەكەی". هەروەها جووتیارعادل، قوباد تاڵەبانیی بە "جێگری سەرۆكی حكومەتی بندیوار" ناو برد، ئەوەش لە بەرانبەر بەشدارینەكردنی لە كۆبوونەوەكانی چەند مانگی ڕابردووی ئەنجوومەنی وەزیران بەهۆی نیگەرانییەكانی یەكێتی لە پارتی.

ململانێی ناوخۆیی حیزبیی لە نێوان پارتی و یەکێتی و دەستگەیشتنی وڵاتانی دراوسێ بە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان و توانای ئەنجامدانی هێرش، بە پەرەسەندنێكی ئەمنیی مەترسیدار ئەژمار دەكرێت كە پێشێلكارییە بۆسەر سەروەریی عێراق و هەرێم و خەڵکی نیگەران کردووە، بەبێ ئەوەی هەڵوێست و ڕێکارەکان لە ئاستێکدابن گرەنتی دووبارە نەبوونەوەی ڕووداوی لەو شێوەیە بکەن.