سەرچاوەیەكی ئەمنیی بۆ پەرەگراف: ئامانجی هێرشەكەی فڕۆكەخانەی سلێمانی، مەزڵووم كۆبانی بوو

07-04-2023 10:44

پەرەگراف

ڕووداوی تەقینەوەكەی ئەمڕۆی فڕۆكەخانەی سلێمانی كە وتەبێژی حكومەت بە "پەلامار" و قوباد تاڵەبانی بە "هێرش" و پارێزگارى سلێمانى بە "هێرشى ئاسمانى" ناوی دەبەن، "هۆشداری" بووە و هاوكات بووە لەگەڵ گەڕانەوەی مەزڵووم كۆبانی و ئیلهام ئەحمەد بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، پاش ئەوەی بە سەردانێكی چەند ڕۆژی لە شاری سلێمانی بوون و ژمارەیەك كۆبوونەوەیان ئەنجام داوە. ھەسەدەش ڕەتی دەکاتەوە مەزڵوم کۆبانی کرابێتە ئامانج.

سەرچاوەیەكی ئەمنیی سلێمانی بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئامانجەكە مەزڵووم کۆبانى بوو، بەڵام پێمانوایە وەك پەیامێکی ھۆشداریی و دروستکردنی ترس نەك لێدان بە مەبەستی كوشتن".

مەزڵووم کۆبانى کە بە سەردانێکى نهێنى هاتووەتە سلێمانى، بەپێى سەرچاوەکەى پەرەگراف "لە بارەگای دژەتیرۆری یەكێتی لە بەرامبەر فڕۆکەخانەی سلێمانی، كۆبوونەوەى ھەبووەو ھەر لەوێوە گەڕاوەتەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان".

هەریەك لە مەزڵووم كۆبانی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات و ئیلهام ئەحمەد، سەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری مەجلیسی سووریای دیموكرات (مەسەدە)، چەند ڕۆژێك لە شاری سلێمانی بوون و ئەمڕۆ گەڕاونەتەوە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان.

ھاوکات ناوەندی ڕاگەیاندنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند "ئەو دەنگۆیانەی باس لە بەئامانجگرتنی مەزڵوم عەبدی دەکەن لەسلێمانی دوورن لە ڕاستییەوەو فەرماندەی گشتی ئێستا لەسەرکارەکەیەتی، ئامانجی بڵاوکردنەوەی ئەم ھەواڵانە ئیستیفزازکردنیھەندێک لایەنی سیاسییە لە ھەرێمی کوردستان". ڕاگەیەندراوەکەی ھەسەدە ھیچ ئاماژەیەکی بەوە نەکردووە مەزڵوم کۆبانی لە سلێمانی بووەو ئەمڕۆ گەڕاوەتەوە ڕۆژئاوا یان نا.

بەپێی سەرچاوەكەی پەرەگراف، ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی ڕۆژئاوای كوردستان ژمارەیەك كۆبوونەوەیان لەگەڵ "ئەمریكییەكان و یەكێتی" ئەنجام داوە، بەڵام دیار نییە گفتوگۆكان دەربارەی چی بوون.

سەرچاوەكەی پەرەگراف وتی "دوو بەرپرسەكەی ڕۆژئاوا بە ھێلیکۆپتەرێکی سەربازیی گەڕاونەتەوە ڕۆژئاوای كوردستان".

هەرچەندە هاتنی ئیلهام ئەحمەد بۆ سلێمانی و بەشێك لە كۆبوونەوە و سەردانەكانی بە ئاشكرا بووە، بەڵام هاتنی مەزڵووم كۆبانێ‌ بە نهێنی بووە و زانیاری لەبارەوەیەوە بڵاو نەكراوەتەوە.

پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشێك بۆ سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی، ئەمشەو ئاسایشی فڕۆكەخانەی سلێمانی ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە نزیك سیاجی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تەقینەوەیەك ڕووی دا كە تیایدا هیچ زیانێكی گیانی و ماددی نەبووە و بووە هۆی ئاگر كەوتنەوە.

* لە نزیك سیاجی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تەقینەوەیەك ڕوویدا

لەبارەی ڕووداوەكەوە، هەڤاڵ ئەبووبەكر، پارێزگاری سلێمانی، دەڵێت "ئێوارەی ئەمڕۆ شوێنێكی نزیك لە سنووری دەرەوەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بەر هێرشێكی ئاسمانی كەوت و سوپاس بۆ خودا هیچ زیانێكی گیانی و ماڵیی لێ نەكەوتەوە". 

وتەبێژی حكومەتی هەرێمیش ڕووداوەكەی بە "پەمار" بۆ سەر فڕۆكەخانەكە ناو برد و ئیدانەی كرد، بەڵام هاوكات ڕایگەیاند "ڕەفتاری دەسەڵاتێكی خۆسەپێنی حزبی لە سنووری سلێمانی، كاری گەیاندە ئەوەی ئاسمانی توركیا بە ڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا دابخرێت و دواتر پەلامار بدرێت".

* حکومەتی ھەرێم: ڕەفتاری دەسەڵاتێکی خۆسەپێنی حزبی کاری گەیاندە ئەوەی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی فڕوکەخانەی سلێمانیدا دابخرێت

هەر ئەمشەو قوباد تاڵەبانی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانیی "ئیدانە" و بەیاننامەكەی جووتیار عادلى "شەرمەزار" کرد و دەڵێت "جووتیار عادل گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان نییە و تەنها نوێنەرایەتی حزبێك دەكات لە ناو حكومەتدا".

 * قوباد تاڵەبانی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی "ئیدانە" و بەیاننامەكەی جووتیار عادل "شەرمەزار" دەكات