لە نزیك سیاجی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تەقینەوەیەك ڕوویدا

07-04-2023 08:00

پەرەگراف

ئاسایشی فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە نزیك سیاجی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تەقینەوەیەك ڕوویدا كە تیایدا هیچ زیانێكی گیانی و ماددی نەبووەو بووەهۆی ئاگر كەوتنەوە.

ئاسایشی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەشڵێت "دەستبەجێ تیمەكانی بەرگری شارستانی فڕۆكەخانە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە وئاگرەكەیان كۆنترۆڵ كرد. لە ئێستادا هێزەكانمان سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لە ڕووداوەكە و لە داهاتوودا زانیاری زیاتر بڵاو دەكەینەوە".

"هاوڵاتیان و گەشتیارە بەڕێزەكان ئاگاداردەكەینەوە، كە هیچ گرفتێك لە فڕۆكەخانە نییە و گەشتەكان و کاروبارەکانی فڕۆکەخانە بەشێوەی ئاسایی خۆیان بەڕێوەدەچن" ئاسایشی فڕۆکەخانەی سلێمانی وادەڵێت.

چوار ڕۆژە ئاسمانی تورکیا بە ڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخراوە کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ نیشتنەوە یان بەرزبوونەوە بەکاردەهێنن. بڕیارەکەی تورکیا تا ٣-٧-٢٠٢٣یەو دواتر هەڵسەنگاندنی نوێ دەکەن بەپێی پێشهاتە نوێیەکان بڕیاری دیکە دەدەن.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، "لە چوارچێوەی هەوڵەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی كرێكارانی كوردستانە".

بەوتەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، "چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی زیادیان کردووە و دزەیان کردووەتە ناو فڕۆکەخانە، ئەوەش هەڕەشە لە ئاسایشی فڕۆکەوانی دەکات".

ھاوکات هەڤاڵ ئەبووبەكر، پارێزگاری سلێمانی، داوای لە توركیا كرد پێداچوونەوە بە بڕیارەكەیدا بكات و دەڵێت "دەتوانم دڵنیاییتان پێ بدەم كە سلێمانی‌ و فڕۆكەخانەكەی ئارامن".

پارێزگاری سلێمانی ئەوەش دەخاتە ڕوو كە "گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتەكان لەئارادان".