قوباد تاڵەبانی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی "ئیدانە" و بەیاننامەكەی جووتیار عادل "شەرمەزار" دەكات

07-04-2023 10:16

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی "ئیدانە" و بەیاننامەكەی جووتیار عادل "شەرمەزار" دەكات و دەڵێت "جووتیار عادل گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان نییە و تەنها نوێنەرایەتی حزبێك دەكات لە ناو حكومەتدا".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پەیامێكدا سەبارەت بە ڕووداوی تەقینەوەكەی فڕۆكەخانەی سلێمانی دەڵێت "بە توندی ئیدانەی هێرشكردنە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەكەین. بە ئامانج گرتنی فرۆكەخانەیەكی مەدەنی، نەك تەنها بەزاندنی سیادەی عێراقە، بەڵكوو تەسعیدێكی مەترسیدارە بۆ سەر گیانی هاووڵاتیانی كوردستان".

قوباد تاڵەبانی لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا هێرش دەكاتە سەر جووتیار عادی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم و دەڵێت "بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی ڕوون دەكەینەوە كە جووتیار عادل گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان نییە و تەنها نوێنەرایەتی حزبێك دەكات لە ناو حكومەتدا".

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە بەیاننامەكەی ئەمشەوی جووتیار عادل لەسەر ڕووداوەكەی فڕۆكەخانەی سلێمانی، دەڵێت "بە هیچ شێوەیەك بۆی نییە بە ناوی هەموو حكومەتەوە قسە بكات و دوابەیاننامەشی شەرمەزار دەكەین".

پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشێك بۆ سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی، ئەمشەو ئاسایشی فڕۆكەخانەی سلێمانی ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە نزیك سیاجی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تەقینەوەیەك ڕووی دا كە تیایدا هیچ زیانێكی گیانی و ماددی نەبووە و بووە هۆی ئاگر كەوتنەوە.

* لە نزیك سیاجی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تەقینەوەیەك ڕوویدا

دواتر وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕووداوەكەی بە "پەمار" بۆ سەر فڕۆكەخانەكە ناو برد و ئیدانەی كرد، بەڵام هاوكات ڕایگەیاند "ڕەفتاری دەسەڵاتێكی خۆسەپێنی حزبی لە سنووری سلێمانی، كاری گەیاندە ئەوەی ئاسمانی توركیا بە ڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا دابخرێت و دواتر پەلامار بدرێت".

* حکومەتی ھەرێم: ڕەفتاری دەسەڵاتێکی خۆسەپێنی حزبی کاری گەیاندە ئەوەی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی فڕوکەخانەی سلێمانیدا دابخرێت