حیزبوڵڵای عێراق خۆی بۆ شەڕی دژی ئەمریكا ئامادە دەكات و هۆشداری دەداتە هەرێم

27-02-2026 04:28

پەرەگراف - حیزبوڵڵای عێراق بۆ دووەم جار هۆشداری دەداتە هەرێمی كوردستان دەربارەی "هاوكاریكردنی ئەمریكا" لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەكە. داوا لە چەكدارەكانیشی دەكات خۆیان بۆ "شەڕێكی تاقەتپڕووكێن" دژی ئەمریكا ئامادە بكەن.

گرووپە چەكدارییەكەی نزیك لە ئێران، هەڕەشە لە ئەمریكا دەكات كە ئەگەر جەنگ لە ناوچەكەدا هەڵبگیرسێنێت، ئەوا ڕەنگە "درێژخایەن" بێت و خۆیشی لەبەردەم "زیانێكی گەورەدا دەبینێتەوە كە نە دەتوانرێت كۆنتڕۆڵ بكرێت و نە قەرەبوو بكرێتەوە".

هەرچەندە دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران بەردەوامە و باس لە "بەرەوپێچوون"ـی دەكرێت، بەڵام ئامادەكاریی ئەمریكایش بۆ هێرشكردنە سەر ئێران گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی. ئەگەری پێكدادان هەیە و گرووپەكانی نزیك لە ئێران دەیانەوێت خۆیان بۆ ئەو ئەگەرە ئامادە بكەن. ئەمە دووەم جاریشە لە ماوەی هەفتەیەكدا هۆشداری دەدەنە هەرێم.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی كەتائیبی حزبوڵڵای عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "هۆشداری دەدەینە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دەرەنجامەكانی هاوكاری و ڕێككەوتن لەگەڵ هێزە بیانییە دوژمنكارەكان، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی بارگرانی زیاتر كە ڕەنگە ئاسایش و داهاتووی هەرێم بخاتە مەترسییەوە".

سێ‌ ڕۆژ لەمەوبەریش لە پەیامێكی دیكەدا، ئەبوو عەلی عەسكەری، سەركردەی دیار و بەرپرسی ئەمنی لە كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراق، وتی "ئامادەكارییەكانی ئەمریكا بۆ بە ئامانجگرتنی كۆماری ئیسلامی لە سووریاوە دەست پێ دەكات و بە هەرێمی كوردستانی عێراقدا تێدەپەڕێت، لە ‏ڕێڕەوێكدا كە سروشتێكی وشكانی (زەمینی) وەرگرتووە".‏

ئەبوو عەلی عەسكەری هۆشداریی دا كە "پێویستە كوردانی ناوچەكە ژیرانە مامەڵە بكەن و خۆیان نەگلێنن ‏لە هیچ سەركێشییەكی سەربازی كە ئێرانی ئیسلامی بكاتە ئامانج".‏

لە ڕاگەیەندراوە نوێیەكەدا، حیزبوڵڵای عێراق "هەڕەشەكانی ئەمریكا و جووڵە و كۆكردنەوەی هێزی سەربازی"ـی ئەمریكا بە ئاماژە بۆ "پەرەسەندنێكی مەترسیدار" لە ناوچەكەدا ناو دەبات و دەڵێت "جەخت لەسەر پێویستیی ئامادەباشیی هەموو موجاهیدەكان بۆ جەنگێكی تاقەتپڕووكێن دەكەینەوە".

ڕاگەیەندراوى یەکەمى کەتیبەکانى حیزبوڵڵاى عێراق لە دواى ئەوە هات کە ئەمریکا دەستى کرد بە کشاندنەوەى هێزەکانى لە سووریا بە ‏ئاراستەى هەرێمى کوردستان.‏ هاوکات ڕۆژى ٢٢ـى ئەم مانگە پێنج حیزبى ڕۆژهەڵاتى کوردستان کە بارەگاکانیان لەناو خاکى ‏هەرێمى کوردستاندایە، دواى کۆبوونەوە سەرۆکەکانیان، هاوپەیمانێتییەکیان بۆ خەباتى هاوبەش ‏ڕاگەیاند و "ڕووخاندنى کۆمارى ئیسلامیى ئێران"یان بە ئامانجى سەرەکیى خۆیان ناو برد.‏

هەمان ڕۆژ وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو هەنگاوەى پێنج ‏حیزبەکەى بە "هەڕەشە لە وڵاتێکى دراوسێ" ناو برد و ڕایگەیاند "ڕێگە نادەین هیچ لایەنێک ‏هەرێمى کوردستان لە دژى هیچ وڵاتێکى دراوسىَ بەکار بهێنێت".