بارزانى بە هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار لەم کاتەدا ڕازى نییە؛ هۆشدارى دەداتە سەرکردەکانى شیعە و سوننە

29-03-2026 05:22

پەرەگراف - بارزانى بە ئەنجامدانى کۆبوونەوەى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمارى عێراق لەم هەلومەرجەى ئێستادا، ڕازى نییە و نامەیەک ئاراستەى سەرکردەکانى شیعە و سوننە لە بەغداد دەکات. سەرۆکى پارتى هۆشدارى دەدات کە "پەلەکردن یان سەپاندن، دەبێتە هۆی ئەنجامی پێچەوانە و دابەشبوونی قووڵتر".

چەند ڕۆژێکە هەوڵێک لەناو پەرلەمانى عێراق بۆ ئەنجامدانى دانیشتنى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار و یەکلاکردنەوەى ئەو پرسە دەستى پێ کردووە و زیاتر لە ٢٢٠ واژوو بۆ ئەنجامدانى دانیشتنەکە کۆکراوەتەوە. سەرۆکى پەرلەمانیش پاڵپشتى لە هەوڵەکە دەکات و لەمە زیاتر دواخستنى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار بە "قبووڵنەکراو" وەسف دەکات.

مەسعود بازانى، سەرۆکى پارتى دیموکرات، ٢٨ـى ئەم مانگە نامەیەکى ئاراستەى سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگی (شیعەکان) و سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی (سوننەکان) کردووە، تێیدا ڕایگەیاندووە کە بانگەوازی گرێدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و دواتریش دیاریکردنی سەرۆکوەزیران، "پێویستی بە ڕاوێژی زیاتر هەیە".

بارزانى کە حیزبەکەى براوەى یەکەمى هەڵبژاردنە لەناو لایەنە کوردستانییەکاندا، جارێکى دیکە جەخت لە "ڕەچاوکردنی شایستەی هەموو پێکهاتەکان بەپێی قەبارەی هەڵبژاردنیان" دەکاتەوە.

سەرۆکى پارتى لە نامەکەیدا جەخت لەسەر "چڕکردنەوەی گفتوگۆ دووقۆڵی و فراوانەکان" بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە دەکاتەوە و داوا دەکات لەم کاتەدا خاڵە جێناکۆکەکان وەلا بنرێت، تا "شایستە دەستوورییەکان بەپێی بنەماکانی شەراکەت، هاوسەنگی و تەبایی نیشتمانى" تەواو دەکرێن.

مەسعود بارزانى لەگەڵ ئەوەى کە دەڵێت "ئێمە درک بەوە دەکەین و تێدەگەین کە تا ئێستا لایەنە کوردستانییەکان نەگەیشتوونەتە یەکلاکردنەوەی بژاردەکان بۆ دیاریکردنى کاندیدى سەرۆککۆمار"، بەڵام جەخت لەسەر بۆچوونى پێشووى بۆ یەکلاکردنەوەى کاندیدى سەرۆککۆمار لەناو لایەن و فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکاتەوە.

وەکوو ئاماژەیە بۆ خواستى دواخستنى کۆبوونەوەکە، بارزانى داواى "پشوودرێژی و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانییەکانی وڵات" دەکات و دەڵێت "گفتوگۆی زیاترى نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا پێویستە، بۆ گەیشتن بە چارەسەری کاریگەر و بەردەوام کە ئاسایش و سەلامەتیی وڵات بپارێزێت".

بارزانى نامەکەى خۆى بۆ سەرکردەکانى شیعە و سوننە لە عێراق لەم بارودۆخەدا کە جەنگ ناوچەکەى گرتووەتەوە، بە "پەرۆشی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە گەلی عێراق" ناو بردووە. داوایشى کردووە کە "زمانی لێکتێگەیشتن و هاوکاریی هاوبەش و پابەندبوون بە بنەما دەستوورییەکان زاڵ بکرێت، بۆ پاراستنی عێراق و گەلەکەی لە مەترسییەکانی ئەم جەنگە و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیی ناوخۆیی".