دادگای پێداچوونەوە سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی بادینان پەسەند كرد

27-06-2021 12:40

پەرەگراف

دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بۆ دووەم جار سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكەكەی بادینان پەسەند كرد. پارێزەرانی دۆسیەكە داوا لە سەرۆكی هەرێم دەكەن لێبوردنێكی تایبەت بۆ ئەو پێنج كەسە دەربكات.

هەریەك لە بەشدار حەسەن و هەرێم ڕەفعەت، پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، بۆ پەرەگراف پشتڕاستیان كردەوە كە "دادگای پێداچوونەوە لە ڕۆژی 20-6-2021 بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆسیەی پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكەكەوە داوە و سزاكەی پەسەند كردووە، بەڵام ئەمڕۆ پارێزەرەكان لە بڕیارەكە ئاگادار كراونەتەوە".

بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، بۆ پەرەگراف وتیشی "كاتی خۆی لە كاتی دەستگیركردانی گۆهدار زێباری، لە ماڵیاندا تاپڕێكی ڕاو دەستی بەسەردا گیراوە، لەسەر ئەو تاپڕەش دۆسیەیەكی دیكەیان بۆ كردووەتەوە داوای سزادانی دەكەن بەپێی یاسای چەك".

سەبارەت بەو گۆڕانكارییانەی لە دۆسیەكەدا كراون، بەشدار حەسەن وتی "لە بڕیاری ئەم جارەی دادگای پێداچوونەوە، ناوی كونسوڵخانەكان دەرهێنراوە. پێشتر وتیان پاڵپشتیی ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاكانەیان كردووە بۆ تێكدانی هەرێم، بەڵام ئەم جارە دەڵێن كونسوڵخانەكان ڕۆڵی زۆریان هەبووە لە پاڵپشتیكردنی هەرێم و دنیانیەك وەسفیان كردوون".

"ناوی گوندی (دۆرە)یش لە دۆسیەكە دەرهێنراوە كە پێشتر دادگای پێداچوونەوە وتبووی ئەو كەسانە لەگەڵ كونسوڵی ئەڵمانیا چوونەتە ئەو گوندە"، بەشدار حەسەن وای وت.

بەپێی وێنەیەكی بڕیارەكە كە دەست پەرەگراف كەوتووە، هەرچەندە پارێزەران داوایان كردبوو دۆسیەكە بدرێتە دەستەی گشتیی دادگای پێداچوونەوە كە لە 14 دادوەر و سەرۆكی دادگای پێداچوونەوە پێك دێت، بەڵام سەرۆكی دادگا جارێكی دیكە دۆسیەكەی داوەتەوە بە دەستەی سزایی دووی كە پێشتریش ئەو دەستە سزاكەی پەسەند كردبوو.

سەبارەت بەوەی كە زیندانیان وتیان ئەشكەنجە دراون و لەژێر فشاردا دانپێدانیان لێ‌ وەرگیراوە، "دادگای پێداچوونەوە هیچی نەكردووە".

سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان، داوای لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد كە "لێبوردنێكی تایبەت بۆ ئەو پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسە و ئومێد بەرۆشكی دەربكات"، بەو پێیەی ئەوە دوا هیوایە بۆ ئازادكردنی ئەو كەسانە.

هەروەها ئەو پارێزەرە داوا لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان دەكات كە "لێبوردنێكی گشتی بۆ زیندانیان دەربكرێت" و دەڵێت "لە 2016ـەوە لێبوردنی گشتی دەرنەكراوە، خەڵك هەیە لەسەر شتی زۆر سادە سزای قورس دراوە".

دوای ئەوەی لە قۆناغی یەكەمدا دادگای پێداچوونەوە سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی بادینان پەسەند كرد، ڕۆژی 20-5-2021، تیمی پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، دواتانەیان لە بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە دا و داوای "ڕاستكردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوە"یان كرد، بەڵام پێچەوانەی چاوەڕوانیی پارێزەران، جارێكی دیكە دادگا سزاكەی پەسەند كرد.

دەقی بڕیاری كۆتایی دادگای پێداچوونەوە

* دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان؛ سزای ساڵێك زیندانی بۆ ئومێد بەرۆشكی لەسەر "هاندان بۆ خۆپیشاندان"

* دادگاییكردنی نۆ دەستگیركراوی دیكەی بادینان؛ تۆمەتی وەرگرتنی پاڵپشتی لە چەند وڵاتێك و كازمی دراوەتە پاڵیان

* لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم: كۆتایی بهێنن بە دەمكوتكاری و سەركوتكردن

* پێشێلكارییە یاساییەكانی دۆسیەی حوكمدراوانی بادینان؛ لە زاری دادوەر، پسپۆڕی یاسایی و پارێزەران

* دۆسیەی سزادراوانی بادینان ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە كرایەوە