بازگەی هێزە ئەمنییەكان لە ماڵی لاهور شێخ جەنگی نزیك دەبنەوە

23-08-2021 03:44

پەرەگراف

ئەو بازگە ئەمنییانەی چەند هەفتەیەكە لە دەوروبەری ماڵی لاهور شێخ جەنگی لە گەڕەكی سەرچنار لە سلێمانی دانراون، ئەمڕۆ بە تەواوەتی لە ماڵەكەی نزیك بوونەتەوە. لاهور شێخ جەنگی لە دژی جووڵەی ئەو هێزانە سكاڵای یاسایی لەسەر حكومەتی هەرێم تۆمار دەكات. ئایا هێز دەچێتەسەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی؟ بەرپرسێكی باڵای یەكێتی وەڵامی ئەم پرسیارەی پەرەگراف دەداتەوە.

پەیامنێری پەرەگراف دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بە ناو بازگە ئەمنییەكان‌و بە بەردەمی ماڵی لاهور شێخ جەنگیدا هاتووچۆی كرد، دوو بازگە لە پشتی ماڵەكەی‌و بازگەیەكیش لە بەردەم ماڵەكەی دانراون، بازگەكان دەوروبەری 100 مەتر لە ماڵەكەیەوە دوورن.

ئەو هێزە ئەمنییانەی لە بازگەكاندان، هێزەكانی ئاسایش، پۆلیس‌و پۆلیسی هاتووچۆن، پەیامنێری پەرەگراف بەناو هەرسێ بازگەكەدا ڕۆیشت، هیچیان پرسیاریان لێ نەكردو داوای ناسنامەیان نەكرد.

لە دوای ڕووداوەكانی 8ی تەمموزو تەقینەوەی ناكۆكییەكانی نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكانی یەكێتی، بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی بەشێوەیەكی چڕ بازگەی ئەمنیی لەناو شاری سلێمانیدا دانران بۆ لێپرسینەوە لە چەكی بێمۆڵەت‌و ئۆتۆمبێلی جام ڕەش، بەڵام ئەو بازگانە بەشێوەیەكی كاتیی بەتایبەت لەسەر شەقامی شەست مەتریی دادەنران بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك.

لەو كاتەوە لە چواردەوری گردی سەرچنار كە ماڵی لاهور شیخ جەنگی تێدایە، بە بەردەوامیی بازگەی جێگیر دانراوە، ئەمڕۆ بازگەكان زیاتر نزیكبوونەوە لە ماڵی ئەو هاوسەرۆكەی یەكێتی.

پەیامنێری پەرەگراف، ئەمڕۆ لە ناو حەوشەی ماڵی لاهور شێخ جەنگیدا دەیان كەسی بینی كە زۆرینەیان جلی كوردییان لەبەردا بوو، هیچیان چەكیان بە دەستەوە نەبوو، بەڵام پەرەگراف لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیویەتی، "ئەوكەسانە زۆربەیان چەكدارن، بەڵام چەكەكانیان لابردووە بۆئەوەی دیار نەبێت، زۆریان لەناو ئۆتۆمبێلەكانیان‌و بەشێكیشیان لەناو ماڵ‌و میوانخانەكەی لاهور شێخ جەنگیدا چەكەكانیان داناوە".

ئایا هێز دەچێتەسەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی؟

لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بۆ پەرەگراف وتی "هیچ بڕیارێك نییە هێز بۆ چوونەسەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی جووڵەی پێبكرێت".

لە بارەی نزیكبوونەوەی بازگەكان لە ماڵی لاهور شێخ جەنگی، ئەو بەرپرسەی یەكێتی وتی "بازگەكان بۆ پاراستنی ئەمن‌و ئاسایشی ناوچەكەیە نەوەك ڕووداوی نەخوازراو ڕووبدات، هەروەها بۆ ڕێگرییە لە چوونی خەڵك بە چەكەوە بۆ ماڵی كاك لاهور".

سەرەتای ئەم مانگە ئاڕاستەی ماڵی مام جەلال‌و پشتیوانەكانیان لەناو یەكێتی ئامادەكارییان كرد بە هێزی سەربازیی بچنەسەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی، ئەوەش لە چوارچێوەی تووندتربوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوانیان، بەڵام ئەمەریكییەكان پەیامیان بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان نارد كە هێزی چەكدار لە كێشە ناوخۆییەكانیاندا بەكار نەهێنن، دواتر ئێرانیش هەمان پەیامی هەبووە.

لە دوای ڕووداوەكانی ٨ی تەمموزو گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتی كە بەھۆیانەوە لاھور شێخ جەنگی دەسەڵاتەكانی ڕادەستی بافڵ تاڵەبانی كرد، لە میدیای یەكێتییەوە چەندین تۆمەتی قورس ئاڕاستەی لاهور شێخ جەنگی‌و كەسە نزیكەكانی كران، پاشان لەسەر سكاڵای بازرگانێك فەرمانی دەستگیركردن بۆ لاهور شێخ جەنگی‌و دوو برای دەركرا.

لاهور شێخ جەنگی و براكانی، 18ی ئەم مانگە ئامادەبوون لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە لە سلێمانی، لەسەر ئەو سكاڵایە كە لەسەریان تۆماركراوە بە تۆمەتی "ڕفاندن و لێسەندنی موڵك و ماڵی لەژێر فشارو ھەڕەشەدا"، پاش وەرگرتنی وتەكانیان دادوەر "بڕیاری ئازادكردنی دان".

سەرچاوەیەكی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی بۆ پەرەگراف وتی "هیچ فەرمانێكی دیكە نییە بۆ دەستگیركردنی كاك لاهور یاخود چوونە بەردەم دادگا. كاك لاهور پارێزەرەكانی ڕاسپاردووە لە دژی جووڵەی ئەو هێزانە بەرەو ئاڕاستەی ماڵەكەی، سكاڵای یاسایی لەسەر حكومەتی هەرێم تۆمار بكەن".

لەبارەی داڵدەدانی كەسانێك لە ماڵی لاهور شێخ جەنگیدا كە دادگا داوایان بكات‌و فەرمانی دەستگیركردنیان هەبێت، ئەو سەرچاوەیە وتی "هیچ كەسێك لە ماڵی كاك لاهور داڵدە نەدراوە كە دادگا داوای بكات".

سێ ڕۆژ لەمەوبەر قوباد تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی بە نێوەندگیریی بەرهەم ساڵح لە بەغداد كۆبوونەوە، پەرەگراف دوێنێ ئاشكرایكرد ئەو كۆبوونەوەیە بێئەنجام بووەو كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان ماڵی مام جەلال‌و لاهور شێخ جەنگی وەك خۆیەتی‌و هیچ بەرەوپێشچوونێك بە ئاڕاستەی ڕێككەوتن‌و كۆتاییهێنان بە كێشەكان نییە، بەپێی دوو سەرچاوەی ئاگادار بۆ پەرەگراف.

سەرچاوەكان كە نزیكن لەو دوو ئاڕاستە ناكۆكەی ناو یەكێتی، باسلەوە دەكەن، هەردوولایان سوورن لەسەر هەڵوێست‌و بۆچوونەكانی پێشوویان.