ناسنامەی ئەو كۆچبەرانە ئاشكرا كرا كە لە ژێرئاوكەوتنی بەلەمەكەی نۆكەندی ئینگلیزدا خنكاون

14-12-2021 09:59

پەرەگراف

دەزگای لووتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران لیستی پشتڕاستكراوەی ناوی ئەو كۆچبەرانەی بڵاو كردەوە كە لە ڕووداوی ژێرئاوكەوتنی بەلەمەكەی نۆكەندی ئینگلیزدا خنكاون.

بەپێی ئەو لیستەی دەزگاكە بڵاوی كردووەتەوە، لە كۆی 19 كۆچبەر كە سامپڵ لە كەسوكاریان وەرگیراوە، لە ڕێگەی پشكنینەوە بۆ تەرمەكان ناسنامەی 17یان پشتڕاست كراوەتەوە كە گیانیان لە دەست داوە، دوانی دیكەیش تا ئێستا بێسەروشوێنن.

لە ڕیزی ئەوانەی گیانیان لەدەست داوە، 16یان خەڵكی هەرێمن و كۆچبەرێكیش كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، دوو كۆچبەری سنووری پارێزگای سلێمانییش تا ئێستا بێسەروشوێنن.

چوار لەو كۆچبەرانە كە دایكێك و سێ‌ منداڵن، دانیشتووی قەزای دەربەندیخانن. كەژاڵ ئەحمەد و منداڵەكانی (هەدیە 22 ساڵ، موبین 16 ساڵ و هەستی حەوت ساڵ) چوار مانگ بە ڕێگای قاچاخەوە بوون تا گەیشتنە ئەورووپا، دواجار لە شەوی ڕووداوەكەدا هەوڵیان داوە بگەنە بەریتانیا، بەڵام بەلەمە چووپییەكەیان ژێر ئاو كەوتووە.

لیستى ناوى قوربانییەکانى ڕووداوەکە

پێشتر دەزگای لوتكە و پزیشكی داد لە وڵاتی فەرەنسا لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا وتیان "لە ڕووداوی ژێرئاوكەوتنی بەلەمێكی (چووپ) لە ڕێكەوتی ٢٤-١١-٢٠٢١ لە كەناڵی ئاویی ئینگلیزدا، ٢٧ كۆچبەر تەرمیان لەلایەن هێزی دەریاوانیی فەرەنسییەوە دۆزراوەتەوە. بۆ ناسینەوەی تەرمەكان، تا ئێستا پزیشكی دادی لیل سامپڵی لە كەسوكاری كۆچبەرێك و دەزگای لووتكەیش لە سلێمانی سامپڵی لە كەسوكاری ١٨ كۆچبەر وەرگرتووە كە كەسوكاری یەك كۆچبەریان كوردی ئێرانە".

* تراژیدیای نۆكەندی ئینگلیز؛ خوێناویترین چیرۆكی كۆچبەران

* ڕێگەی هات و نەهات؛ قەیرانەكانی هەرێم هاووڵاتییان سەرگەردانی ڕێگای كۆچ دەكەن