تەرمی ١٦ كۆچبەرە كوردەكە دەگەڕێندرێتەوە هەرێمی كوردستان

21-12-2021 12:08

پەرەگراف

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، تەرمی ١٦ كۆچبەرە كوردەكەی ناو بەلەمە ژێرئاوكەوتووەكەی كەناڵی ئینگلیز لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی هەولێرەوە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی كوردستان.

جووتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، ڕایگەیاند كە تەرمەكان كاتژمێر ٣:٤٥ خولەكی بەرەبەیانی ٢٠٢١/١٢/٢٤ دەگەنە فڕۆكەخانەی هەولێر. هۆكاری درەنگ هێنانەوەی تەرمەكانیشی بۆ "دواكەوتنی پرۆسەی ناسینەوە و پشتڕاستكردنەوەی پەنجەمۆرەكانیان بۆ ماوەی مانگێك" گەڕاندووەتەوە.

وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەڵێت، پرۆسەی ناسینەوەی تەرمەكان "بە هەماهەنگی لە نێوان نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە فەرەنسا، لەگەڵ وەزارەتی داد و ناوخۆ و پۆلیس و تیمی لێكۆڵەرەوەی فەرەنسا" بەڕێوە چووە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، پێشتر ڕەتی كردبووەوە كە پرۆسەی ناسینەوەی تەرمەكان لە ڕێگەی پەنجەمۆرەوە بووبێت و ڕایگەیاندبوو لە ڕێگەی "وەرگرتنی ساپڵ لە كەسوكاریان و لەسەر ڕاسپاردەی نووسنگەی جێگری سەرۆكی حكومەتى هەرێمەوە بووە".

جووتیار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێم، ئاماژەی بەوە كردووە كە هێنانەوەی تەرمەكان "لەسەر ئەركی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان"ـە.

پێشتر دەزگای لووتكە و پزیشكی داد لە وڵاتی فەرەنسا لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا وتیان "لە ڕووداوی ژێرئاوكەوتنی بەلەمێكی (چووپ) لە ڕێكەوتی ٢٤-١١-٢٠٢١ لە كەناڵی ئاویی ئینگلیزدا، ٢٧ كۆچبەر تەرمیان لەلایەن هێزی دەریاوانیی فەرەنسییەوە دۆزراوەتەوە".

دەزگای لووتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕایگەیاندبوو كە سامپڵی لە كەسوكاری ١٩ كۆچبەر وەرگرتووە بۆ ناسینەوەی تەرمەكان. ڕۆژی ٢٠٢١/١٢/١٤یش بەئەنجامگەیشتنی پرۆسەی ناسینەوەی تەرمەكانی ڕاگەیاند و ناسنامەی كۆچبەرە خنكاوەكانی ئاشكرا كرد.

بەپێی ئەو لیستەی دەزگاكە بڵاوی كردووەتەوە، لە كۆی ١٩ كۆچبەر كە سامپڵ لە كەسوكاریان وەرگیراوە، لە ڕێگەی پشكنینەوە بۆ تەرمەكان ناسنامەی ١٧یان پشتڕاست كراوەتەوە كە گیانیان لە دەست داوە، دوانی دیكەیش تا ئێستا بێسەروشوێنن.

لە ڕیزی ئەوانەی گیانیان لەدەست داوە، ١٦یان خەڵكی هەرێمن و كۆچبەرێكیش كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، دوو كۆچبەری سنووری پارێزگای سلێمانییش تا ئێستا بێسەروشوێنن.

چوار لەو كۆچبەرانە كە دایكێك و سێ‌ منداڵن، دانیشتووی قەزای دەربەندیخانن. كەژاڵ ئەحمەد و منداڵەكانی (هەدیە ٢٢ ساڵ، موبین ١٦ ساڵ و هەستی حەوت ساڵ) چوار مانگ بە ڕێگای قاچاخەوە بوون تا گەیشتنە ئەورووپا، دواجار لە شەوی ڕووداوەكەدا هەوڵیان داوە بگەنە بەریتانیا، بەڵام بەلەمە چووپییەكەیان ژێر ئاو كەوتووە.

* تراژیدیای نۆكەندی ئینگلیز؛ خوێناویترین چیرۆكی كۆچبەران

حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت "وێڕای ئاراستەكردنی پرسە و سەرەخۆشی بۆ كەسوكاری ئەو قوربانییانە، داوا لە هاونیشتمانیانی خۆشەویست دەكەین كە نەكەونە داوی كەسانێك كە بازرگانی بە مرۆڤەوە دەكەن".

*ڕێگەی هات و نەهات؛ قەیرانەكانی هەرێم هاووڵاتییان سەرگەردانی ڕێگای كۆچ دەكەن