لایەنەكانی هەرێم لەسەر پێكهاتەی كۆمیسیۆن، یاسای هەڵبژاردن و دەستوور ناكۆكن

08-02-2022 05:47

پەرەگراف

فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان بەبێ‌ سەرۆكایەتیی پەرلەمان كۆبوونەوەیەكی لێكتێگەیشتنیان سەبارەت بە كۆمیسیۆن، هەڵبژاردن و دەستوور ئەنجام دا. لایەنەكانی هەرێم لەسەر پێكهاتەی كۆمیسیۆن، یاسای هەڵبژاردن و دەستوور ناكۆكن

ڕووپاك ئەحمەد، ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "سەبارەت بە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، پارتی دیموكرات داوا دەكات دوو تا سێ‌ ئەندام لە پێكهاتەكان بۆ ئەنجوومەنی كۆمیسیاران زیاد بكرێت، كۆمەڵ و یەكێتی و هەندێک لایەنی دیكەیش داوا دەكەن بە هەمان پێكهاتەی ئێستا بێت كە تێیدا مافی پێكهاتەكانیش ڕەچاو كراوە و دوو ئەندامی توركمان و مەسیحی هەن".

پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی دادگەری بۆ پەرەگراف دەڵێت "دەستكاریكردنی پێكهاتەی كۆمیسیۆن دەبێتە هۆی دواكەوتنی هەڵبژاردن، چونكە پێویستی بە هەمواری یاساكەی هەیە و پەرلەمانیش لە یەكی سێ‌ دەست بە كۆبوونەوەكانی دەكاتەوە".

ئەمە لە كاتێكدایە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا كە 6-9-2022ـە، دەبێت شەش مانگ بەر لەوە و لە 6-3-2022 كۆمیسیۆن بۆ ئامادەكاریی هەڵبژاردن ڕابسپێردرێت.

ڕووپاك ئەحمەد ئاماژەی بەوە كرد كە "پەرلەمان تەنیا پێنج ڕۆژی لەبەردەستدا دەبێت بۆ هەمواركردنەوەی یاسای كۆمیسیۆن، كە ئەو ماوەیە زۆر كەمە و پێویستی كاتی زیاترە".

پێشتر هێمن هەورامى، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە پشکى پارتى، ڕایگەیاند کە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە كاتی خۆیدا دەكرێت‌ و پارتی لەگەڵ ئەوەدایە یاسای هەڵبژاردن وەكوو خۆی بمێنیتەوە، كوردستان یەك بازنە‌ و هەڵبژاردن بە لیستی نیمچەكراوە بێت.

* هەڵبژاردنی پەرلەمان 'لەكاتی خۆیدا دەكرێت'‌و پارتی داوادەکات كوردستان یەك بازنە بێت

لای خۆیشیەوە پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند كە "پارتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە لە وادەی خۆی و بە یەك بازنەیی". هەندێك لایەنیشی تۆمەتبار كرد بەوەی كە "بە پاساوی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، دەیانەوێت هەڵبژاردنەكان دوا بخەن".

سەبارەت بە بۆچوونی هەندێك لایەنیش بۆ دەستكاریكردنی یاسای هەڵبژاردن و بۆ كەمكردنەوەی كورسیی پێكهاتەكان، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت "پارتی بە هیچ شێوەیەك قبووڵی ناكات دەست بۆ مافی پێكهاتەكان ببرێت".

دوای كۆبوونەوەی فراكسیۆنەكان، عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا وتی "ئەو لایەنەی كە داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەكات، هیچ لایەنێك بۆی نییە تۆمەتباری بكات بەوەی كە دەیەوێ‌ هەڵبژاردن دوابخات، چونكە ئەگەر بویسترێت و پەلەی لێ‌ بكەین، دەتوانرێت یاساكە هەموار بكرێتەوە و لەسەر كۆمیسیۆنیش ڕێك بكەوین".

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ وتیشی "وەكوو كۆمەڵ بەلامانەوە ئاساییە ئەم كۆمیسیۆنەی ئێستا هەڵبژاردن بەڕێوە ببات، یاخود بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردنی 2018 ئەندامەكانی دابەش بكرێتەوە".

"سەبارەت بە دەستوور، بەپێی یاسای ژمارە چواری ساڵی 2015، لیژنەی دەستوور لە 21 كەس پێك دێت، ئەمڕۆ باسی ئەوە كرا كە هەندێك لایەن و پێكهاتەی دیكەی تێدا بێت، پێویستی بە هەمواری یاساكەی هەیە"، عەبدولستار مەجید وای وت.

هاوكات شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو، ڕایگەیاند كە "دوو بۆچوون سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان: هەندێك پێیان وایە كە سازان و گفتوگۆ و ڕێككەوتن لەسەر یاسای هەڵبژاردن، كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن و لیژنەی نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستوور بكرێت، پاشان ببرێتە هۆڵی پەرلەمان، كە ئەوە ڕێككەوتنە لەسەر حیسابی بەفیڕۆدانی كات و ئەوكاتە بە دڵنیایی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ناكرێت".

"بۆچوونی دووەم ئەوەیە كە ئێمە داوامان كردووە بە زووترین كات كۆبوونەوەی پەرلەمان ساز بكرێت ك بەرنامەی كارەكەی بریتی بێت لەم سێ‌ پرسە، بڕیاری پێویست دەربكرێت بۆ كاراكردنەوەی هەڵبژاردن بە هەندێك گۆڕانكارییەوە، بۆ پێكهێنانی لیژنەی نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستوور و بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن"، شێركۆ جەودەت وای وت.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو وتیشی "ئەوەی بەلای یەكگرتووەوە گرنگە، ئەوەیە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا و بە پاك و بێگەردی و ئامادەیی نەتەوەیەكگرتووەكان بەڕێوە بچێت". ڕوونیشی كردەوە كە یەكگرتوو لەگەڵ فرەبازنەییە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هاوشێوەی هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق.

ڕۆژی 16-11-2021یش جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ پرۆژە و پێشنیازی خۆی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن ڕاگەیاند. كەمكردنەوەی كورسیی پێكهاتەكان، هەڵبژاردنی كۆمسیۆنێكی "سەربەخۆ و دوور لە پشكپشكێنەی حیزبی"، هەڵبژاردنی ئەلیكترۆنی و ژماردنەوەی دەستیی سەرجەم دەنگەكان، هەڵبژاردنی نۆ دادوەری بێلایەن بۆ ئەنجومەنی كۆمیسیاران بەشێكن لە پرۆژەی جووڵانەوەكە.

* نەوەی نوێ‌ بۆچوونی خۆی دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن ڕاگەیاند

هەروەها رۆژی چوارشەممە 5/1/2022، شەش حیزب و لایەنی سیاسیی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی حیزبی شیوعی كوردستان لە شاری هەولێر كۆبوونەوە. سەبارەت بە دەستوور، یاسای هەڵبژاردن و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان گفتوگۆیان كرد و لەسەر كۆی پرسەكان هاوڕابوون و لەم خاڵانەی خوارەوەدا:

1-دەستوور: پرسی دەستوور پرسێكی نیشتمانییە و پێویستە لەم ساڵدا یەكلا بكرێتەوە و ببینە خاوەن دەستووری خۆمان و ساڵی 2022 بكەینە ساڵی دەستووری كوردستان.

2-هەڵبژاردن: جەخت دەكەینەوە لەسەر ئەوەی پێویستە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت.

3-یاسای هەڵبژاردن: یاسای هەڵبژاردن یاسایەكی گونجاوە بۆ واقیعی كوردستان و پێویستە وەك خۆی بمێنێتەوە و دەستكاری نەكرێت.

4-كۆمیسۆنی هەڵبژاردن: پێویستە كۆمیسۆنی هەڵبژاردن لە كەسانی یاسایی و تەكنۆكرات پێكبێت و سەربەخۆو پیشەییانە كارەكانی خۆی رایی بكات و سەرپەرشتی پرۆسەی هەڵبژاردن بكات.

لایەنەكان:

1-بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان

2-حزبی زحمەتكێشانی كوردستان

3-حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان

4-یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

5-پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان

6-حزبی شیوعی كوردستان