ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشكی بە مەرج ئازاد دەكرێت

22-02-2022 01:59

پەرەگراف

ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشكی، كە یەكێك بوو لە دەستگیركراوانی بادینان، پاش تەواوكردنی "سێ‌ بەش لە چوار بەشی سزاكەی" لە زیندان، بڕیارە ئەمڕۆ بە مەرج ئازاد بكرێت.

ڕێڤینگ یاسین، پارێزەری ئومێد بەرۆشكی، بە پەرگرافی وت "لەلایەن دادگای تاوانی دهۆكەوە بڕیاری ئازادكردنی ئومێد بەرۆشكی دەرچووە. ئەگەر لەلایەن هیچ دەزگایەكی دیكەوە داوا نەكرابێت، ئەمڕۆ ئازاد دەكرێت".

ئەو پارێزەرە وتیشی "بەپێی كیتابی داواكاری گشتی و چاكسازیی زەركا، ئومێد بەرۆشكی هیچ داوایەكی لەسەر نییە و سلوكی لە زیندان باش بووە، بۆیە وتوویانە لاریمان نییە لەوەی ئازاد بكرێت".

ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشكی بە چەند بڕیارێكی دادگا و لەسەر دۆسیەی جیاواز، سزای 30 مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرابوو، لە ئێستادا 23 مانگی سزاكەی تەواو كردووە و پارێزەرەكەی دەڵێت "حەق وایە ئازاد بكرێت".

ئازادكردنەكەی بەرۆشكی بە مەرجی ئەوە دەبێت كە تا ئەو حەوت مانگەی زیندانیكردنەكەی تەواو دەبێت كە ماوە، سەفەر نەكات و لە كوردستان بمێنێتەوە.

* ئومێد بەرۆشكی سزای ساڵێكی دیكە زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا

* دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان؛ سزای ساڵێك زیندانی بۆ ئومێد بەرۆشكی لەسەر "هاندان بۆ خۆپیشاندان"