توركیا ڕێگری لە گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان فڕۆكەخانەی سلێمانی و ئەڵمانیا دەكات

06-04-2023 06:42

پەرەگراف

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هەڵوەشانەوەی گەشتێكی ئاسمانیی لە نێوان ئەڵمانیا و فڕۆكەخانەی سلێمانی بەهۆی ڕێگری توركیاوە ڕاگەیاند.

توركیا جگە لە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان لە نێوان خۆی و سلێمانی، ئاسمانی وڵاتەكەیشی بە ڕووی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا داخستووە.

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە ئاگادارییەكدا دەڵێت "ئاگاداری گەشتیارانی گەشتی ژمارە (DE 827) لە نێوان (دۆسلدۆرف ــ سلێمانی ــ دۆسلدۆرف) دەكەین، بەهۆی پێنەدانی ڕەزامەندی بە تێپەڕبوونی فڕۆكەی هێڵی ئاسمانیی كۆندۆر بەسەر ئاسمانی توركیادا، گەشتی كۆمپانیای ناوبراو هەڵوەشاوەتەوە".

فڕۆكەخانەی سلێمانی ڕایگەیاندووە کە تورکیا بڕیارى داوە تا ٣-٧-٢٠٢٣ داخستنى ئاسمانى وڵاتەکەى بە ڕووى گەشتەکانى فڕۆکەخانەکەدا تابەردەوام بێت. هاوکات دڵنیایی دەدات كە "فڕۆكەخانەمان لە ڕێگای كەناڵی پەیوەندییە ڕەسمییەكانەوە لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە و ئاساییكردنەوە گەشتەكان".

سێ ڕۆژە ئاسمانی تورکیا بە ڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخراوە کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ نیشتنەوە یان بەرزبوونەوە بەکار دەهێنن. بڕیارەکەی تورکیا تا ٣-٧-٢٠٢٣یەو دواتر هەڵسەنگاندنی نوێ دەکەن بەپێی پێشهاتە نوێیەکان بڕیاری دیکە دەدەن.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، "لە چوارچێوەی هەوڵەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی كرێكارانی كوردستانە".

بە وتەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، "چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی زیادیان کردووە و دزەیان کردووەتە ناو فڕۆکەخانە، ئەوەش هەڕەشە لە ئاسایشی فڕۆکەوانی دەکات".

ئەمڕۆ هەڤاڵ ئەبووبەكر، پارێزگاری سلێمانی، داوای لە توركیا كرد پێداچوونەوە بە بڕیارەكەیدا بكات و دەڵێت "دەتوانم دڵنیاییتان پێ بدەم كە سلێمانی‌ و فڕۆكەخانەكەی ئارامن".

پارێزگاری سلێمانی ئەوەش دەخاتە ڕوو كە "گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتەكان لەئارادان".