فراكسیۆنی یەكێتی زیادكردنی بڕگەی كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن بۆ كارنامەی دانیشتنی سبەینێ ڕەت دەكاتەوە

21-05-2023 09:47

پەرەگراف

فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، زیادكردنی بڕگەی كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن بۆ كارنامەی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان ڕەت دەكاتەوە و بە "هەنگاوی تاكلایەنەی پارتی" ناو دەبات. دەشڵێت "دەبێتە ھۆی تێكدانی بنەمای سازانی نیشتمانی".

فراكسیۆنەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "جارێكی تر پارتی نوێنەری بەناو پێكھاتەكانی لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەكار ھێناوە بۆ واژووكردن لەسەر بابەتێكی ناپەیڕەوی، ئەمەش ھەنگاوێكە بە ئاڕاستەی قووڵكردنەوەی ململانێی سیاسی".

ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان بەبێ‌ واژووی سەرۆكی پەرلەمان و تەنیا بە واژووی جێگری سەرۆك و سكرتێری پەرلەمان، كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و دەنگدان لەسەر پاڵێوراوان بۆ ئەنجوومەنی كۆمسیارانی بۆ بەرنامەی كاری سبەینێی خۆی زیاد كرد.

"زیادكردنی بڕگەیەك بۆ بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمان لە ڕۆژی (٢٢-٥-٢٠٢٣) تەواو ناپەیڕەوی و نایاساییە و ئەو كارە پێچەوانەی ڕێكەوتنی سیاسیی نێوان ھێزە سیاسییەكان و فراكسیۆنەكانی پەرلەمانە"، فراكسیۆنی یەكێتی وا دەڵێت.

فراكسیۆنەكە ڕوونی دەكاتەوە كە "ئەم ھەنگاوە تەواو ناپەیڕەوییە و پێچەوانەی ماددەی (٤٨)ی بڕگەی (٤) لە پەیڕەوی ناخۆی پەرلەمانی كوردستانە، لەبەر ئەوەی (٢٤) كاتژمێری تەواو بەر لە دانیشتنی پەرلەمان ڕانەگەیەندراوە، ھاوكات پێچەوانەی ڕێكەوتنی سیاسیی نێوان ھێزە سیاسییەكان و فراكسیۆنەكانی پەرلەمانە كە پرسی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، دوو پرسی نیشتمانین دەبێت دوای ڕێكەوتن و سازانی ھێزە سیاسییەكان ھاوتەریب بەیەكەوە بخرێنە بەرنامەی كار و كاریان لەسەر بكرێت".

فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، لەگەڵ "بە تەواوی" ڕەتكردنەوەی ئەو هەنگاوە، دەشڵێت "ئۆباڵی لێكەوتەكانی دەخەینە ئەستۆی ئەنجامدەرانی".

زیادکردنی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بۆ بەرنامەی کاری سبەینێی پەرلەمان، داواکاریی فراکسیۆنی پارتی بوو کە ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا خستیە ڕوو. فراکسیۆنەکە داوای کرد هەمواری یاسای هەڵبژاردنیش بخرێتە هەمان بەرنامەی کارەوە، بەڵام ئەمەیان زیاد نەکراوە.

ئەو هەنگاوەی پەرلەمان لە کاتێکدایە هێشتا پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی هەڵبژاردن نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەمڕۆش مەکتەبی سیاسیی ئەو دوو حیزبە بۆ ئەو مەبەستە کۆبوونەوە.

لە دوای کۆبوونەوەکەیان، مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا وتیان، قسە لەسەر چەند دۆسیەیەک کراوە، لەوانەش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە کاتی خۆیدا، هەروەها "لێكتێگەیشتنی ئەرێنی بۆ زۆر لە پرسەكان هەبوون".

پەرەگراف پێشتر بڵاوی کردەوە، ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پێکی هێنا، کارەکانی تەواو کردووە و سی ڤیی كاندیدەكانی بۆ ئەنجوومەنی کۆمسیاران ڕەوانەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە.

عەباس فەتاح، نوێنەری یەكێتییە لەو لیژنەیەدا و بۆ پەرەگراف ئەوەی ڕوون كردەوە کە لە کۆی ٨٧ سی ڤی، تەنیا ٣٥ دانەیان مەرجەکانیان تێدا نەبووە، ئەوانی تر بە نووسراوێک ئاڕاستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراون.

لیژنەکەی پەرلەمانی کوردستان جگە لە عەباس تۆفیق، هەریەك لە بژار كۆچه‌ر، نوێنه‌ری پارتی و به‌ڵێن ئیسماعیل، نوێنه‌رى گۆڕان و ڕوبینه‌ ئوملیك، نوێنه‌رى مەسیحییەکان و سارا دڵشاد چاوشلی، وه‌كوو نوێنه‌رى توركمانی تێدایە.

"کەی لایەنە سیاسییەکان کۆک بوون لەسەر پرسی هەموارکردنەوەی کۆمسیۆن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، ئەوکات پەرلەمان دانیشتن لەسەر ئەو پرسە دەکات"، عەباس فەتاح وای وت.

نوێنەرەكەی یەكێتی وتیشی، پارتی و یەکێتی ڕێکكەوتن کۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر کاراکردنەوەی كۆمسیۆن نەکرێت، تا لەسەر پرسی هەڵبژاردن بە گشتی دەگەنە ڕێکكەوتن.