سەرچاوەیەکی بەرپرس: بە کاتیۆشا هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر

25-01-2024 11:13

پەرەگراف

ئەمشەو بە کاتیۆشا هێرشکرایەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و ئاگر کەوتەوە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس و ئاگادار بە پەرەگرافی وت "کاتژمێر 10:30 خولەک، بە یەک کاتیۆشا هێرشەکە کراوەو لە تانکیەکی کۆندەنسەیتی داوەو ئاگر کەوتووەتەوەو تیمەکانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن".

"هێرشەکە زیانی گیانی نییەو کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی گاز نییەو بەرهەمهێنان بەردەوامە" سەرچاوەکە وای وت.

پێشتریش سەرچاوەیەک لە کێڵگەکە بە پەرەگرافی وت "هێرشەکە بە درۆن بووەو لە نێوان تاوەری سێ و چواری حەرەسیاتی داوەو زیانی گیانی نییە".

كۆرمۆر گەورەترین كێڵگەی گازی ھەرێمی كوردستانە و كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی كاری تێدا دەكات. گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر‌، چەمچەماڵ و بازیان دابین دەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.

کۆرمۆر لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک بە مووشەک ھێرشی کراوەتەسەرو زیانی ماددی و ئاگرکەوتنەوەی بەدواوە بووە، ھێشتا بە فەرمیی بەرپرسیاران و ھۆکاری ئەو ھێرشانە ئاشکرا نەکراون.

دوو مانگ لەمەوبەر وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، کارەکانی هێڵی گواستنەوەی گازی کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ بۆ وێستگەیەکى کارەبا لە کەرکوک کۆتاییهاتووە.

ئەوە لەکاتێکدایە گازی ئەو کێڵگەیە بەشێکە لە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و، پارتی دەیەوێت هەناردەی تورکیا بکرێت و یەکێتی بەربەستی بەردەم ئەو خواستەی پارتییە.

هێشتا گازی کێڵگەی کۆرمۆر هەناردەی کەرکوک نەکراوەو تەنها ڕاکێشانی بۆریی گواستنەوەی گازەکە تەواو بووە، وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، درێژی بۆرییەكە (1050) مەترە‌و ڕۆژانە توانای گواستنەوەی ١٠٠ ملیۆن پێ سێجا گازی هەیە.

تورکیا کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ پارتی هەیە بە تایبەت لە پرسی نەوت و گازدا، چاوی لە گازی کێڵگەکەی کۆرمۆرەو ئەو دۆسیەیە بەشێک بوو لە کۆبوونەوەی سەرەتای ساڵی ڕابردووی نێوان نێچیرڤان بارزانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئەنقەرە.

سەرۆکایەتی هەرێم دوای ئەو کۆبوونەوەیە ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان، جه‌ختيان لە سوود وه‌رگرتن له‌و‌ ده‌رفه‌تانهکردەوە کە لە بوارى وزه‌دا هاتوونه‌ته‌ ئاراوەو ‏ده‌كرێت ڕۆڵى كاراى هه‌بێت له‌ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و بۆشايى و پێويستييه‌ى له‌ ‏جيهان و به‌تايبه‌تى له ‌ئه‌وروپا له‌ بوارى وزه‌ و گازى سروشتيدا دروست بوون.

هەر بە ئامانجی گواستنەوەی گازی کێڵگەی کۆرمۆر و هەناردەکردنی بۆ تورکیا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پڕۆژەی دروستکردنی هێڵی گواستنەوەی گازەکەی بۆ تورکیا دەستپێکرد، ئەوەش یەکێتی نیگەران کردو بە ئاشکرا دژی وەستایەوە.

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت، تیشکی ختەسەر ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە کەرتی وزەو هەماهەنگیی و نزیکبوونەوەی یەکێتی لەگەڵ بەغداد بەتایبەت دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی لە شوبانی ٢٠٢٢دا یاسای نەوت و گازی هەرێمی هەڵوەشاندەوەو بڕیاریدا نەوتی هەرێم ڕادەستی بەغداد بکرێت.

بافڵ تاڵەبانی بە ڕوونیی پەردەی لەسەر ناکۆکییەکانیان لەگەڵ پارتی لادا لەبارەی پڕۆژەی دروستکردنی بۆریی هەناردەی گازی سروشتی کێڵگەی کۆرمۆر کە دراوە بە کۆمپانیای کارگروپ نزیک لە پارتی، سەرۆکی یەکێتی بە شەخسیی دژی ئەو پڕۆژەیە وەستایەوەو وتی: بەبێ هیچ پڕۆسەیەکی تەندەر پێی دراوە.

کێڵگەی کۆرمۆرو سەرچاوەی گازەکە لە ناوچەی حکومڕانی یەکێتیدایەو ئەو حیزبە بوو بە بەربەست لەبەردەم ئەو پڕۆژەیەداو هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی ڕێگەیان بە کارکردنی کۆمپانیاکە نەداو پڕۆژەکەیان سڕ کرد.