پەرەگراف
دامەزراوەی میدیایی پەرەگراف بە خۆشحاڵییەوە خوێنەرانی ئاگادار دەكاتەوە، بۆ سێیەمینجار سەركەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی پاڵپشتی دارایی لە سندوقی نیشتمانی ئەمەریكی بۆ دیموكراسی كە لەژێر دروشمی "پاڵپشتیی ئازادی لەسەرتاسەری جیهاندا" كار دەكات.
لە چوارچێوەی بەدەستهێنانی ئەو پاڵپشتییە داراییەدا كە بڕەكەی (١٠٤,٠٠٠$ سەدو چوار هەزار دۆلارە) بۆ ماوەی دوو ساڵ(٢٠٢٤-٢٠٢٦)، پەرەگراف بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونی وردو بنکۆڵکاریی و کارە ڕۆژنامەوانییەکانی لە هەردوو بەشی كوردیو ئینگلیزی ماڵپەڕەكەی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
سندوقی نیشتمانی ئەمەریكی بۆ دیموكراسی(NED) لە ساڵانی ٢٠٢١ تا ٢٠٢٤ بە بڕی (١٤٩,٠٠٠$ سەدو چل و نۆ هەزار دۆلار) پاڵپشتی دارایی پەرەگرافی کردووە، سندوقەکە ڕێكخراوێكی ناحكومی ئەمەریكییە لە ساڵی ١٩٨٣ لە واشنتن دامەزراوە بە ئامانجی پەرەپێدانی دیموكراسی لە دەرەوە.
ڕێكخراوەكە كار دەكات بۆ پاڵپشتیكردنی دیموكراسی، بەرگریكردن لە مافی مرۆڤو هاندانی گەشەپێدانی كۆمەڵگای مەدەنی لە وڵاتە جیاوازەكانی جیهاندا و پاڵپشتیی چەندین پڕۆژەو میدیای دیكە لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەکات.
پەرەگراف وەك میدیایەكی سەربەخۆ لەژێر دروشمی "بنەمای پەرەگراف متمانەیە" ئێستا لە هەشتەمین ساڵی كاركردنیدایە، ئەمە پێنجەمینجارە سەركەوتوو دەبێت لە بەدەستهێنانی متمانەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانو پاڵپشتی دارایی دەكرێت.
ساڵی ٢٠١٨ تۆڕی نێودەوڵەتی ئۆپن سۆسایەتی(Open Society Foundations) كە بارەگای سەرەكی لە شاری نیویۆركی ئەمەریكایە، پاڵپشتی دارایی پەرەگرافی كرد بۆ ماوەی یەك ساڵ بە بڕی (٢٤,٠٠٠$ بیست و چوار هەزار دۆلار).
هاوكات لەگەڵ بەدواداچوونو كارە ڕۆژنامەوانییەكانیدا، پەرەگراف كاردەكات بۆ باشكردنی ژینگەی كاری ڕۆژنامەوانییو بەرزكردنەوەی ئاستو توانای ڕۆژنامەنووسان، لەو چوارچێوەیەشدا ساڵی ٢٠٢٠ خولێكی چڕی ڕاهێنانی ڕۆژنامەوانی كردەوە بۆ ١٢ ڕۆژنامەنووس كە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستانەوە بەشداربوون، خولەكە ماوەی ٣ مانگی خایاند بە پاڵپشتی دارایی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە ڕێی كونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر بە بڕی (٢١,٠٠٠€ بیست و یەک هەزار یۆرۆ).
سەربەخۆیی پەرەگراف كە هۆكاری سەرەكیی متمانە پێكردنییەتی، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت بە پارەی خاوەن ئیمتیازو سەرنووسەرەكەی دامەزراوە كاتێك لە ساڵی ٢٠١٧دا ئۆتۆمبێلێكی خۆی فرۆشتووە بۆ دامەزراندنی ماڵپەڕەكە، پاشان سەرچاوەی داهاتی پەرەگراف زیاتر پشت بەستن بووە بە بەدەستهێنانی پاڵپشتی دارایی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بەو متمانەیەی کە هەیەتی، پەرەگراف لە میانی كاركردنیدا ڕەچاوی بنەما ئەخلاقیو پیشەییەكانی كاری ڕۆژنامەوانی دەكات لەوانەش؛ هاوسەنگی، ڕاستگۆیی، وردبینی و بەویژدانی.