قوباد تاڵەبانی: بە‎ ‎دەستێكی پۆڵایین ڕووبەڕووی هەموو لەیاسادەرچوویەك دەبینەوە

19-02-2024 05:23

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی دەڵێت "بە‎ ‎دەستێكی پۆڵایین ڕووبەڕووی هەموو لەیاسادەرچوویەك دەبینەوە و ئەو ‏دەستانە لەناو دەبەین كە سەرانە لە وەبەرهێنەرانمان بەتایبەتی و هاووڵاتیانمان بەگشتی ‏وەردەگرن".‏ جەختیش دەكاتەوە كە "ستراتیژمان بەهێزكردنی كەرتی تایبەتە"‏.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ سەردانی ژووری بازرگانیی پارێزگای ‏سلێمانیی كرد و پشتگیری بۆ دووپات كردنەوە و ڕایگەیاند "چیتر بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادەین ‏هیچ كەس و لایەنێك لە ڕێگەی سەرانەوەرگرتن یان هەر هەوڵێكی هاوشێوەی دیكە، كێشە و گرفت ‏بۆ وەبەرهێنەر و بازرگانان دروست بكات".‏

قوباد تاڵەبانی وتیشی "ستراتیژی ئێمە بەهێزكردنی كەرتی تایبەتە، هەر بۆیە بە هەموو تواناوە ‏پشتگیریی بازرگان و وەبەرهێنەران دەكەین، لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت ڕاسپێردراون ‏هەموو جۆرە كارئاسانییەك بكەن لەپێناو كەمكردنەوەی ڕۆتین لەبەردەم كارەكانیان".‏

یەكێتی حیزبی حوكمڕانە لە سلێمانی و لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار ڕووبەڕووی ڕەخنە ‏بووەتەوە لەسەر پارەسەندن لە سەرمایەداران، لە بەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی ئەو حیزبە ‏چەند جارێك ڕایگەیاندووە، ڕووبەڕووی هەموو ئەوانە دەبێتەوە كە "پارەو سەرانە لە سەرمایەداران ‏دەسەنن" و بە "مافیا" ناوی بردوون، بافڵ تاڵەبانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو كەسانەی بە ئیشی ‏خۆی ناو بردووە و جەختی لە سەروەریی یاسا كردووەتەوە‎.‎

هەفتەی ڕابردوو ماڵ و دیوەخانی بەرپرسێكی سەربازیی یەكێتی بە ناوی "كوێخا دێرین عوزێری" ‏لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە تەقێندرایەوە و خاپوور كرا، كە تۆمەتبار كرابوو بە ‏‏"سەرانەوەرگرتن" لە سەرمایەدارێكی شاری سلێمانی و تەقەكردنیش لەو سەرمایەدارە لەلایەن دوو ‏چەكداری سەر بەوەوە.‏

دواتر ئەكرەم عەبدوڵڵا، سەرۆكی ‏عەشیرەتی سمایل عوزێري، ‏لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "ئەم كوڕەی ئێمە ئەرك و دەوامی لەناو دەسەڵات و ‏پێگە سەربازییەكاندا بووە و فەرمانی لەوێوە وەرگرتووە، چەك و ‏جبەخانەی ئەوانی پێ‌ بووە و ئەوان ئاگایان لە هەڵسوكەوتەكانی بووە، ‏بەڵام بەداخەوە ئێمەیان كردووە بە واجیهە".‏