نەوەی نوێ‌ لیسی ناوی كاندیدەكانی پێشكەش بە كۆمیسیۆن كرد

31-03-2024 07:06

پەرەگراف

جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ پێشكەشكردنی لیسی ناوی كاندیدەكانی بە كۆمیسیۆن ڕاگەیاند و دەڵێت "ئێمە تاكە هێزین كە ئامادەی هەڵبژاردنین و لێی ناترسین و دوای هیچ هێز و لایەنێكی تر ناكەوین".

نەوەی نوێ‌ ڕایگەیاندووە، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان "١٠٠" كاندیدی هەیە، بە جۆرێك "٥٠ كاندید لە سلێمانی، ٣٠ كاندید لە هەولێر، ١٤ كاندید لە دهۆك، ٦ كاندید لە هەڵبجە".

ئۆفیسی هەڵبژاردنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەشڵێت "كام هێز پێی وایە پاشكۆ نییە، ئەوا با بفەرموێت و لیستەكەی پێشكەش بە كۆمسیۆن بكات، نەك چاوەڕێی پارتی بكەن".

نەوەی نوێ بانگەشەی ئەوە دەكات كە "یەكەم هێزی سیاسی"یە كە لیستی كاندیدانی پێشكەش بە كۆمسیۆن كردووە. ئەمە لە كاتێكدایە كە ژمارەیەك هێزی سیاسیی دیكە لە ڕۆژانی ڕابردوودا پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكانیان بە كۆمیسیۆن ڕاگەیاندووە.

كاتژمێر 2:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆیش، فەرهاد ئەسعەد شێتنە، بەرپرسی هۆبەی كاروباری پارت و ڕێكخراوە سیاسییەكان لە لقی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە تەنیا "كۆمەڵی دادگەری، یەكگرتووی ئیسلامی، بەرەی تەركمانی و هاوپەیمانیی نیشتمانی"، هەموو مامەڵەكانی پێشكەشكردنی ناوی كاندید و بەشداری لە هەڵبژاردنیان تەواو كردووە". وتیشی "نەوەی نوێ‌، بەرەی گەل، یەكێتیی نیشتمانی، گۆڕان، پارتی و بزووتنەوەی ئیسلامی هێشتا مامەڵەكانیان تەواو نەكردووە".