دوایین بۆچوون و پەیامەكان لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەوە

17-04-2024 04:17

پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانی زەنگی دواخستنی هەڵبژاردن لێ‌ دەدات و بافڵ تاڵەبانی جەخت لە بەڕێوەچوونی لە وادەی خۆیدا دەداتەوە، لاهوور شێخ جەنگییش دەڵێت "یەكێتی جورئەتی نییە بەبێ‌ پارتی هەڵبژاردن بكات".

ئەمڕۆ سەركردە سیاسییەكان لە دیداری سلێمانی دوایین قسە و پەیامی خۆیان و حیزبەكانیان لەبارەی هەڵبژاردنەوە خستە ڕوو. هەرچەندە كۆمیسیۆن لە ئامادەكارییەكانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەردەوامە و یەكێتیش مەیلی لەوەیە لە كاتی خۆیدا بكرێت، بەڵام بۆچوونی سەرۆكایەتیی هەرێم بە ئاراستەی پارتی شكاوەتەوە.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، لە كاتی بەشداری لە هەشتەمین دیداری سلێمانی لە زانكۆی ئەمەریكی، هەرچەندە ئامادە نەبوو وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان بداتەوە، بەڵام وتی "هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا دەكرێت". تەنیا ئەو ڕستەیەی وت و ڕۆژنامەنووسانی بەجێهێشت. بەڵام دواتر قەسەى بۆ میدیاکان کردەوە و وتى "ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە و داوا لە هەموو لایەنێک دەکەم بەشدار بن تیایدا".

ئەم قسەیەی سەرۆكی یەكێتی پاش ئەوە هات كە لە هەمان دیدار و كەمێك پێشتر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وتی "گەلی كوردستان یەكگرتووە و پێویستە لایەنەكانیش وەك گەلەكەیان بۆ بەرژەوەندیی نیشتمان ڕێككەون، بەوشێوەیە دەتوانین هەڵبژاردنێكی ڕوون و دادپەروەرانە بكەین بە ڕەزامەندی و بەشداریی هەمووان".

ئەمە لە كاتێكدایە كە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی یەكێتی ڕۆژی 7ـی ئەم مانگە لە بەغدادەوە هەمان پەیام و بۆچوونیان دەربڕی و بافڵ تاڵەبانی وتی "هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا دەكرێت"، بەڵام نێچیرڤان بارزانی جەختی لە "لێكتێگەیشتنی هاوبەشی هەموو هێزە سیاسییەكان" بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن كردەوە.

هەر ئەمڕۆیش لە دیداری سلێمانی، لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆكی لیستی بەرەی گەل لە سلێمانی، وتی "ئەگەر پارتی بەشداریی هەڵبژاردن نەكات، یەكێتییش جورئەتی ئەوەی نییە هەڵبژاردن بكات".

لاهوور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوە كرد كە وەزارەتی ناوخۆ لایەنێكی پەیوەندیدارە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و ئەو وەزارەتەش لای پارتییە، بۆیە "ئەگەر پارتی نەیەوێت بەشداریی هەڵبژاردن بكات، تەنیا ئەو وەزارەتە ڕاسپێرێت، پرۆسەكە پەكی دەكەوێت".

سەبارەت بە بۆچوونی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا، سەبارەت بە هەڵبژارن لە هەرێم، لاهوور شێخ جەنگی وتی "جۆ بایدن داوای هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردی كرد و تەقریبەن قسەكانی كاك مەسعودی كردەوە".

لاهوور شێخ جەنگی چەند ڕۆژێك لەمەوبەریش ڕایگەیاند "یەكێتی و پارتی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕێككەوتوون، بەڵام نایانەوێت ڕایبگەیەنن".

بەهۆی بەشدارینەكردنی پارتی دیموكرات لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەهێزترین سیناریۆ ئەوەیە هەڵبژاردنەكە لە وادەی بڕیارلێدراوی خۆیدا ئەنجام نەدرێت و جارێكی دیكە پڕۆسەكە دوابخرێت.

تا ئێستا سەرۆكی هەرێمی كوردستان چوار جار ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دیاری كردووە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی و ململانێی نێوان لایەنەكانەوە سێ‌ جاریان دواخراوە و چارەنووسی ئەم جارەش هێشتا نادیارە.

لە ماوەی ڕابردوودا پارتی پاش سێ‌ جار درێژكردنەوەی وادەی پێشكەشكردنی ‏ناوی كاندیدەكان لەلایەن ‏كۆمیسیۆنەوە، ئامادە نەبوو لیستی ناوەكانی ‏پێشكەش بكات، بەهۆی ئەو ڕەخنانەی لە پرۆسەكە و ‏بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ‏هەیەتی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

پارتی لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەشداریی نەكردن، دەشڵێت، ئەگەر هەڵبژاردنیش دوابخرێت هەر بەشداری ناكەن، تا ئەو كاتەی ئەو پرسانە چارەسەر دەكرێن كە ئەوان بە نایاسایی و بەربەست لەبەردەم هەڵبژاردنەكە لە قەڵەمیان دەدەن.

گرنگترین ڕەخنەی پارتی پەیوەستە بە یەكلاكردنەوەی تانەكانی هەڵبژاردنەوە، كە دەیەوێت لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمەوە بێت نەك دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، لەگەڵ كورسیی پێكهاتەكان لە پەرلەمان و ژمارەی كورسیی تەرخانكراو بۆ پارێزگای هەڵەبجە كە 3 كورسین و پارتی داوای زیادكردنی دەكات، هەروەها كێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری بەشێك لە دەنگدەران.

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ 100 كورسی كەم كراونەتەوە و دادگاكە بە پاساوی "نادەستووریبوون" 11 كورسیی پێكهاتەكانی لابرد، پێكهاتەكان هاوشێوەی حیزب و پارتەكانی دیكە بەبێ‌ سیستمی كۆتا بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن.

هەڵبژاردنەكە بە چوار بازنە بەڕێوە دەچێت و ١٠٠ كورسییەكەی پەرلەمان دابەش كراون بەسەر پارێزگاكانی هەرێمدا بە جۆرێك، سلێمانی 38 كورسی، هەولێر 34 كورسی، دهۆك 25 كورسی و هەڵەبجە سێ‌ كورسی.

هەرچەندە ئەمریكا جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكاتەوە، بەڵام تا ئێستا بۆچوونی لە بەرژوەندیی پارتییەوە نزیكە، بەوپێیەی داوا دەكات هەڵبژاردن "بە بەشداریی هەموو لایەنەكان" ئەنجام بدرێت.