حکومەتی هەرێم هەر چارەسەرێک ڕەت دەکاتەوە ئەگەر لەسەر حسابی پڕۆژەی 'هەژماری من' بکرێت

25-04-2024 07:54

 پەرەگراف

وتەبێژی حکومەتی هەرێم  دەڵێت، پرۆژەی هەژماری من لە پرسی مووچەدا "ئەولەویاتی" حکومەتی هەرێمە و هەر چارەسەرێک لە نێوان هەولێر و بەغدا ڕەتدەکەنەوە ئەگەر لەسەر حسابی پڕۆژەی هەژماری من بکرێت.

پێشەوا هەورامانی بە دەنگی ئەمەریکای وت "ئەگەر هەژماری من قەبوڵ نەکرێت جۆرێکە لە بیانوو گرتن و گێچەڵ کردن، چونکە ئەوەی لەناو هەژماری مندا هەیە زۆر زیاترە لەوەی لە عێراق کراوە و پێیدەوترێت تەوتین".

"تەوتین تەنها کارتێکی مووچەوەرگرتنە نەک هەژماری بانکی و بەشێک لەو بانکانەش نیشانەی پرسیاریان لەسەرە، بۆیە بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێین و چارەسەرەکەش لەسەر حسابی دەستبەرداربوون نییە لە هەژماری من. فەرمانبەری عێراق سەرپشک کراوە لە بانکی ئەهلی یان حکومی تەوتین بکات، بۆچی بۆ فەرمانبەری هەرێم ئەمە سنوردار کراوە؟" وتەبێژەکەی حکومەت وادەڵێت.

پڕۆژەی هەژماری من لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی لە جێبەجێکردندایەو بەپێی ئەو پڕۆژەیە دەوروبەری 300 هەزار فەرمانبەر هەژماری بانکییان بۆ کراوەتەوەو بەشێک لەو فەرمانبەرانە ئێستا مانگانە لەڕێی کارتی بانکییەوە مووچەکانیان وەردەگرن و شەش بانک لە پڕۆژەکەدا بەشدارن و سەرجەمیان بانکی فەرمین و لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە متمانەپێکراون.

حكومەتی هەرێم هەموو هەوڵی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ڕازیكردنی بەغداد بەوەی كە هەژماری بانكی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم لەناو پرۆژەی "هەژماری من" بکرێتەوە، بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم هەڵمەتێکی فراوان دژی پڕۆژەکە بەڕێوەدەچێت لەلایەن ئۆپۆزسیۆن و بەشێک لە پەرلەمانتارانی یەکێتی و چالاکوانان، پاساوەکەیان ئەوەیە، ئەگەر مووچە لە بانکە فیدراڵییەکانەوە بدرێت "پارێزراوترو مسۆگەرە کە نابێتەوە بە بەشێک لە کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغداد".

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە پڕۆسەی "تەوتین"دا تێپەڕێت و لەو ‏ڕێگەیەوە بدرێت، تەوتین، دەستەواژەیەكی داراییە، بە مانای (جێگیركردنی مووچەی فەرمانبەر بەشێوەی ئەلیكترۆنی لە بانكەکان).

عه‌زیز ئه‌حمه‌د، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگەی مەسرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێم، ڕۆژی 20-4-2024 لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس بابەتێکی پەرەگرافی لایخۆی بڵاوکردەوە کە دەربارەی ئەو پرسەیەو لەسەری نووسیوە "بڕیاری ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی لەسەر ئەم بابەتە هەڵە بوو و لەگەڵ بەغدا ڕێکەوتین لە چەند ڕۆژی داهاتوو چارەسەر دەکرێت".

عەزیز ئەحمەد زانیاریی لەبارەی ڕێککەوتنەکە ئاشکرا نەکردووە، بەڵام پێدەچێت بە ئاڕاستەی پەسەنکردنی پڕۆژەی "هەژماری من" بێت لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی کە حکومەتی هەرێم سوورە لەسەری و دەستبەرداری نابێت.

هەواڵەکەی پەرەگراف لێدوانێکی فراکسیۆنی یەکگرتوو بوو لە پەرلەمانی عێراق کە سەردانی سەرۆکی دادگای فیدڕاڵییان کردووە لەسەر دۆسیەی مووچەی هەرێم و دەڵێن "کێشەی مووچە بە دڵنیاییەوە دووبارە نابێتەوە. سەرۆکی دادگای فیدراڵی وتی بڕیارەکەی دادگا ڕوونە دەبێت مووچە لە بانکێکی فیدراڵی بە ناوی چواریی و پلەو جۆری وەزیفە جێگیر بکرێت، دوای ئەوە لە چ بانکێک مووچەکەی وەردەگرێت ئازادە".

جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگەی مەسرور بارزانی کە هاوکات ئەندامی شاندی هەرێم بوو بۆ بەغداد بۆ گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەی هەژماری من، لە نووسینەکەیدا چەند پرسیارێکی وروژاندووەو دەڵێت "یەکەم، مووچەی ئەم ئەندام پەرلەمانانە و تەنانەت دادوەرەکانی ئەم دادگایەش لە چەند بانکێکی تایبەت لە شاری بەغدا تەوتین کراون. بۆچی؟".

‏"دووەم، بۆچی ئەم شێوازە تەنها بۆ هەرێم پێشنیار کراوە؟ لەکاتێکدا کە لە سەرانسەری عێراق هاوڵاتی و مووچەخۆر ئازادن لە دەستنیشانکردنی بانک. پێویستە هاوڵاتی هەرێمیش هەمان مافیان هەبێت لە دەستنیشانکردنی یەکێک لە بانکە پەسەندکراوەکانی بانکی ناوەندی عێراق. ئەگەرنا، ئەمە لایەنگری یەک کۆمپانیا نییە؟ ئەی یەکسانی و هاوڵاتیبوون؟" عەزیز ئەحمەد وادەڵێت.

جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێم دەشڵێت "ئێمە پابەندی ڕێنمایی و مەرجەکانی بانکی ناوەندی عێراقین و بەردەوام لەگەڵیان لەسەر هێڵین. ئەمە بنەمای بەرنامەکەمانە: کارکردن لە ڕێگای بانکی ناوەندی عێراق".

پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق ڕەتی کردووەتەوە پرۆژەی هەژماری من قبووڵ بكات و جەخت ‏دەكاتەوە كە بەپێی بڕیارەکەی دادگا دەبێت لە بانكە فیدراڵییەكان هەژمار بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بكرێتەوە، بەڵام حكومەتی هەرێم ‏جەخت لە پرۆژەی هەژماری من دەكاتەوە و وەفدێکى پرۆژەکەى بۆ ڕازیکردنى حکومەت و بانکى ناوەندیى عێراق ناردە بەغدادو زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.