وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: دژی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانى كوردستان نیین

02-05-2024 01:58

پەرەگراف

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایدەگەیەنێت "ئەگەر گەیشتنی لایەنەكان بە ڕێككەوتن پێویست بەوە بكات هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان كەمێك دوابخرێت، ئەمریكا لە دژی ئەم دواخستنەی هەڵبژاردن نییە".

وتەبێژێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە ڕووداوی ڕاگەیاند ''پێمان وایە ڕێككەوتنێك لەنێوان لایەنە سیاسییەكان گرنگە (لەسەر هەڵبژاردن)، بۆیە ئەگەر بۆ گەیشتن بەم ڕێككەوتنە پێویست بە كەمێك دواخستنی هەڵبژاردن بكات، ئەمریكا لە دژی نییە".

ئەو وتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كە ڕووداو ناوی نەهێناوە، دەشڵێت ''ئێمە ئاگادارین كە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێویستی بە هەندێك كاتە بۆ ئەو گۆڕانكارییانەی لایەنەكان دانوستاندنی لەبارەوە دەكەن".

ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێ‌ سێشەممە، ڤێدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئاماژەی بە هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەبارەی هەڵبژاردن كرد و ڕایگەیاند "ئێمە هانی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دەدەین كاتێك بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان دیاری بكەن، بە جۆرێك هەڵبژاردنێكی ئازاد و دادپەروەرانە و متمانەپێكراو بێت".

پاش ئەوەی پارتی ڕایگەیاند كە بەم شێوەیەی ئێستا بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناكات، ئەو حیزبە لە ڕێگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە هەوڵەكانی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەست پێ‌ كرد.

لە كۆی پێنج حیزبی گەورە و دیاری هەرێمی كوردستان، جگە لە پارتی، هەریەك لە یەكێتی، نەوەی نوێ‌، یەكگرتوو و كۆمەڵ جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەكەنەوە.

فراكسیۆنەكانی ئەو چوار لایەنە لە پەرلەمانی عێراق، بەیاننامەیەكی هاوبەشیان دژی هەوڵەكانی دواخستنی هەڵبژاردن بڵاو كردەوە و تێیدا دەڵێن "سێ جار لەسەر خواستی پارتێكی سیاسی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دواخراوە".

ئەمڕۆیش مەكتەبی سیاسیی یەكێتی پاش كۆبوونەوەی، هەڵوێستێكی توندی دژی دواخستنی هەڵبژاردن ڕاگەیاند و هەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵای كرد.

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەڵێت "ئەم جۆرە هەوڵانەی دواخستن، پاشقولگرتنە لە ئیستیحقاقی دیموكراسی و هیچ پاساوێكی بۆ نییە، تەنیا ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی تەسكی ئەوانە نەبێت كە خۆیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەدزنەوە و بەدوای دەرچەیەكی ناڕەوادا دەگەڕێن كە زۆرینەیەكی زۆرەملێ و پێشوەختی مسۆگەركراویان بۆ دابین بكاتەوە".

پاش بەئەنجامنەگەیشتنی هەوڵەكانی لە ناوخۆی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك، لە بەغداد زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەركردەی لایەنە عێراقییەكان ئەنجام دا و وەڵامی ئەرێنیی لەوبارەیەوە وەرگرتووە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقیش بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، ئاگادار کراونەتەوە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوادەخرێت، بەڵام هێشتا بە فەرمی کارەکانیان ڕانەگرتووە و چاوەڕوانی بڕیاری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانن.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، پاش كۆبوونەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ سەرۆكی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقیش كۆبووەوە و دواتر ڕایگەیاند "گرنگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی سیاسی و بەشداریكردنی هەموو پێكهاتەكان و دڵنیابوون لە بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەری و یەكسانی لە جێبەجێكردنی ئەم مافەدا بەڕێوە بچێت".

ڕۆژی 18-3-2024، مەكتەبی سیاسیی پارتی بە فەرمی بەشدارینەكردنی حیزبەكەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیاند و وتی "بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەكەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەندكردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێكی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان".

مەكتەبی سیاسی پارتی پێی وایە دادگای فیدراڵی پێشێلی بەشێك لە ماددەكانی دەستووری عێراقی كردووە كە تایبەتن بە هەرێمی كوردستان و دەڵێت "دەیەوێت ئەو دەستكەوتانەی گەلەكەمان كە بە خەبات و تێكۆشان و خوێنی شەهیدەكانمان و ئەنفالكراوان و كیمیابارانكراوان وەدەستی هێناون، بە بڕیاری سیاسی و نادەستووری لە گەلی كوردستانی بستێنێتەوە".

پارتى ڕەخنەى لە بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى دەربارەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان هەیە، بە تایبەت لە لابردنى کورسیى پێکهاتەکان، سەرپەرشتیکردنى سکاڵاکانى هەڵبژاردن لەلایەن ئەنجوومەنى دادوەریى عێراقەوە و ژمارەى کورسییەکانى پارێزگاى هەڵەبجە، کە پارتى داواى گەڕاندنەوەى کورسیى پێکهاتەکان و سەرپەرشتیکردنى سکاڵاکانى هەڵبژاردن لەلایەن ئەنجوومەنى دادوەریى هەرێم و زیادکردنى کورسییەکانى پارێزگاى هەڵەبجە دەکات.