مەسرور بارزانی جەخت دەکاتەوە هەر پڕۆژەیەک لەگەڵ عێراق لەڕێی حکومەتی هەرێمەوە بێت

02-05-2024 04:43

پەرەگراف

مەسرور بارزانی ئامادەیی هەرێمی کوردستان بۆ هەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دەردەبڕێت، لە پێناو پەرەپێدانی ژێرخانی وزەو دەڵێت: پێویستە ئەنجامدانی هەر کار و پڕۆژەیەک تەنیا لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت.

ئەو وتانەی سەرۆکوەزیرانی هەرێم لەمیانی کۆبوونەوەیدا بووە لەگەڵ زیاد عەلی فازڵ وەزیری کارەبای فیدراڵ کە تێدا گفتوگۆ کراوە لەبارەی کار و پڕۆژە و چاکسازییەکانی کەرتی کارەبا و پێویستیی بەردەوامبوونی هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو حکومەت لە پێناو باشترکردنی دۆخی کارەبا.

مەسرور بارزانی دەڵێت "ئاماژەمان بە هێرشە تیرۆریستییەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرد و دووپاتمان کردەوە کە هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان، زیانی بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق هەیە و پێویستە کۆتایی بەو پەلامارانە بهێنرێت و ڕێگەی لێ بگیرێت".

پەیامەکەی مەسرور بارزانی بۆ کارکردن تەنیا لەڕێگەی حکومەتی هەرێمەوە بۆ پڕۆژەکانی کەرتی وزە، دوای ئەوەدێت کۆتایی ساڵی ڕابردوو کارەکانی هێڵی گواستنەوەی گازی کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ بۆ وێستگەیەکى کارەبا لە کەرکوک کۆتاییهات، ئەوە لەکاتێکدایە گازی ئەو کێڵگەیە بەشێکیشە لە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەوکات ڕایگەیاند: داناگاز بەهیچ شێوەیەك بۆی نییە بەبێ رەزامەندیی حكومەتی هەرێمی كوردستان گاز لە کێڵگەکانی هەرێمەوە بۆ هیچ شوێنێکی دیکە بگوازێتەوە.

كۆرمۆر گەورەترین كێڵگەی گازیی ھەرێمی كوردستانە، ڕۆژی 26-4-2024، بە دوو درۆن هێرش كرایە سەر كێڵگەکەو بەهۆیەوە چوار كەس گیانیان لەدەست ‏دا كە بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف چوار خەبیری یەمەنی بوون و تەمەنیان لە نێوان 38 بۆ 46 ساڵدا ‏بووە.‏

تورکیا کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ پارتی هەیە بە تایبەت لە پرسی نەوت و گازدا، چاوی لە گازی کێڵگەکەی کۆرمۆرەو ئەو دۆسیەیە بەشێک بوو لە کۆبوونەوەی سەرەتای ساڵی ڕابردووی نێوان نێچیرڤان بارزانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئەنقەرە.

سەرۆکایەتی هەرێم دوای ئەو کۆبوونەوەیە ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان، جه‌ختيان لە سوود وه‌رگرتن له‌و‌ ده‌رفه‌تانەکردەوە کە لە بوارى وزه‌دا هاتوونه‌ته‌ ئاراوەو ‏ده‌كرێت ڕۆڵى كاراى هه‌بێت له‌ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و بۆشايى و پێويستييه‌ى له‌ ‏جيهان و به‌تايبه‌تى له ‌ئه‌وروپا له‌ بوارى وزه‌ و گازى سروشتيدا دروست بوون.

هەر بە ئامانجی گواستنەوەی گازی کێڵگەی کۆرمۆر و هەناردەکردنی بۆ تورکیا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پڕۆژەی دروستکردنی هێڵی گواستنەوەی گازەکەی بۆ تورکیا دەستپێکرد، ئەوەش یەکێتی نیگەران کردو بە ئاشکرا دژی وەستایەوە.

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، دوو ساڵ لەمەوبەر لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت، تیشکی خستەسەر ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە کەرتی وزەو هەماهەنگیی و نزیکبوونەوەی یەکێتی لەگەڵ بەغداد بەتایبەت دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی لە شوبانی ٢٠٢٢دا یاسای نەوت و گازی هەرێمی هەڵوەشاندەوەو بڕیاریدا نەوتی هەرێم ڕادەستی بەغداد بکرێت.

بافڵ تاڵەبانی بە ڕوونیی پەردەی لەسەر ناکۆکییەکانیان لەگەڵ پارتی لادا لەبارەی پڕۆژەی دروستکردنی بۆریی هەناردەی گازی سروشتی کێڵگەی کۆرمۆر کە دراوە بە کۆمپانیای کارگروپ نزیک لە پارتی، سەرۆکی یەکێتی بە شەخسیی دژی ئەو پڕۆژەیە وەستایەوەو وتی: بەبێ هیچ پڕۆسەیەکی تەندەر پێی دراوە.

کێڵگەی کۆرمۆرو سەرچاوەی گازەکە لە ناوچەی حکومڕانی یەکێتیدایەو ئەو حیزبە بوو بە بەربەست لەبەردەم ئەو پڕۆژەیەداو هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی ڕێگەیان بە کارکردنی کۆمپانیاکە نەداو پڕۆژەکەیان سڕ کرد.

کۆرمۆر كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی كاری تێدا دەكات و لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک بە مووشەک ھێرشی کراوەتەسەرو ھێشتا بە فەرمیی بەرپرسیاران و ھۆکاری ئەو ھێرشانە ئاشکرا نەکراون. کێڵگەکە گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر‌، چەمچەماڵ و بازیان دابیندەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھەمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.

كۆمپانیای دانەگاز بە وەرگرتنی 250 ملیۆن دۆلار قەرز لە دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمەریكا، سەرقاڵی فراوانكردن و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازە لە كێڵگەکە بە ئامانجی بەرزكردنەوەی بەرھەمی ڕۆژانە بۆ 690 ملیۆن پێ سێجا گاز.