وەزارەتی دارایی: بانكی تی بی ئای بەشداری لە هەژماری من دەكات؛ بانكی تی بی ئای: بەشداری لە تەوتین دەكەین

08-05-2024 02:30

پەرەگراف

لە كاتێكدا وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند "بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە پڕۆژەی (هەژماری من) بۆ بە دیجیتاڵكردنی مووچە دەكات"، بانكی تی بی ئای بە هیچ شێوەیەك باسی بەشداری لە پرۆژەی هەژماری من ناكات و دەڵێت "بەشداری لە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم (تەوتین) دەكەین".

ئەمڕۆ 8-5-2024، وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و تیمی (هەژماری من) لەم هەفتەیەدا، چەندین كۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی بانكی عێراقی بۆ بازرگانی ئەنجام داوە و گفتوگۆ لەبارەی "میكانیزم و پێداویستییەكانی كردنەوەی هەژمارەكان و پرۆسەی دروستكردنی كارت و بڵاوكردنەوەی ئامێرەكانی ATM لە سەرانسەری هەرێمدا كرا".

وەزارەتی دارایی دەڵێت "بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین كە بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە پڕۆژەی هەژماری من بۆ بە دیجیتاڵكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكات، هاوتا لەگەڵ شەش بانكی دیكەی پێشەنگی عێراق، بژاردەیەكی فراوانتری بەرهەم و خزمەتگوزاریی بانكی بە هاووڵاتییان دەبەخشێت".

بەر لە ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی، بانكی بازرگانیی عێراق (TBI) ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا بەشداریی خۆی لە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، بەڵام بە هیچ جۆرێك باسی پرۆژەی (هەژماری من)ـی نەكردووە.

بانكی تی بی ئای دەڵێت "وەكوو پابەندبوون بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دەربارەی بەشداریكردنی بانكەكەمان لە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، وەفدێكی تایبەتمەندی بانكی بازرگانی بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی لقی هەولێری بانكەكە، لەگەڵ وەفدێكی تایبەتمەند لە حكومەتی هەرێم لە هەولێر كۆبووەوە".

كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆ بووە دەربارەی "میكانیزمی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان" لە بانكی تی بی ئای و لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی "پێداویستییەكانی كردنەوەی هەژمار و دەركردنی كارتی بانكی و دانانی ئامێری پارەڕاكێشان (ئەی تی ئێم) لە تەواوی هەرێمی كوردستان بۆ ڕاكێشانی پارە لەلایەن فەرمانبەرانەوە" كراوە.

لە ڕاگەیەندراوی بانكی (تی بی ئای)دا هاتووە "شاندی بانكی تی بی ئای بۆ شاندی حكومەتی هەرێمی ڕوون كردەوە كە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان جێی بایەخی زۆرە لای محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق و بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ و كەسی بە دواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەكات، لە ڕووانگەی گرنگیدان بە هاووڵاتیانمان لە هەرێمی كوردستان".

بانكی تی بی ئای ڕایگەیاندووە كە چاوەڕێیە حكومەتی هەرێم "لیستی ناو و بەڵگەنامەی ئەو فەرمانبەرانە" بنێرێت كە مووچەكەیان لە بانكی تی بی ئای بەبانكی دەكرێت، بۆ ئەوەی دەست بە پرۆسەكە بكرێت.