حکومەتی عێراق و هەرێم ‘پەکەکە تۆمەتبار دەکەن’ بە سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک و کەرکوک

01-07-2024 12:04
کەوتنەوەی ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر، ٢٨-٢-٢٠٢٤

پەرەگراف

هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامی لێکۆڵینەوە هاوبەشەکانیان ڕاگەیاند لە سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و کەرکوک و دهۆک و دەڵێن "تۆڕێکی سەر بە پەکەکە ئەو کارەیان کردووە کە سێ کەسیان دەستگیر کراون".

میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ بەڕێوەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم کە لە بەغداد ئەنجام درا، ئاماژەی بەوە کرد تۆمەتباران لە ئۆپەراسیۆنی تایبەتدا لە کەرکوک و دیالە دەستگیر کراون.

هەرلەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، هێمن میرانی بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم وتی، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق دەرکەوت، "ڕووداوەکان سروشتی و ئاسایی نین و ئامانج لێیان توڕەکردنی خەڵک و زیان گەیاندنەو هەوڵی تیکدانی پەیوەندیی نێوان خەڵک و حکومەتە".

"دەرکەوت ڕووداوەکان پەکەکەی لە پشتەو سێ تاوانکار کە یەکێکیان سەرپەرشتیارەو بەرپرسی چالاکییە ئەمنییەکانی پەکەکەیە دەستگیر کراون، یەکێکیان سەربە دژە تیرۆری یەکێتییەو یەکێکی دیکەیان سەربە یەکەکانی ٧٠ی پێشمەرگەیە(یەکێتی) و کار بۆ پەکەکە دەکەن و پەکەکە ڕاهێنانی پێکردوون" هێمن میرانی وای وت.

میرانی وتیشی "ئەو تۆڕە پلانیان هەبووە گورزی کوشندە لە ئابوریی خەڵک بدەن لە شارەکانی هەرێم و لە بەغداش".

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەرێم

تەنیا لە چوار مانگی ئەمساڵدا، حەوت روداوی گەورەی ئاگركەوتنەوە لە بازاڕە میللیی و قەرەباڵغەکانی ناوجەرگەی شار رویانداوە، پێنجیان لە هەولێر و یەكێكیان لە دهۆك و یەکێکیان لە کەرکوک کە بەهۆیانەوە سەدان دووکان سووتان و زیانی ملیۆنان دۆلاری هەبووە.