پەرەگراف
پاش سێ ڕۆژ لە بڕیاری بزووتنەوەی گۆڕان بۆ كشانەوە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و حكومەتی خۆجێیی، دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و هەڤاڵ ئەبووبەكر، پارێزگاری سلێمانی، لە پۆستەكانیان بەردەوامن و ئەمڕۆ لە گوندی تەنگی سەری قەرەداغ بەردی بناغەی قیرتاوكردنی ڕێگای نێوان چەند گوندێكیان دانا.
هەرچەندە ئەم دوو بەرپرسە ڕەتیان كردووەتەوە بەو بڕیارەی گۆڕانەوە پابەند بن، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت پارێزگاری سلێمانی بە بڕیارەكەوە پابەند بووە، بەبێ ناوهێنانیش هەڕەشەی دوورخستنەوە لە دانا عەبدولكەریم دەكات.
ئەمڕۆ بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند "لە كۆی شەش پۆستی سیاسی، پێنجیان پابەندییان بە بڕیاری سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕانەوە دەربڕیوە". كە بریتین لە "جێگری سەرۆكی هەرێم، وەزیری دارایی، وەزیری كار، وەزیری بازرگانی، پارێزگاری سلێمانی".
هەڕەشەی ئەوەش دەكات كە "هەر وەزیرێك، بە هەر بیانوو و پاساوێك، بڕیاری كشانەوە لە پۆستی وەزاری نەدات، پەیوەندیی ڕێكخراوەیی بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە نامێنێت"، كە مەبەست لێی دانا عەبدولكەریمە.
ناوهێنانی هەڤاڵ ئەبووبەكر لەناو ئەو بەرپرسانەی گۆڕان كە بە بڕیاری كشانەوەكەوە پابەند بوون، لەكاتێكدایە كە پارێزگاری سلێمانی هیچ پابەندییەكی بەو بڕیارەوە ڕانەگەیاندووە و خۆی لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "بێبەریبوونی خۆمان لە هەردوو ماڵەكەی بزوتنەوەی گۆڕان ڕادەگەیەنین و وەكوو كەسێكی تەكنۆكرات و بێلایەن لە ئەركەكانی خۆمان بەردەوام دەبین".
تەنیا پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوە كردووە كە پێشتر بەهۆی تەواوبوونی ماوەی یاسایی، دوو جار داوای بەخشینی لە پۆستەكەی كردووە و حكومەتی هەرێم پەسەندی نەكردووە، ئێستا بۆ جاری سێیەم داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات بەخشینی لە پۆستەكەی پەسەند بكات، كە ئەوەش پەیوەندیی بە بڕیارە نوێیەكەی گۆڕانەوە نییە.
بەڵام دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، دوێنێ 12-10-2024، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بە فەرمی كشانەوە لە پۆستەكەی ڕەتكردەوە و وتی "جڤاتی هەڵبژێردراوی بزووتنەوەی گۆڕان هەر بڕیارێك بدات، من پێوەی پابەند دەبم. بەدەر لە جڤاتی هەڵبژێردراو، هیچ كەسێکی تر مافی نییە بە ناوی گۆڕانەوە بڕیار بدات".