ئامارى زۆرینەى پێشێلکارییەکان بەرامبەر میدیا و ڕۆژنامەنووسان دابەزیوە، بەڵام کوشتن و هەڕەشە و لێدان بەرزە

18-01-2025 03:24

پەرەگراف

بەپێى ڕاپۆرتى سەنتەرى میترۆ، لە ساڵى ٢٠٢٤دا ١٨٢ حاڵەتى پێشێلکارى بەرامبەر ١٧٦ ڕۆژنامەنووس و دامەزراوەى میدیایى لە هەرێمى کوردستان ئەنجام دراوە، کە بەراورد بە ساڵى ڕابردوو پێشێلکارییەکان ٢٧% کەمى کردووە. هەرچەندە ماوەى دوو ساڵە پێشێلکارییەکان ڕوو لە دابەزینن، بەڵام هێشتا توندووتیژى بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە ئاستێکى بەرزدایە و لە ٢٠٢٤دا سێ حاڵەتى کوشتن و دەیان حاڵەتى ڕێگرى و لێدان و هەڕەشە تۆمار کراون.

ئەمڕۆ ١٨-٠١-٢٠٢٥، سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکى لە مافى ڕۆژنامەنووسان، ڕاپۆرتى ساڵانەى خۆى لەسەر پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و دەزگا میدیاییەکان لە هەرێمى کوردستان، لە شارى سلێمانى بڵاو کردەوە. زۆرترین حاڵەتى پێشێلکارى "ڕێگریکردن" بووە کە " ١٠٣" حاڵەت تۆمار کراوە.

هەر بەپێى ڕاپۆرتەکە  حاڵەتەکانى دیکە بەمجۆرە بوون "کوشتنى ڕۆژنامەنووسان بە درۆن (لەلایەن تورکیاوە): سێ حاڵەت، دەستبەسەرکردنى ڕۆژنامەنووس بەبێ بڕیارى دادگاى: ٢٤ حاڵەت، زەوتکردنى کەلوپەلى ڕۆژنامەنووسى: ١٧ حاڵەت، شکاندنى کەلوپەلى ڕۆژنامەنووسى: دوو حاڵەت، هێرشى ئەلیکترۆنى: شەش حاڵەت".

حاڵەتێکى پێشێلکارى بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان کە هاوشێوەى ساڵى ٢٠٢٣ بە بەرزى ماوەتەوە، هێرش و لێدان و هەڕەشەیە، کە بەپێى ڕاپۆرتە "٢٧ حاڵەت" تۆمار کراوە، ساڵى ٢٠٢٣یش هەمان ژمارە بووە.

لە ماوەى چوار ساڵى ڕابردوودا، ساڵى ٢٠٢٢ پێشێلکارییەکان لە بەرزترین ئاستدا بوون کە "٤٣١ حاڵەت بەرامبەر ٣٠١ ڕۆژنامەنووس و دەزگاى میدیایى" بوو، لە کاتێکدا لە ساڵى ٢٠٢١دا "٣٥٤ پێشێلکارى بەرامبەر ٢٦٠ ڕۆژنامەنووس و دەزگاى میدیایى" ئەنجام دراوە. بەراورد بە ٢٠٢١، لە ٢٠٢٢ پێشێلکارییەکان ١٩% زیادى کردووە.

لە ٢٠٢٣دا جارێکى دیکە پێشێلکارییەکان ڕووى لە دابەزین کرد، بە جۆرێک لەو ساڵەدا "٢٤٩ پێشێلکارى بەرامبەر ٢٤٧ ڕۆژنامەنووس و دەزگاى میدیایى" ئەنجام دراوە، بەوەش بەراورد بە ساڵى پێش خۆى، ئامارەکە ٥٧% کەمى کردووە. لە ٢٠٢٤یشدا ئامارەکە زیاتر دابەزى، کە بوو بە "١٨٢ حاڵەت" و ٢٧% بەراورد بە ساڵى پێش خۆى کەمى کردووە.