بەغدا جەخت لە جێبەجێكردنی تەواوی لێكتێگەیشتنەكە دەكاتەوە

21-07-2025 09:58

پەرەگراف

وتەبێژی حكومەتی عێراق جەخت لە جێبەجێكردنی تەواوی ‏لێكتێگەیشتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدا دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت " كاتێك ‏مووچە دەنێردرێت كە هەرێمی كوردستان 230 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەست ‏بكات". دەشڵێت "گرەنتییە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە خەزێنەی ‏فیدڕاڵی"‏

باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ئاژانسی ‏هەواڵی عێراقی، لێكتێەیشتنەكە بە "بڕیار"ـی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ‏ناو دەبات و پێی وایە "بڕیارەكان قۆناغێكی نوێیە لە پەیوەندیی نێوان ‏هەرێم و بەغداد و هەنگاوی یەكەمن بۆ چارەسەری هەمیشەیی ‏ناكۆكییەكان".‏

عەوادی دووپاتی دەكاتەوە كە "پێویستە هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 230 ‏هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بكات، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ‏تەوتین بكرێت".‏

وتەبێژی حكومەتی عێراق دەشڵێت "لیژنەیەكی هاوبەش بۆ بەدواداچوونی ‏داهاتە نانەوتییەكان پێك دەهێنرێت و ڕۆژانە بڕی 50 هەزار بەرمیل نەوت ‏بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی لە هەرێم دابین دەكرێت".‏

ڕۆژی 17-07-2025، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەقی لێكتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدای پەسەند كرد و بە ناوی وەكو بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاوی كردەوە. بەپێى بڕیارەکان مووچە دواى ڕدەستکردنى نەوت ڕەوانە دەکرێت و دەڵێت "هەرێمی كوردستان هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو کە لە ئێستادا لە ٢٣٠ هەزار بەرمیل کەمتر نەبێت، ڕادەست دەكات و دوای پشتڕاستكردنەوەی (ڕادەستكردنی نەوت) لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ مووچەی مانگی پێنج خەرج دەكات".

هەر بەپێى بڕیارەکان، دەبێت پرۆسەى بەبانکیکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم (تەوتین)، بەپێى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى لە ماوەى سێ مانگدا تەواو بکرێت، دواى ئەوە هەر مووچەخۆرێک تەوتینى نەکردبێت مووچەکەى لە بەغداوە خەرج ناکرێت.

سەرجەم کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا لە دۆسیەى نەوت و داهاتى نانەوتى و تەوتین، لەلایەن ژمارەیەک لیژنەى هاوبەشەوە وردبینى و بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت و چارەسەریان بەپێى یاسا بۆ پێشنیاز دەکرێت

ڕۆژی پێشتر ١٦-٠٧-٢٠٢٥، ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم ڕایگەیاند، لێكتێگەیشتنێكی نوێ‌ لەسەر "دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم و پابەندییەكانی هەرێم" هاتە ئاراوە و ئەنجومەنى وەزیران "دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە"، لە کۆبوونەوەیدا پێشوازیی لەو لەیەكترتێگەیشتنە کرد و بڕیاری دا بە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكەكەی.

دوێنێ 20-07-2025، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بە نیگەرانییەوە ڕایگەیاند "دوای ئەوەی ئێمە بە پێشنیازە تازەكە ڕازی بووین و واژوومان لەسەر كرد، خاڵێكی دیكەیان بۆ زیاد كرد كە باس لەوە دەكات تا 230 هەزار بەرمیلە نەوتەكە ڕادەست نەكرێت، مووچە نادرێت".

مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوە كرد كە لەئێستادا بەهۆی هێرشە درۆنییەكانەوە ئەو بڕە نەوتە لەبەردەستدا نییە كە ڕادەستی بكەن، بەڵام جەختی كردەوە "هەركات ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرز ببێتەوە، ئێمە هیچ كێشەمان نییە لە هەناردەكردنی هەموو نەوتی كوردستان، جگە لەو بڕەی كە بۆ پێداویستیی ناوخۆیە".

دەقى بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق:

*دۆسیەى ڕادەستکردنى نەوت

١. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەجێ دەست دەکات بە ڕادەستکردنى هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی هەرێم بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنى نەوت (سۆمۆ) بۆ هەناردەکردن. وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕى ١٦ دۆلار (بەشێوەى نەوت یان کاش) بۆ هەر بەرمیلێکی ڕادەستکراو دەدات، بەگوێرەی یاسای بودجەی هەمواکراو، بە مەرجێک کە بڕی ڕادەستکراوى نەوت کەمتر نەبێت لە ٢٣٠,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانە. هەر زیادکردنێک لە بەرهەمهێنانى نەوت پێوستە لە ڕێگەی لیژنەیەکی هاوبەشی پێوانەوە دیارى بکرێت و ڕادەست بکرێت. ئەگەر هەناردەى نەوت بە هەر هۆکارێک ڕاوەستا، کۆی بڕی نەوتى باسکراو ڕادەستى وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەکرێت.

(ڕوونکردنەوە: کۆی بەرهەمهێنانی ئێستا ٢٨٠,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانەیە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ٥٠,٠٠٠ بەرمیل بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە هەرێم تەرخان کراوە. ئەو ٢٣٠,٠٠٠ بەرمیلەى کە دەمێنێـتەوە لەگەڵ هەر زیادبوونێکی داهاتووی بەرهەمهێنان، ڕادەستى سۆمۆ دەکرێت بۆ هەناردەکردن).

٢. بڕى ٥٠,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانەى نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی هەرێم تەرخان دەکرێت، بە مەرجێک حکومەتی هەرێمی کوردستان تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە دابین بکات. داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ خەزێنەی فیدراڵ دەگەڕێتەوە، دوای لێدەرکردنى تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتن. ئەگەر هەرێم پێویستی بە بەرهەمی زیاتر بوو، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆى دابین دەکات، بە مەرجێک کە لە ١٥,٠٠٠ بەرمیلی خاوی ڕۆژانە زیاتر نەبێت. لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێک دێت، بۆ دیاریکردنى پێداویستیى ناوخۆیى ڕاستەقینەی هەرێم و لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتێک لەوبارەیەوە پێشکەش بە حکومەتى فیدراڵ دەکات بۆ پەسەندکردن.

*دۆسیەى داهاتی نانەوتی:

١. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێى خەمڵاندنى سەرەتایى، دەبێت ١٢٠ ملیار دینار وەک بەشی خەزێنەی فیدراڵ لە داهاتی نانەوتی بۆ مانگى ئایاری ٢٠٢٥ ڕادەستى وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکات. ئەم خاڵە شایەنى گۆڕنکارییە دواى وردبینیکرن بەپێى خاڵى (٢) لە خوارەوە.

٢. لیژنەیەکى هاوبەشى هەڵسەنگاندن لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ و دیوانى چاودێریى دارایى فیدراڵ، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پۆلێنکردن، وردبینیکردن و دیاریکردنی پشکى حکومەتی فیدراڵ لە داهاتی نانەوتی دەکات، کە لە ئایاری ٢٠٢٥ـەوە دەستپێدەکات، بە پشتبەستن بە بنەماى وردبینیکردن لە ڕاپۆرتە هاوبەشەکاندا لەو کاتەوە کە یاسای بودجەی فیدراڵ چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە. لیژنەکە لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتێک پێشکەش بە حکومەتى فیدراڵ دەکات بۆ پەسەندکردن.

٣. پێکهێنانى لیژنەیەکی هاوبەشی هەردوو حکومەتى فیدراڵ و هەرێم، بۆ تەواوکردنى پرۆسەى تەوتینکردنى مووچە بەگوێرەی بڕیاری دادگای باڵاى فیدراڵ لە ماوەی سێ مانگدا، لە دواى ئەو وادەیە، مووچە تەنیا بە تەوتینکراوى دەدرێت.

٤. تیمێک پێکدەهێنرێت لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ و دیوانى چاودێریى دارایى فیدراڵ، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستى دیاریکردنى ڕێژەى تێپەڕاندنى پشکى هەرێم لە خەرجیی ڕاستەقینە (ئینفاقى فیعلى) و چۆنێتیى چارەسەرکردنى بەگوێرەی یاسای گشتیى بودجەی فیدراڵ بۆ ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥. تیمەکە لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتێک پێشکەش بە حکومەتى فیدراڵ دەکات.

٥. وەزارەتی دارایی فیدراڵ مووچەى مانگى ئایار بۆ فەرمانبەرانى هەرێمی کوردستان دەنێرێت، دواى ئەوەى پشتڕاستکردنەوەی لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ/سۆمۆ پێ دەگات بە وەرگرتنی تەواوی بڕی نەوتی دیاریکراو (لە ئێستادا ٢٣٠,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانە) لە بەندەری جەیهان.

٦. ئەم بڕیارانە لە دواى پەسەندکردنیان لەلایەن ئەنجوومەنى وەیرانەوە، دەچنە بوارى جێبەجێکردنەوە.