توركیا ڕەشنووسی پێشنیازێكی بۆ نوێكردنەوەی ڕێككەوتنی بۆریی هەناردەكردنی نەوت ئاراستەی عێراق كرد

22-07-2025 02:02

پەرەگراف

توركیا ڕەشنووسی پێشنیازێكی ئاراستەی وەزارەتی نەوتی عێراق كردووە بۆ نوێكردنەوەی ڕێككەوتنی بۆریی هەناردەكردنی نەوت. ئەم ڕەشنووسە نوێیە پاش ئەوە دێت كە كۆتاییهاتنی ڕێككەوتنە ٥٠ ساڵییەكە نزیكە و توركیا ڕایگەیاندووە كە هەمان ڕێككەوتن وەکوو خۆى نوێ ناكاتەوە. بۆرییەکە نەوتى هەرێمى کوردستان و کەرکووکى پێدا هەناردە دەکرا کە ماوەى زیاتر لە دوو ساڵە ڕاگیراوە.

ڕۆژى دووشەممە ٢١-٠٧-٢٠٢٥، بەرپرسێكی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێرقی ڕاگەیاند، ئەو ڕەشنووسەی توركیا پێشنیازی كردووە، فراوانكردنی ڕێككەوتنی وزەی نێوان هەردوو وڵات لەخۆ دەگرێت، بە جۆرێك كە بوارەكانی نەوت، گاز، پترۆكیمیایی و كارەبا دەگرێتەوە.

ڕۆژنامەی فەرمیی توركیا ڕۆژی ٢١ـی ئەم مانگە بڕیارێكی بە واژووی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، بڵاو كردەوە كە تێیدا هاتووە، ڕێككەوتنی بۆریی نەوتی خاو كە لە ساڵی ١٩٧٣ لەنێوان توركیا و عێراق واژوو كراوە، ساڵێكی دیكە و لە ٢٧-٠٧-٢٠٢٦ كۆتایی پێ دێت، توركیاش هەمان ڕێككەوتن نوێ‌ ناكاتەوە.

بەپێی لێدوانی سەرچاوەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق، ڕەشنووسەكە لەلایەن وەزارەتی وزەی توركیاوە ئاراستە كراوە و وەزارەتی نەوتی عێراق سەرقاڵی "گفتوگۆ و پێداچوونەوەی ڕەشنووسەكەیە بۆ گەیشتن بە داڕشتنەوەیەك كە لە بەرژەوەندیی هەردوولادا بێت".

هەناردەکردنى نەوت لە ڕێگەى ئەو بۆرییەوە زیاتر لە دوو ساڵە ڕاگیراوە. بۆرییەکە نەوتى هەرێمى کوردستان و کەرکووکى پێدا هەناردە دەکرا.

ڕاگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان و کەرکووک لە ٢٥-٠٣-٢٠٢٣ بە بڕیارێکى دادگاى ناوبژیوانیى نێودەوڵەتیى پاریس، لە کاتێکدا بوو کە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بە ٤٠٠ هەزار بەرمیلى ڕۆژانە گەیشتبووە بەرزترین ئاستى خۆى، نزیکەى ٧٥ هەزار بەرمیل نەوتى کەرکوویش لە هەمان بۆرییەوە هەناردە دەکرا.