سوودانى: هەوڵ دەدەین سەرچاوەى هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێم بدۆزینەوە

29-07-2025 11:48

پەرەگراف

سەرۆکوەزیرانى عێراق ڕایدەگەیەنێت، لیژنەى باڵاى  ئەمنیى هاوبەش لەنێوان حکومەتى فیدراڵى و حکومەتى هەرێم و پەیوەندیى بەردەوام لەگەڵ هاوپەیمانان هەیە، بۆ ئەوەى لایەنى پشت هێرشە درۆنییەکانى سەر کێڵگەنەوتییەکانى هەرێمى کوردستان ئاشکرا بکەن.

محەمەد شیاع سوودانى لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسى هەواڵى ئەسۆشیەیتید پرێس، هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان، فڕۆکەخانەى کەرکووک و پاڵاوگەى بێجى، بە "تیرۆریستى" ناو دەبات و دەشڵێت "هەوڵ دەدەین تواناکانمان پەرە پێ بدەین بۆ ئاشکراکردنى شوێنى هەڵدانیان، بۆ ئەوەى بتوانین ڕێکارى یاسایى بگرینە بەر".

ئەم لێدوانە نوێیەى سوودانى لە کاتێکدایە کە دوێنێ ٢٨-٠٧-٢٠٢٥، لیژنەکەى عێراق بە سەرۆکایەتیى قاسم ئەعرەجى، ڕاوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیى عێراق، بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکان سەردانى هەولێرى کرد. هەروەها ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان، ڕایگەیاند "ئەو لایەنانەى لە پشت هێرشە درۆنییەکانەوەن، لاى هەردوولامان (حکومەتى هەرێم و حکومەتى فیدراڵ) ئاشکران".

چەند کاتژمێرێک بەرلە گەیشتنی شاندە باڵا ئەمنییەکەى عێراق، دوو درۆن لە قەزای خەباتى نزیک لە هەولێر کەوتنە خوارەوە و زیانی گیانییان لێ نەکەوتەوە.

وەزیری ناوخۆی هەرێم لە کۆنگرەى ڕۆژنامەوانیى هاوبەش لەگەڵ ڕاوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیى عێراق، وتیشی "پێشتر ‏چەندین لیژنە لەسەر هێرشەکان بۆ سەر هەرێم دروست كراون و گەیشتوونەتە دەرئەنجامیش، بەڵام تا ئێستا هیچ ‏ڕێكارێك نەگیراوەتە بەر و سنوورێك بۆ ئەو گرووپانە دانەنراوە".‏

ڕێبەر ئەحمەد لەگەڵ ئەوەى کە هیواى خواست "ئەم لیژنەیە ببێتە كۆتا لیژنە و ئەو لایەنانە دەستنیشان بكرێن و ‏ڕێكاری یاسایی و ئەمنی بەرانبەریان بگیرێتە بەر"، ڕایگەیاند "هەتا سەر بێدەنگ نابین".‏

لایخۆیەوە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق وتی "لەم ماوەیەدا لیژنەکان چەند خاڵێکیان دەستنیشان کردووە. زانیارییەکانمان لەگەڵ هەرێم ئاڵوگۆڕ کرد و ئامانجمان ئەوەیە ئەمن و ئاسایش لە ناوچەکەدا هەبێت".

ئەعرەجی وتیشی "ئێمە یاسا جێبەجێ دەکەین و پێویستە لەسەر هەموان جێبەجێ بکرێت. دەبێت یاسا لەسەر ئەوانەش جێبەجێ بکرێت کە کەمتەرخەم بوون".

لە ٣٠ـى حوزەیرانەوە هێرشى درۆنى بۆ سەر هەرێمى کوردستان دەستى پێ کردووە، بەڵام لە ١٤ـى تەمووزەوە کێڵگە نەوتییەکان کرانە ئامانج. نزیکەى ١٥ هێرش ئەنجام دراون، حەوت هێرشیان بە نۆ درۆن کێڵگە نەوتییەکانیان بەئامانج گرت: خورمەڵە یەک هێرش بە دوو درۆن، پیشخاپوور یەک هێرش بە دوو درۆن، تاوکێ دوو هێرش بە دوو درۆن، هاند ئۆیڵ دوو هێرش بە دوو درۆن، سەرسەنگ یەک هێرش بە یەک درۆن، ئەمە جگە لە کەوتنە خوارەوەى چەندین درۆن لە ناوچەى بێ ئامانج.

بەپێی بەدواداچوونێكی پەرەگراف، لە كۆی هەشت ناوچەی گرێبەستی نەوتی كە لە کاردا بوون و نۆ كێڵگەن، پێنجیان هێرشیان كراوەتە سەر. ئەو كێڵگە نەوتییانەی كە كراونەتە ئامانج، بە هەموویان زۆرینەی بەرهەمی نەوتی هەرێم پێك دەهێنن. هەر مەترسیی ئەو هێرشانە وای كردووە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەندێك كێڵگەی دیكەش ڕابگیرێت و ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێم لە ٣٠٠ هەزار بەرمیلەوە بۆ ١١٢ هەزار دابەزێت.