بەڕێوەبەری سۆمۆ: تا ئێستا هەرێمی كوردستان هیچ بڕە نەوتێكی ڕادەست نەكردووە

05-08-2025 11:37

پەرەگراف

بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ڕایگەیاند، تا ئێستا ‏هەرێمی كوردستان هیچ بڕە نەوتێكی بۆ هەناردەكردن ڕادەستی سۆمۆ نەكردووە. ‏دەشڵێت "ئامادەین بۆ وەرگرتنی هەر بڕە نەوتێك".‏

عەلی نزار فایەق، بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ، جەختیش دەكاتەوە كە ئەوان ‏‏"هەموو ڕێكارەكان"یان بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت لە ڕێی بەندەری جیهانی ‏توركیاوە تەواو كردووە، تەنیا ئەوەی كە ماوە، ڕادەستكردنی نەوتەكەیە لەلایەن ‏هەرێمەوە.‏

ڕۆژی 16-07-2025، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم هاتنە ئارای لێكتێگەیشتنێكی نوێی لەسەر "دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم و پابەندییەكانی سەر هەرێم" لەگەڵ بەغدا ڕاگەیاند و بڕیاری دا بە جێبەجێكردنی ناوەرۆكەكەی. ڕۆژی دواتریش ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لێكتێگەیشتنەكەی پەسەند كرد و كردی بە بڕیار.

بەپێى لێكتێگەیشتنەكە، دەبێت هەرێمی كوردستان هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو کە لە ئێستادا لە ٢٣٠ هەزار بەرمیل کەمتر نەبێت، ڕادەست بكات. دواتر حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند كە بەهۆی هێرشە درۆنییەكانەوە ناتوانن لە ئێستادا ئەو بڕە نەوتە ڕادەست بكەن، بەڵام ئامادەن هەرچەندیان لەبەردەستدا بێت ڕادەستی بكەن.

هەروەها بەپێی لێكتێگەیشتنەكە، هەرێمی كوردستان 120 ملیار دینار وەكو پشكی حكومەتی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی بۆ مانگی پێنج ڕادەستی حكومەتی فیدراڵ دەكات، بۆ مانگەكانی دواتر بڕی ئەو داهاتە لەلایەن لیژنەیەكی هاوبەشەوە دیار دەكرێت. بڕیار بوو چەند لیژنەیەكی هاوبەشیش بۆ چارەسەری كێشەكان و یەكلاكۆدنەوەیان لە ماوەی دوو هەفتەدا، پێك بهێنرێت.

لەدوای لێكتێگەیشتنەكەوە، حكومەتی هەرێم تەنیا 120 ملیار دینارەكەی ڕادەست كردووە، ئیتر نە كێشەی ڕادەستكردنی نەوت یەكلا بووەتەوە و نە لیژنە هاوبەشەكانیش كاری خۆیان كردووە، حكومەتی فیدراڵیش تەنیا مووچەی مانگی پێنجی بۆ هەرێم نادروووە.

دەقى بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق:

*دۆسیەى ڕادەستکردنى نەوت

١. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەجێ دەست دەکات بە ڕادەستکردنى هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی هەرێم بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنى نەوت (سۆمۆ) بۆ هەناردەکردن. وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕى ١٦ دۆلار (بەشێوەى نەوت یان کاش) بۆ هەر بەرمیلێکی ڕادەستکراو دەدات، بەگوێرەی یاسای بودجەی هەمواکراو، بە مەرجێک کە بڕی ڕادەستکراوى نەوت کەمتر نەبێت لە ٢٣٠,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانە. هەر زیادکردنێک لە بەرهەمهێنانى نەوت پێوستە لە ڕێگەی لیژنەیەکی هاوبەشی پێوانەوە دیارى بکرێت و ڕادەست بکرێت. ئەگەر هەناردەى نەوت بە هەر هۆکارێک ڕاوەستا، کۆی بڕی نەوتى باسکراو ڕادەستى وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەکرێت.

(ڕوونکردنەوە: کۆی بەرهەمهێنانی ئێستا ٢٨٠,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانەیە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ٥٠,٠٠٠ بەرمیل بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە هەرێم تەرخان کراوە. ئەو ٢٣٠,٠٠٠ بەرمیلەى کە دەمێنێـتەوە لەگەڵ هەر زیادبوونێکی داهاتووی بەرهەمهێنان، ڕادەستى سۆمۆ دەکرێت بۆ هەناردەکردن).

٢. بڕى ٥٠,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانەى نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی هەرێم تەرخان دەکرێت، بە مەرجێک حکومەتی هەرێمی کوردستان تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە دابین بکات. داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ خەزێنەی فیدراڵ دەگەڕێتەوە، دوای لێدەرکردنى تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتن. ئەگەر هەرێم پێویستی بە بەرهەمی زیاتر بوو، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆى دابین دەکات، بە مەرجێک کە لە ١٥,٠٠٠ بەرمیلی خاوی ڕۆژانە زیاتر نەبێت. لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێک دێت، بۆ دیاریکردنى پێداویستیى ناوخۆیى ڕاستەقینەی هەرێم و لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتێک لەوبارەیەوە پێشکەش بە حکومەتى فیدراڵ دەکات بۆ پەسەندکردن.

*دۆسیەى داهاتی نانەوتی:

١. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێى خەمڵاندنى سەرەتایى، دەبێت ١٢٠ ملیار دینار وەک بەشی خەزێنەی فیدراڵ لە داهاتی نانەوتی بۆ مانگى ئایاری ٢٠٢٥ ڕادەستى وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکات. ئەم خاڵە شایەنى گۆڕنکارییە دواى وردبینیکرن بەپێى خاڵى (٢) لە خوارەوە.

٢. لیژنەیەکى هاوبەشى هەڵسەنگاندن لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ و دیوانى چاودێریى دارایى فیدراڵ، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پۆلێنکردن، وردبینیکردن و دیاریکردنی پشکى حکومەتی فیدراڵ لە داهاتی نانەوتی دەکات، کە لە ئایاری ٢٠٢٥ـەوە دەستپێدەکات، بە پشتبەستن بە بنەماى وردبینیکردن لە ڕاپۆرتە هاوبەشەکاندا لەو کاتەوە کە یاسای بودجەی فیدراڵ چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە. لیژنەکە لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتێک پێشکەش بە حکومەتى فیدراڵ دەکات بۆ پەسەندکردن.

٣. پێکهێنانى لیژنەیەکی هاوبەشی هەردوو حکومەتى فیدراڵ و هەرێم، بۆ تەواوکردنى پرۆسەى تەوتینکردنى مووچە بەگوێرەی بڕیاری دادگای باڵاى فیدراڵ لە ماوەی سێ مانگدا، لە دواى ئەو وادەیە، مووچە تەنیا بە تەوتینکراوى دەدرێت.

٤. تیمێک پێکدەهێنرێت لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ و دیوانى چاودێریى دارایى فیدراڵ، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستى دیاریکردنى ڕێژەى تێپەڕاندنى پشکى هەرێم لە خەرجیی ڕاستەقینە (ئینفاقى فیعلى) و چۆنێتیى چارەسەرکردنى بەگوێرەی یاسای گشتیى بودجەی فیدراڵ بۆ ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥. تیمەکە لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتێک پێشکەش بە حکومەتى فیدراڵ دەکات.

٥. وەزارەتی دارایی فیدراڵ مووچەى مانگى ئایار بۆ فەرمانبەرانى هەرێمی کوردستان دەنێرێت، دواى ئەوەى پشتڕاستکردنەوەی لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ/سۆمۆ پێ دەگات بە وەرگرتنی تەواوی بڕی نەوتی دیاریکراو (لە ئێستادا ٢٣٠,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانە) لە بەندەری جەیهان.

٦. ئەم بڕیارانە لە دواى پەسەندکردنیان لەلایەن ئەنجوومەنى وەیرانەوە، دەچنە بوارى جێبەجێکردنەوە.