هەرێم و بەغداد لێکتێگەیشتنەکە جێبەجێ ناکەن؛ مووچەخۆرانیان لە چاوەڕوانیدا هێشتووەتەوە
پەرەگراف
پێچەوانەى چاوەڕوانییەکان، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق باسى مووچە و نەوتى هەرێمى کوردستانى نەکرد. ١٠ ڕۆژ لە مانگى هەشت تێپەڕیوە و چارەنووسى مووچەى مانگى شەشى مووچەخۆرانى هەرێم نادیارە. پاش ٢٥ ڕۆژیش لە لێکتێگیشتنەکەى نێوان هەرێم و بەغداد، هێشتا هەناردەکردنى نەوت دەستى پێ نەکردووەتەوە و کەمترین بڕگەى لێکتێگیشتنەکە جێبەجێ کراوە.
پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠-٠٨-٢٠٢٥، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بە سەرپەرشتیى محەمەد شیاع سوودانى و بە بەشداریى وەزیرە کوردەکان کۆبووەوە. ئەگەرچى پرسى ناردنى مووچە و هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم لە کارنامەى کۆبوونەوەکەدا نەبوو، بەڵام چاوەڕێ دەکرا هاوشێوەى کۆبوونەوەى هەفتەى پێشوو، لە کۆتایى کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆى لەبارەوە دەکرێت، بەڵام هیچ قسەیەکى لەسەر نەکرا.
لە شەوى ١٥-٠٧-٢٠٢٥ لێکتێگەیشتنێک لەنێوان هەرێم و بەغداد هاتە ئاراوە، کە بافڵ تاڵەبانى و فوئاد حسێن بە نوێنەرایەتیى هەرێم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق و لایەنەکانى عێراق ئەنجامیان دا. ١٦ـى مانگ ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم پەسەندى کرد و ١٧ـى مانگیش ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق پەسەندى کرد و کردى بە بڕیار. هەرچەندە ناوەرۆکى لێکتێگەیشتنەکە بە جۆرێکە کە چارەسەرێکى خێرا بێت بۆ کێشەى مووچە و هەناردەکردنەوەى نەوت، بەڵام هێشتا زۆرینەى بڕگەکانى بە جێبەجێنەکراوى ماوەتەوە.
لێکتێگەیشتنەکە بە "دەستبەجێ ڕادەستکردنى نەوت" لەلایەن هەرێمەوە دەست پێ دەکات و بە ناردنى مووچە لەلایەن حکومەتى فیدراڵەوە کۆتایى دێت. هەروەها ڕادەستکردنى ١٢٠ ملیار دینار وەکوو پشکى حکومەتى فیدراڵى لە داهاتى نانەوتیى هەرێم بۆ مانگى پێنج. پاشان دروستکردنى چەند لیژنەیەکى هاوبەش بۆ هەرسێ پرسى هەناردەکردنەوەى نەوت و چارەسەرى کێشەى مووچە و تەواوکردنى پرۆسەى بەبانکیکردنى مووچە (تەوتین).
لە کۆى لێکتێگەیشتنەکە، هەرێم تەنیا بڕگەى ناردنى ١٢٠ ملیار دینارى وەکوو پشکى حکومەتى فیدراڵى لە داهاتى نانەوتیى هەرێم بۆ مانگى پێنج جێبەجێ کردووە، حکومەتى فیدراڵیش تەنیا مووچەى مانگى پێنجى ناردووە.
بەپێى لێکتێگیەشتنەکە، دەبوو لە ماوەى دوو هەفتەدا، لیژنە هاوبەشەکان کارەکانیان تەواو بکەن و ڕاپۆرت بۆ ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بەرز بکەنەوە، چونکە ناردنى مووچەى مانگى شەش و مانگەکانى دواتر، بە ئەنجامى کارەکانى ئەو لیژنانەوە بەستراوەتەوە، کەچى ئەوەى تا ئێستا دیارە، چوونى شاندێکى تەکنینکى هەرێمە بۆ بەغداد و هیچ ئەنجامێک دیار نییە.
دەقى لێكتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغداد کە لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقەوە کراوە بە بڕیار:
*دۆسیەى ڕادەستکردنى نەوت
١. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەجێ دەست دەکات بە ڕادەستکردنى هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی هەرێم بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنى نەوت (سۆمۆ) بۆ هەناردەکردن. وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕى ١٦ دۆلار (بەشێوەى نەوت یان کاش) بۆ هەر بەرمیلێکی ڕادەستکراو دەدات، بەگوێرەی یاسای بودجەی هەمواکراو، بە مەرجێک کە بڕی ڕادەستکراوى نەوت کەمتر نەبێت لە ٢٣٠,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانە. هەر زیادکردنێک لە بەرهەمهێنانى نەوت پێوستە لە ڕێگەی لیژنەیەکی هاوبەشی پێوانەوە دیارى بکرێت و ڕادەست بکرێت. ئەگەر هەناردەى نەوت بە هەر هۆکارێک ڕاوەستا، کۆی بڕی نەوتى باسکراو ڕادەستى وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەکرێت.
(ڕوونکردنەوە: کۆی بەرهەمهێنانی ئێستا ٢٨٠,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانەیە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ٥٠,٠٠٠ بەرمیل بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە هەرێم تەرخان کراوە. ئەو ٢٣٠,٠٠٠ بەرمیلەى کە دەمێنێـتەوە لەگەڵ هەر زیادبوونێکی داهاتووی بەرهەمهێنان، ڕادەستى سۆمۆ دەکرێت بۆ هەناردەکردن).
٢. بڕى ٥٠,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانەى نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی هەرێم تەرخان دەکرێت، بە مەرجێک حکومەتی هەرێمی کوردستان تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە دابین بکات. داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ خەزێنەی فیدراڵ دەگەڕێتەوە، دوای لێدەرکردنى تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتن. ئەگەر هەرێم پێویستی بە بەرهەمی زیاتر بوو، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆى دابین دەکات، بە مەرجێک کە لە ١٥,٠٠٠ بەرمیلی خاوی ڕۆژانە زیاتر نەبێت. لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێک دێت، بۆ دیاریکردنى پێداویستیى ناوخۆیى ڕاستەقینەی هەرێم و لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتێک لەوبارەیەوە پێشکەش بە حکومەتى فیدراڵ دەکات بۆ پەسەندکردن.
*دۆسیەى داهاتی نانەوتی:
١. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێى خەمڵاندنى سەرەتایى، دەبێت ١٢٠ ملیار دینار وەک بەشی خەزێنەی فیدراڵ لە داهاتی نانەوتی بۆ مانگى ئایاری ٢٠٢٥ ڕادەستى وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکات. ئەم خاڵە شایەنى گۆڕنکارییە دواى وردبینیکرن بەپێى خاڵى (٢) لە خوارەوە.
٢. لیژنەیەکى هاوبەشى هەڵسەنگاندن لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ و دیوانى چاودێریى دارایى فیدراڵ، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پۆلێنکردن، وردبینیکردن و دیاریکردنی پشکى حکومەتی فیدراڵ لە داهاتی نانەوتی دەکات، کە لە ئایاری ٢٠٢٥ـەوە دەستپێدەکات، بە پشتبەستن بە بنەماى وردبینیکردن لە ڕاپۆرتە هاوبەشەکاندا لەو کاتەوە کە یاسای بودجەی فیدراڵ چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە. لیژنەکە لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتێک پێشکەش بە حکومەتى فیدراڵ دەکات بۆ پەسەندکردن.
٣. پێکهێنانى لیژنەیەکی هاوبەشی هەردوو حکومەتى فیدراڵ و هەرێم، بۆ تەواوکردنى پرۆسەى تەوتینکردنى مووچە بەگوێرەی بڕیاری دادگای باڵاى فیدراڵ لە ماوەی سێ مانگدا، لە دواى ئەو وادەیە، مووچە تەنیا بە تەوتینکراوى دەدرێت.
٤. تیمێک پێکدەهێنرێت لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ و دیوانى چاودێریى دارایى فیدراڵ، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستى دیاریکردنى ڕێژەى تێپەڕاندنى پشکى هەرێم لە خەرجیی ڕاستەقینە (ئینفاقى فیعلى) و چۆنێتیى چارەسەرکردنى بەگوێرەی یاسای گشتیى بودجەی فیدراڵ بۆ ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥. تیمەکە لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتێک پێشکەش بە حکومەتى فیدراڵ دەکات.
٥. وەزارەتی دارایی فیدراڵ مووچەى مانگى ئایار بۆ فەرمانبەرانى هەرێمی کوردستان دەنێرێت، دواى ئەوەى پشتڕاستکردنەوەی لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ/سۆمۆ پێ دەگات بە وەرگرتنی تەواوی بڕی نەوتی دیاریکراو (لە ئێستادا ٢٣٠,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانە) لە بەندەری جەیهان.
٦. ئەم بڕیارانە لە دواى پەسەندکردنیان لەلایەن ئەنجوومەنى وەیرانەوە، دەچنە بوارى جێبەجێکردنەوە.