
پەرەگراف
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق(سۆمۆ) ڕایگەیاند، گرێبەستیان لەگەڵ کڕیارانی نەوتی هەرێمی کوردستان تەواوکردووەو چاوەڕێی ڕادەستکردنی نەوتن لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە تا لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە.
عەلی شەتڕی بەڕێوەبەری گشتی سۆمۆ بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، لە ئێستادا نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە ناکرێت و تەنها لەناوخۆدا بەکاردێت، هەوڵەکانی بەردەوامن بۆ گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بەپێی یاسای بودجە.
شەتڕی ئەوەش دەخاتەڕوو، حکومەتی هەرێم هێشتا نەوتی ڕادەستی سۆمۆ نەکردووەو لە نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان پەیوەندیی گرێبەستیی دەمێنێتەوە.
بەڕێوەبەری سۆمۆ پێیوایە، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان شکۆمەندییە بۆ عێراق وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی هەناردەکردن بۆ بازاڕی ئەورووپا.
بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، سەرجەم ئەو كێڵگە نەوتییانەی هەرێمی كوردستان كە بەهۆی هێرشە درۆنییەكانەوە بەرهەمهێنانیان ڕاگرتبوو، دەستیان بە بەرهەمهێنان كردووەتەوە. بەرهەمهێنان لە زۆرینەی كێڵگەكان گەڕاوەتەوە بۆ ئاستی ئاساییی خۆی.
ڕۆژی 16-07-2025، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم هاتنە ئارای لێكتێگەیشتنێكی نوێی لەسەر "دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم و پابەندییەكانی سەر هەرێم" لەگەڵ بەغدا ڕاگەیاند و بڕیاری دا بە جێبەجێكردنی ناوەرۆكەكەی. ڕۆژی دواتریش ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لێكتێگەیشتنەكەی پەسەند كرد و كردی بە بڕیار.
بەپێى لێكتێگەیشتنەكە، دەبێت هەرێمی كوردستان هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو کە لە ئێستادا لە ٢٣٠ هەزار بەرمیل کەمتر نەبێت، ڕادەست بكات. دواتر حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند كە بەهۆی هێرشە درۆنییەكانەوە ناتوانن لە ئێستادا ئەو بڕە نەوتە ڕادەست بكەن، بەڵام ئامادەن هەرچەندیان لەبەردەستدا بێت ڕادەستی بكەن.
هەروەها بەپێی لێكتێگەیشتنەكە، هەرێمی كوردستان 120 ملیار دینار وەكو پشكی حكومەتی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی بۆ مانگی پێنج ڕادەستی حكومەتی فیدراڵ دەكات، بۆ مانگەكانی دواتر بڕی ئەو داهاتە لەلایەن لیژنەیەكی هاوبەشەوە دیارى دەكرێت.