شاندی هەرێم لە بەغدادە و هەناردەكردنەوەی نەوت لە ئەمڕۆ و سبەیدایە؛ 'هەفتەی چارەسەر' لە ڕێگایە

06-08-2025 06:58

پەرەگراف

شاندێكی حكومەتی هەرێم بۆ جێبەجێكردنی لێكتێگەیشتنەكە و چارەسەری لەمپەرەكانی بەردەمی، لە بەغدادە و دەستی بە كۆبوونەوەكانی كردووە. دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەو بڕە كەمە كە لەبەردەستدایە، لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە قبووڵ كراوە. سەرچاوەیەك دەڵێت "بڕیارە لە چەند ڕۆژێكدا ڕێككەوتن لەبارەی داهاتی نانەوتییەوە بكرێت و ڕۆژی یەكشەممە لەبارەی مووچەوە بڕیار دەدرێت".

ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد سێ‌ تەوەری سەرەكیی لەخۆ گرتووە، هەناردەكردنەوەی نەوت، ڕادەستكردنی داهاتی نانەوتی و تەوتینی مووچە. لەبارەی جێبەجێكردنی هەرسێكیانەوە "لێكنزیكبوونەوە" لە بۆچوونی هەردوولادا هەیە و چاوەڕێ‌ دەكرێت هەفتەی ئایندە "هەفتەی چارەسەر كێشەی مووچە بێت، بەلای كەمەوە تا كۆتایی ئەمساڵ".

بەیانیی ئەمڕۆ 06-08-2025، شاندێكی تەكنیكیی وەزارەتی دارایی و چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان، گەیشتە بەغداد و دەستی بە كۆبوونەوەكانی لەگەڵا وەزارەتی دارایی عێراق كرد.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغداد بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئامانجی سەرەكیی شاندەكەی هەرێم، ڕێككەوتنە لەبارەی ئەو بڕە داهاتە نانەوتییەی كە دەبێت هەرێم بۆ مانگی شەش و مانگەكانی دواتر ڕادەستی بكات، ئەوەش وەكوو بەشێك لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "هەوڵی ئەوە دەدرێت تا ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو كە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوە دەچێت، لیژنەی هاوبەشی هەرێم و بەغداد ڕاپۆرتێك لەسەر داهاتی نانەوتیی هەرێم و پشكی حكومەتی فیدراڵ ئامادە بكەن و بەرزی بكەنەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق".

"هێشتا گرەنتی نییە كە هەرێم و بەغداد لەم چەند ڕۆژەدا لەسەر داهاتی نانەوتی بگەنە ڕێككەوتن، لەبەر ئەوەی تێڕوانینی جیاوازیان لەبارەیەوە هەیە. عێراق پێی وایە كۆی نیوەی داهاتەكە دەبێت ڕادەست بكرێت، هەرێمیش پێی وایە نیوەی داهاتە فیدراڵییەكانە كە كەمتر لەوە دەكات. دەبێت لەوبارەیەوە هەردوولا سازش بكەن بۆ ئەوەی بگەنە ڕێككەوتن"، سەرچاوەكەی پەرەگراف وای وت.

ڕۆژی سێشەممە 05-08-2025، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و تێیدا باس لە جێبەجێكردنی لێكتێگەیشتنەكەی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ كرا. سەرۆكوەزیرانی عێراق تا كۆبوونەوەی داهاتوو كە ئەمجارە بڕیارە یەكشەممە 10-08-2025 بەڕێوە بچێت، دەرفەتی بە شاندەكانی هەرێم و بەغداد دا تا لەمپەرەكانی بەردەم جێبەجێكردنی لێكتێگەیشتنەكە نەهێڵن.

سەبارەت بە هەناردەكردنەوەی نەوت، وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرای كرد كە لەگەڵ هەرێم گەیشتوونەتە ڕێككەوتن بۆ ئەوەی ئەو بڕە نەوتەی ئێستا بەردەستە، ڕادەستی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بكرێت و لە ڕێگەی بەندەی جەیهانی توركیاوە هەناردە بكرێت.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ سەردانی كۆمپانیای نەوتی باكووری لە كەركووك كرد و ڕایگەیاند "بڕی بەرهەمی ئەو كێڵگە نەوتییانەی هەرێمی كوردستان كە تا ئێستا لە بەرهەمهێنان بەردەوامن، ڕۆژانە نزیكەی ١٣٠ هەزار بەرمیلە، ٥٠ هەزاری بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ دەبێت و ڕێكەوتن لەگەڵ بریان لە هەرێم كراوە كە ئەو ٨٠ هەزار بەمیلەكەی دیكەی ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكرێت و لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە هەناردە بكرێت".

وەزیری نەوتی عێراق وتیشی "دانوستان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە و پەیوەندییەكانیش لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەردەوامن بۆ ڕادەستكردنی نەوت و هەناردەكردنی لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە. دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە ئەمڕۆ و سبەیدایە".

بە قسەی حەیان عەبدولغەنی، دەبوو لە ئەمڕۆوە دەست بە هەناردەكردنی نەوت بكرایەتەوە، "بەڵام پرۆسەی پەمپكردنی نەوت پێویستی بە كۆگایەكی نەوتی هەیە. نەوتەكە لە تانكییەكاندا كۆدەكرێتەوە و پاشان بە شێوەی پچڕپچڕ لە ڕێگەی بۆرییەكەوە پاڵی پێوە دەنرێت بۆ بەندەری جەیهان".

بەپێی لێدوانی وەزیری نەوتی عێراق، كێشەی ڕادەستكردنی نەوت و بڕەكەی چارەسەر بووە، بەوەش گەورەترین لەمپەری بەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نامێنێت. دەربارەی داهاتی نانەوتیش لێكنزیكبوونەوە هەیە.

خالێكی دیكەی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد، بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەران (تەوتین)ـە، كە دەبێت لە ماوەی سێ‌ مانگدا تەواو بكرێت. بەرپرسانی حكومەتی هەرێم دەڵێن، پرۆژەی (هەژماری من) بۆ بەبانكیكردنی مووچە لەلایەن بەغدادەوە دانی پێدا نراوە و بە تەوتینكردنی مووچە حیساب دەكرێت، كە ئەمە هێشتا بە تەواوی پشتڕاست نەبووەتەوە.

بەپێی دوایین داتاكانی تیمی هەژماری من، تا ئێستا "800 هەزار" مووچەخۆری هەرێمی كوردستان خۆیان لە پرۆژەكەدا تۆمار كردووە و تیمەكە دەڵێت "نزیكبووینەتەوە لە بەبانكیكردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران".

هەندێك لە پەرلەمانتارانی كوردی ئێستا و پێشووی عێراق و كوردستان، پێیان وایە حكومەتی فیدراڵی (پرۆژەی هەژماری من) بەو سەربەخۆییەی ئێستای قبووڵ ناكات، بەڵكو دەبێت حكومەتی هەرێم مەلەفی زانیاری و داتای سەرجەم مووچەخۆران بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێرێت، لەگەڵ ئەو بانكانەی كە مووچەكانیان تێدا بەبانكی كردووە، ئەوكات مانگانە مووچەكانیان ڕاستەخۆ دەخرێتە سەر هەژمارەكانیان. ئەم بۆچوونەش هێشتا نەسەلماوە.

ڕۆژی 16-07-2025، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم هاتنە ئارای لێكتێگەیشتنێكی نوێی لەسەر "دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم و پابەندییەكانی سەر هەرێم" لەگەڵ بەغدا ڕاگەیاند و بڕیاری دا بە جێبەجێكردنی ناوەرۆكەكەی. ڕۆژی دواتریش ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لێكتێگەیشتنەكەی پەسەند كرد و كردی بە بڕیار.

بەپێى لێكتێگەیشتنەكە، دەبێت هەرێمی كوردستان هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو کە لە ئێستادا لە ٢٣٠ هەزار بەرمیل کەمتر نەبێت، ڕادەست بكات. دواتر حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند كە بەهۆی هێرشە درۆنییەكانەوە ناتوانن لە ئێستادا ئەو بڕە نەوتە ڕادەست بكەن، بەڵام ئامادەن هەرچەندیان لەبەردەستدا بێت ڕادەستی بكەن.

هەروەها بەپێی لێكتێگەیشتنەكە، هەرێمی كوردستان 120 ملیار دینار وەكو پشكی حكومەتی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی بۆ مانگی پێنج ڕادەستی حكومەتی فیدراڵ دەكات، بۆ مانگەكانی دواتر بڕی ئەو داهاتە لەلایەن لیژنەیەكی هاوبەشەوە دیارى دەكرێت.

دەقى لێكتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغداد:

*دۆسیەى ڕادەستکردنى نەوت

١. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەجێ دەست دەکات بە ڕادەستکردنى هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی هەرێم بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنى نەوت (سۆمۆ) بۆ هەناردەکردن. وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕى ١٦ دۆلار (بەشێوەى نەوت یان کاش) بۆ هەر بەرمیلێکی ڕادەستکراو دەدات، بەگوێرەی یاسای بودجەی هەمواکراو، بە مەرجێک کە بڕی ڕادەستکراوى نەوت کەمتر نەبێت لە ٢٣٠,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانە. هەر زیادکردنێک لە بەرهەمهێنانى نەوت پێوستە لە ڕێگەی لیژنەیەکی هاوبەشی پێوانەوە دیارى بکرێت و ڕادەست بکرێت. ئەگەر هەناردەى نەوت بە هەر هۆکارێک ڕاوەستا، کۆی بڕی نەوتى باسکراو ڕادەستى وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەکرێت.

(ڕوونکردنەوە: کۆی بەرهەمهێنانی ئێستا ٢٨٠,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانەیە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ٥٠,٠٠٠ بەرمیل بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە هەرێم تەرخان کراوە. ئەو ٢٣٠,٠٠٠ بەرمیلەى کە دەمێنێـتەوە لەگەڵ هەر زیادبوونێکی داهاتووی بەرهەمهێنان، ڕادەستى سۆمۆ دەکرێت بۆ هەناردەکردن).

٢. بڕى ٥٠,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانەى نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی هەرێم تەرخان دەکرێت، بە مەرجێک حکومەتی هەرێمی کوردستان تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە دابین بکات. داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ خەزێنەی فیدراڵ دەگەڕێتەوە، دوای لێدەرکردنى تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتن. ئەگەر هەرێم پێویستی بە بەرهەمی زیاتر بوو، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆى دابین دەکات، بە مەرجێک کە لە ١٥,٠٠٠ بەرمیلی خاوی ڕۆژانە زیاتر نەبێت. لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێک دێت، بۆ دیاریکردنى پێداویستیى ناوخۆیى ڕاستەقینەی هەرێم و لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتێک لەوبارەیەوە پێشکەش بە حکومەتى فیدراڵ دەکات بۆ پەسەندکردن.

*دۆسیەى داهاتی نانەوتی:

١. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێى خەمڵاندنى سەرەتایى، دەبێت ١٢٠ ملیار دینار وەک بەشی خەزێنەی فیدراڵ لە داهاتی نانەوتی بۆ مانگى ئایاری ٢٠٢٥ ڕادەستى وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکات. ئەم خاڵە شایەنى گۆڕنکارییە دواى وردبینیکرن بەپێى خاڵى (٢) لە خوارەوە.

٢. لیژنەیەکى هاوبەشى هەڵسەنگاندن لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ و دیوانى چاودێریى دارایى فیدراڵ، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پۆلێنکردن، وردبینیکردن و دیاریکردنی پشکى حکومەتی فیدراڵ لە داهاتی نانەوتی دەکات، کە لە ئایاری ٢٠٢٥ـەوە دەستپێدەکات، بە پشتبەستن بە بنەماى وردبینیکردن لە ڕاپۆرتە هاوبەشەکاندا لەو کاتەوە کە یاسای بودجەی فیدراڵ چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە. لیژنەکە لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتێک پێشکەش بە حکومەتى فیدراڵ دەکات بۆ پەسەندکردن.

٣. پێکهێنانى لیژنەیەکی هاوبەشی هەردوو حکومەتى فیدراڵ و هەرێم، بۆ تەواوکردنى پرۆسەى تەوتینکردنى مووچە بەگوێرەی بڕیاری دادگای باڵاى فیدراڵ لە ماوەی سێ مانگدا، لە دواى ئەو وادەیە، مووچە تەنیا بە تەوتینکراوى دەدرێت.

٤. تیمێک پێکدەهێنرێت لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ و دیوانى چاودێریى دارایى فیدراڵ، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستى دیاریکردنى ڕێژەى تێپەڕاندنى پشکى هەرێم لە خەرجیی ڕاستەقینە (ئینفاقى فیعلى) و چۆنێتیى چارەسەرکردنى بەگوێرەی یاسای گشتیى بودجەی فیدراڵ بۆ ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥. تیمەکە لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتێک پێشکەش بە حکومەتى فیدراڵ دەکات.

٥. وەزارەتی دارایی فیدراڵ مووچەى مانگى ئایار بۆ فەرمانبەرانى هەرێمی کوردستان دەنێرێت، دواى ئەوەى پشتڕاستکردنەوەی لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ/سۆمۆ پێ دەگات بە وەرگرتنی تەواوی بڕی نەوتی دیاریکراو (لە ئێستادا ٢٣٠,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانە) لە بەندەری جەیهان.

٦. ئەم بڕیارانە لە دواى پەسەندکردنیان لەلایەن ئەنجوومەنى وەیرانەوە، دەچنە بوارى جێبەجێکردنەوە.