نێچیرڤان بارزانی بە مەرج دەستلەكار كێشانەوەی وەزیرەكانی یەكگرتوو پەسەند دەكات

13-02-2018 05:42
ڕێكخەری گشتی گۆڕان، سەرۆكی حكومەت، ئەمیری كۆمەڵ‌و ئەمینداری یەكگرتوو.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

نێچیرڤان بارزانی فەرمانی دەستلەكار كێشانەوەی وەزیرەكانی یەكگرتووی پەسەند، ئەوەش بە مەرجی بەردەوام بوون لە كارەكانیان تا پڕكردنەوەی شوێنەكانیان بە وەزیرێكی دیكە یاخود بەوەكالەت، وەزیرەكانی یەكگرتوو هەرلە سەرەتاوە بەبێ بوونی فەرمانی سەرۆك وەزیران ئەو مەرجەیان جێبەجێ كردووە.

 

پەسەندكردنی دەستلەكار كێشانەوەی وەزیرەكانی یەكگرتوو لە كاتێكدایە هێشتا دەستلەكار كێشانەوەی وەزیرەكانی گۆڕان‌و كۆمەڵ پەسەند نەكراون كە بەرلەوانەی یەكگرتوو پێشكەشیان كردووە، گۆڕان شیكردنەوەی بۆ ئەم پرسە هەیەو كۆمەڵ قسەی لەسەر ناكات.

 

بەپێی نوسراوێك كە واژۆی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی لەسەرەو ئەمڕۆ دەرچووە، دەستلەكار كێشانەوەی هەریەكە لە وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان كە هاوكات وەزیری گواستنەوەو گەیاندنە بە وەكالەت لەگەڵ وەزیری هەرێم بۆ كاروباری كۆچ‌و كۆچبەران پەسەندكراون كە سەرجەمیان لە پشكی یەكگرتووی ئیسلامی بوون، 17-1-2018 حزبەكەیان دوای دوو ڕۆژ كۆبوونەوەی چڕ كشانەوەی لە حكومەت ڕاگەیاند.

 

لە خاڵێكی فەرمانی پەسەندكردنی دەستلەكار كێشانەوەكانیاندا هاتووە"لە ئەرك‌و فەرمانەكانی خۆیان بەردەوام دەبن تاكو وەزیرێكی دیكە لە شوێنیان دادەمەزرێندرێت یان كارەكانی وەزارەت بە وەزیرێكی دیكە دەسپێردرێت بەوەكالەت."

 

هەرچەندە یەكگرتوو لە حكومەت كشاوەتەوە، بەڵام تائێستا وەزیرەكانی ئەو حزبە لە وەزارەتەكانیان دانەبڕاون‌و نوسراوە فەرمییەكان واژۆ دەكەن، ئەوەش لەسەر داواكاریی نێچیرڤان بارزانی كە ڕۆژێك دوای ڕاگەیاندنی كشانەوەی یەكگرتوو لەگەڵ ئەوەی ڕەخنەی لە بڕیارەكەی ئەو حزبە گرت، هاوكات تەئكیدی كردەوە، كابینەی ئێستای حكومەت بەردەوام دەبێت تاهەڵبژاردنی داهاتوو، هیواشی خواست وەزیرەكانی یەكگرتوو بەردەوام بن لە كارەكانیان تاوەكو وەزیری دیكە لە شوێنیان دادەنرێن.

 

بەرلە دەرچوونی فەرمانەكەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی، محەمەد هاودیانی وەزیری دەستلەكار كێشاوەی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بە دەنگی ئەمەریكا وتبوو"ئەوەی پەیوەندی بە مامەڵەی هاوڵاتیانەوە هەبێت هێناومانە بۆ ماڵەو و لەوێ واژۆمان كردووە، هیوادارین بەزوترین كات واژۆ لەسەر دەسلەكاركێشانەوەكانمان بكرێت، چونكە ئێمە بەهیچ جۆرێك پابەند نابین بە ئەندامێتیمان وەك وەزیر لەم حكومەتە."

 

لە ئێستادا ڕوون نییە كە یەكگرتوو پابەندی ئەو فەرمانەی سەرۆكی حكومەت دەبێت بۆ مانەوەی وەزیرەكانی لە كاركردن تا پڕكردنەوەی شوێنەكانیان یاخود نا؟ بۆ وەرگرتنی وەڵام‌و زانیاریی زیاتر پەرەگراف پەیوەندیكرد بە هادی عەلی وتەبێژی یەكگرتوو، بەڵام بەردەست نەبوو.

 

لە دوای كشانەوەی یەكگرتوو ئێستا تەنها پارتی‌و یەكێتی لە حكومەتدا ماون، گۆڕان بە چوار وەزیر(پێشمەرگە، دارایی-ئێستا وەزیرەكەی لە حكومەتدایە دوای وازهێنانی لە گۆڕان-، پیشەسازی، ئەوقاف)و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان‌و كۆمەڵ بە وەزیری كشتوكاڵ‌و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە‌و سەرۆكی دەزگای مین بەشداربوون لە حكومەتی هەرێم‌و 20-12-2017 پێكەوە كشانەوە.

 

بۆ كشانەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵ پەسەند ناكرێت؟

 

نێچیرڤان بارزانی تائێستا ئامادە نییە دەستلەكاركێشانەوەی وەزیرەكانی گۆڕان‌و كۆمەڵ پەسەند بكات‌و پێشتر ڕایگەیاند، پرسیاریان لەو بارەیەوە هەیە، وەزیرەكانی گۆڕان‌و كۆمەڵ بە تەواوی لە وەزارەتەكانیان دابڕاون‌و هیچ نوسراوێك واژۆ ناكەن.

 

دانا عەبدولكەریم، بەرپرسی بەشی حكومەت لە ژووری پەرلەمان‌و حكومەتی بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ پەرەگراف باسلەوەدەكات دوای ئەوەی لە 12ی ئۆكتۆبەری 2015 وەزیرەكانیان دوورخرانەوە ئەوان لە هەوڵەكانیان بەردەوام بوون بۆ یاسا سەروەریی‌و چاكسازیی، بەڵام حكومەت ئامادەیی نەبووەو دواتر بەدەم داوایەكی ئەوانەوە نەچووە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی كاتیی، هەربۆیە بە فەرمی كشانەوەیان ڕاگەیاندووە، وتی"نێچیر قبوڵی دەكات یاخود نا ئەوە پەیوەندیی بەخۆیەوە هەیە."

 

لە وەڵامی پرسیارێكدا كە بۆچی نێچیرڤان بارزانی دەستلەكار كێشانەوەی وەزیرەكانی گۆڕان‌و كۆمەڵ پەسەند ناكات؟ دانا عەبدولكەریم هەرچەندە وتی، دەبێت ئەو پرسیارە لە نێچیرڤان بارزانی بكرێت، وتیشی"ئەگەر شیكردنەوەی بۆ بكەین هۆكارەكە ئەوەیە، دیارە ئەگەر داواكارییەكانی گۆڕان‌و كۆمەڵیش قبوڵبكات ڕەنگە ژمارەی وەزیرە دەستلەكار كێشاوەكان بگاتە نیوەو زیاتریش، ئەوكاتە شەرعییەتی حكومەتەكەی ئەو هەرچەندە شەرعییەتیشی نەماوە، بوونی نامێنێت."

 

وەزیرەكانی گۆڕان لە 2015وەو وەزیرەكانی كۆمەڵ لە كۆتایی مانگی 12ی 2017 دوای پێشكەشكردنی دەستلەكار كێشانەوەیان هیچ نوسراوێكی فەرمیی وەزارەتەكانیان واژۆ نەكردووە.

 

عەبدولستار مەجید، وەزیری دەستلەكار كێشاوەی كشتوكاڵ(پشكی كۆمەڵ) بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، هیچ بە وان نەوتراوە دەربارەی پەسەندكردنی دەستلەكار كێشانەوەكانیان، دەربارەی هۆكاری پەسەند نەكردنی، وتی، دەبێت لە سەرۆكی حكومەت بپرسرێت.

 

ئەو وەزیرە دەستلەكار كێشاوەیەی كۆمەڵ هیچ قسەیەكی نەبوو لەسەر پەسەندكردنی دەستلەكار كێشانەوەی وەزیرەكانی یەكگرتوو، وتیشی"ئێمە لەو ڕۆژەی دەستلەكار كێشانەوەمان پێشكەش كردووە هیچ نوسراوێكی فەرمیمان واژۆ نەكردووە."

 

دوای كشانەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵ، نێچیرڤان بارزانی بە ڕوونی ڕایگەیاند، دەستلەكار كێشانەوەی وەزیرەكانیان قبوڵ ناكات، وتی"چونكە نازانین بۆ 3-4 مانگ پێش هەڵبژاردن؟ ئێمە هێشتا تێنەگەیشتووین ئەمانە بۆ لە حكومەت دەرچوون، وەڵامی ئەوەمان دەوێت، چوار ساڵە لەگەڵمانن تازە تێگەیشتوون ئەم حكومەتە وایە؟ ئێمە ئەم پرسیارانەمان هەیەو پێمانوایە دەبێت جارێ قسەیان لەگەڵ بكەین بزانین چییە مەسەلە."

 

ئەوە لەكاتێكدایە گۆڕان‌و كۆمەڵ كە پێكەوە كشانەوە، لە بەیاننامەی كشانەوەیاندا ئەوەیان خستەڕوو، دەسەڵات بەردەوام بووە لە "درێژەدان بە گەندەڵی‌و شەراكەتی ڕاستەقینەی قبوڵ نەكردووەو ئامادە نەبووە چاكسازیی ڕاستەقینە ئەنجام بدات."

 

لە دوای كشانەوەی یەكگرتوو ئێستا تەنها پارتی‌و یەكێتی لە حكومەتدا ماون، كشانەوەی ئەو حزبانە لە حكومەت لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان لەبەردەم هەڵبژاردنەكاندایە، بڕیارە 12-5 هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق‌و دواتریش هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و سەرۆكی هەرێم ئەنجامبدرێن كە ئەمەیان هێشتا وادەكەی دیاریی نەكراوە.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ لە دوای ڕێگریی لە سەرۆكی پەرلەمان بۆ چوونە هەولێر لەلایەن پارتییەوە لە مانگی 10ی 2015‌و دورخستنەوەی وەزیرەكانی گۆڕان لە حكومەت، لە زۆربەی پرسە سیاسییەكاندا هاوبۆچوون بوون‌و هەڵوێستی هاوبەشیان هەبووە.

 

ئەو دوو حزبە هەرچەندە وەك ڕەخنەگرو ئۆپۆزسیۆنی حكومەت دەردەكەوتن‌و پەیامەكانیان بڵاودەكردەوە، بەڵام لە حكومەتی هەرێم نەكشابوونەوە تا كۆتایی ساڵی ڕابردوو.

 

پەرەگراف هەوڵیدا لە هۆكاری پەسەند نەكردنی كشانەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵ بپرسێت، بۆئەو مەبەستە پرسیاری ئاڕاستەی دڵشاد شەهاب، ڕاوێژكاری نێچیرڤان بارزانی كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

 

فەرمانەكەی ئەمڕۆی سەرۆكی حكومەتی هەرێم.

 

كابینەی ئێستای نێچیرڤان بارزانی

 

كابینە یەك لەدوای یەكەكانی هەرێم، ئەوەندەی پەنجەی شكستیان بۆ درێژ دەكرێت زۆر بەكەمی ستایش دەكرێن، هەربۆیە دوای 26 ساڵ لە ئەزموونی حوكمڕانی‌و ئیدارەدان، پرسی هەڵوەشاندنەوەو جارێكیتر پێكهێنانەوەی حكومەت بۆ تێپەڕاندنی كێشەكان‌و چاكسازیی، بووەوە بە بابەتی گەرمی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان.

 

بەتایبەت دوای دەرئەنجامەكانی ڕیفراندۆم‌و پێشڕەویی هێزە عێراقییەكان‌و كۆنتڕۆڵ كردنەوەی كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان لە ناوەڕاستی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو، گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح چەند جارێك داوای حكومەتی نوێیان كردو دواتریش یەكگرتوو چووەپاڵ هەمان داواكاریی، بەڵام پارتی‌و یەكێتی ئەوەیان ڕەتكردەوە.

 

كابینەی ئێستای حكومەت، پێنج حزبی خاوەن زۆرینەی كورسیەكانی پەرلەمان(پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو)، دوای ساڵانێك لە ململانێ‌ لەناوەڕاستی ساڵی 2014 پێكەوە پێكیانهێنا، بەڵام ئەم حكومەتە تەنیا ساڵێك بەو هاوبەشییە مایەوە‌و ناكۆكییەكانیان جارێكیتر تەقینەوەو گۆڕان لە حكومەت دوورخرایەوە.

 

گەیشتنە لوتكەی ناكۆكی حزبەكان بەتایبەت گۆڕان‌و پارتی، دوابەدوای بێئەنجامبوونی نۆ كۆبوونەوەی پێنجقۆڵی‌و دەیان دیداری تر بەنێوەندگیری وڵاتانی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی هات لەسەر پۆستی سەرۆكی هەرێم، كاتێك مەسعود بارزانی لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو وازی لە پۆستەكەی هێنا، هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەهێزكردنەوەی حكومەتەكەی دەستیپێكرد، بەڵام قەیران‌و كێشەی نوێ دروستبوون.

 

نێچیرڤان بارزانی كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتی‌و برازای مەسعود بارزانییە، بە درێژایی تەمەنی حكومەت زۆرترین ماوە سەرۆك وەزیران بووەو 20 ساڵە لە لوتكەی دەسەڵاتی هەرێمدایە(3 ساڵ جێگری سەرۆك وەزیران‌و 17 ساڵ سەرۆك وەزیران)، ئەو ئەزمونێكی زۆری هەیە لە سیاسەت‌و حوكمڕانی‌و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بەوپێیەی لەتەمەنی 23 ساڵیداو لە 1989وە بووەتە ئەندامی سەركردایەتی پارتی كە حزبی گەورەو باڵادەستی كوردستانە، بەڵام حكومەتداریی‌و سیاسەتی بەڕێوەبردنی ڕوبەڕوی زۆرترین ڕەخنە بووەتەوەو زۆرێك بە "شكستخواردوو" ناوی دەبەن.

 

دیارترین مەلەف كە نێچیرڤان بارزانی بە ئەندازیارو كەسی یەكەمی دادەنرێت پرسی ئابوریی سەربەخۆو هەناردەی نەوتی هەرێمە لەڕێی بۆریی سەربەخۆی خۆیەوە، ئەم پرسە گرژییەكانی نێوان هەولێرو بەغدای گەیاندە بەرزترین ئاست‌و گەیشتە ئەوەی حكومەتی ناوەندیی لە بەغداد بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی.

 

حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی چوار ساڵە نەیتوانیوە موچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا بدات، سەرباری پاشەكەوتكردنی بەشێكی زۆر لە موچە هاوكات چەند مانگێكیش قەرزاری فەرمانبەرانە، لەگەڵ قەرزی كۆمپانیا ناوخۆیی‌و بیانییەكان كە بە زیاتر لە 16 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

 

هەرچەندە هەناردەی سەربەخۆی نەوتی هەرێم‌و ئابوریی سەربەخۆ، یەكێك بوو لە شانازییەكانی نێچیرڤانی بارزانی، بەڵام دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی نەوتی كەركوك لەلایەن بەغداو گەڕانەوەی عێراق بۆ ناوچەكانی جێناكۆك، نێچیرڤانی بارزانی چەند جارێك ڕایگەیاند، هەناردەی نەوتی هەرێم زیاتر لە نیوە كەمیكردووەو ئامادەن نەوت‌و فڕۆكەخانەو دەروازە سنورییەكان‌و سەرجەمی داهات ڕادەستی بەغدا بكەن لە بەرامبەر ناردنی پشكی سەدا 17 لە بودجەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان.