دانیشتوانی عەفرین بۆ ڕزگاربوون لە "كۆمەڵكوژیی" شارەكەیان چۆڵكرد

18-03-2018 09:01
سوپاو گروپە چەكدارەكانی سەربە توركیا لەناو عەفرین.

 

پەرەگراف

 

دانیشتووانی عەفرین بۆ ڕزگاربوون لە كۆمەڵكوژیی لەسەر دەستی سوپای توركیاو گروپە چەكدارەكانی سەربەو وڵاتە شارەكەیان جێهێشت‌و ئاوارە بوون، كانتۆنی عەفرین تەئكید دەكاتەوە، بە داگیركردنی عەفرین، خەباتیان دەچێتەن قۆناغێكی نوێ‌و تا سەركەوتن بەردەوام دەبن.

 

دوای بۆردومانێكی چڕی ئاسمانیی‌و زەمینیی بۆ ماوەی 2 مانگ، ئەمڕۆ سوپای توركیاو گروپە چەكدارە توندڕەوەكانی سەربەو وڵاتە كە لەناویاندا پاشماوەكانی داعش هەن، چوونە ناو عەفرین.

 

سەدان هەزار لە دانیشتووانی شارەكەو ئەو كەسانەش پێشتر ئاوارەی عەفرین بوبون، شارەكەیان جێهێشت‌و ئاوارەی ناوچەكانی دیكە بوون، ئاوارەبووەكان دەڵێن، ئامانجیان ئەوەبووە خۆیان‌و منداڵەكانیان لە كۆمەڵكوژیی بپارێزن.

 

خۆبەڕێوەبەرایەتی ئیداریی، كۆمەڵایەتیی‌و سەربازیی كانتۆنی عەفرین لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند"قۆناغێكی نوێ لە عەفرین دەستی پێكردوەو لە هەموو شوێنێكی عەفرین شەڕڤانان دەبنە مۆتەكە بۆهێزە داگیركەرەكان‌و ئەوانەی دێنەسەر خەكەكەمان بەمەبەستی گۆڕینی دیموگرافیاكەی."

 

كانتۆنی عەفرین دەشڵێت"بەرخۆدانی سەردەم بەردەوامە لە عەفرین‌و كۆتایی نەهاتوەو بانگەشەكانی ئەردۆغان بۆ سەركەوتن لە عەفرین پوچ‌و بێ بنەمان‌و هەر چۆن لە ماوەی 58 شەو و ڕۆژی ڕابردوودا بەرخۆدان قارەمانانە بەردەوام بووە، لە ئەمڕۆ بە دواوەش دیسان‌و بەهێزتر درێژەی پێدەدرێت."

 

كانتۆنی عەفرین ڕەخنەی تووند لە بێدەنگیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەگرێت لەبەرامبەر هێرشەكانی توركیا، ئەوەشدەخاتەڕوو، بەهۆی بە ئامانجگرتنی مەدەنییەكان لەلایەن توركیاو گروپە چەكدارەكانی سەربەو وڵاتەوە، بڕیاری چۆڵكردنی عەفرین لە خەڵكانی مەدەنیی دراوە.

 

"ئیدی لە ئەمڕۆ بە دواوە هەموو شوێنێكی عەفرینی داگیركراو، دەبێتە ئامانجی چالاكیی شەڕڤانان‌و ڕێگە نادەن بە ئاسانی داگیركەران تێیدا بحەسێنەوەو ئەوەش تا دەركردنیان لە دوایین بستی خاكی عەفرین بەردەوام دەبێت."

 

بەپێی ئامارەكان لە ماوەی 2 مانگی هێرش‌و بۆردومانەكانی توركیادا، 500 كەسی مەدەنی لە عەفرین شەهیدبوون كە چەندین ژن‌و منداڵیان لەناودایە‌و زیاتر لە هەزاری دیكەش برینداربوون، هەروەها 820 شەڕڤانی هێزەكانی سوریای دیموكرات شەهیدبوون كە یەپەگە پێكهێنەری سەرەكییەتی.

 

عوسمان شێخ عیسا، هاوسەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی عەفرین لە ڕاگەیەندراوێكدا بانگەوازی بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد بەرامبەر توركیا بێنەدەنگ، وتی"بۆئەوەی خەڵكی عەفرین نەكەونە ژێر هەڕەشەی تۆپباران‌و بۆردومان‌و شەڕ و كوشتار، وەكو هەنگاوێك بەرەو شەهباو شێراوە چوون، ئەمەش بەو مانایە نییە عەفرین داگیركرابێت، ئەمە ڕاست نییە. داگیركاران دەتوانن ئاڵای خۆیان بەرزبكەنەوەو بێنە ناو عەفرین، بەڵام ناتوانن ئیرادەی كۆمەڵگە تێكبشكێنن."

 

سەربازانی توركیاو چەكدارانی میلیشیای سوپای سوریای ئازاد، دەیانەوێت یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە) لە عەفرین دەربكەن، توركیا سەرباری هێرشی چڕی ئاسمانیی، لە هێرشی زەمینیشدا پەنای بۆ پاشماوەی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش بردووەو بەكاریان دەهێنێت، بۆئەو مەبەستە ڕاهێنانی بە داعشەكان كردووەو داوای لێكردوون تاكتیكی هێرشەكانیان بگۆڕن‌و خۆیان نەتەقێننەوە بۆئەوەی دەرنەكەوێت كە داعشن.

 

یەپەگە كە هێزی چەكداریی كوردەو ئێستا بەرگری لە عەفرین دەكات دژی هێرشەكانی توركیا، بەهێزترین هێزی شەڕكەر بووە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دژی تیرۆریستان‌، داعش لەسەر دەستی شەڕڤانان گورزی كوشندەی بەركەوتووەو چەندین ناوچەی لە دەستداوە.

 

ڕیندا بەكر، لەگەڵ 5 ئەندامی خێزانەكەی لە گەڕەكی ئەشرەفییەی عەفرینەوە ئاوارە بووە بۆ ناوچەی شەهبا بەهۆی بۆردومانەكانی توركیاوە، پرسیاری ئەوەدەكات بۆچی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێدەنگە؟، وتی"دوای ئەوەی هێزەكانی ئێمە داعشیان تێكشكاند، ئەمە چارەنووسی ئێمەیە؟ بۆچی هەموو دەوڵەتان لەبەرامبەر ڕەوشی عەفرین بێدەنگن؟ هاوڵاتیانی عەفرین تەنها هەوڵی ئەوە دەدەن منداڵەكانیان لە كۆمەڵكوژیی ڕزگار بكەن."

 

ئەو كەسانەشی لە دەرەوەی عەفرینەوە ئاوارەی ناو شارەكە بوون لە سەرەتای هێرشەكانی توركیاوە، جارێكی دیكە ئاوارەبوونەوە، وەك زەهیدە حسێن، زەهیدە دەڵێت"ئێمە كۆچمان كرد بۆ شەهبا تا خۆمان لە كۆمەڵكوژیی دەوڵەتی تورك بپارێزین، ئایا مرۆڤایەتی ئەو ڕووداوانەی عەفرین نابینێت، گوناهی ئێمە چی بوو كە ئەوەمان بەسەر هات؟."

 

كوردانی ڕۆژئاوا جارێكی دیكە ڕەخنەی تووند لە ڕوسیا دەگرن كە گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشەكانی توركیا هەڵكردووە، لە كاتێكدا عەفرین ناوچەی پاراستنی ئەو وڵاتەیەو دەبوو ڕێگەی نەدایە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ئاسمانی ئەو ناوچەیە ببەزێنن.

 

ڕوسەكان مێژووی كۆماری كوردستان لە مەهاباد لە عەفرین دووبارە دەكەنەوە

 

"ڕوسیا لە شۆڕشی قازی محەمەدو كۆماری مەهابادیش بە هەندێك ڕێككەوتن‌و بازاڕكردن پەیوەندیی بە حكومەتی شاوە كردو پشتی كردە كورد، ئێستاش ئەوپرسە دووبارە دەبێتەوە" ئەمە وتەی عەبدولكەریم عومەر، وەزیری دەرەوەی كانتۆنی جەزیرەیە لە چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ پەرەگراف.

 

یەكێتی سۆڤیەت(ڕوسیا) بە ڕابەرایەتی جۆزێف ستالین، لە 1946 پشتیوان‌و پاڵنەری سەرەكیی كوردانی ڕۆژهەڵات بوو بۆ دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد بە سەرۆكایەتی قازی محەمەد، كۆمار كەمتر لە ساڵێك مایەوەو سۆڤیەت پشتی تێكردو گۆڕییەوە بە نەوت لەگەڵ ڕژێمی شای ئێران.

 

دوای 72 ساڵ لەو ڕێكەوتە، ڕوسیا بە سەرۆكایەتی ڤلادیمێر پۆتین مێژووی وڵاتەكەی لە پشتكردنە كورد لە پارچەیەكی دیكەی كوردستان دووبارە دەكاتەوە، بەڵام ئەمجارە كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان لە عەفرین، وادیارە پەندیان لە مێژوو وەرگرتووەو دوای دەستبەردانی ڕوسیا، توانییان بەرگریی بكەن‌و پشت بەخۆیان ببەستن.

 

د.عەبدولكەریم عومەر باسیلەوەكرد، ئیرادەی خۆیان لە دەستی خۆیاندایە‌و كاتێك پەیوەندییان لەگەڵ ئەمەریكا لە ئاستێكی بەرزدابووە، لەو شوێنانەی ڕۆژئاواش كە ڕوسیای تێدابووە پەیوەندییان لەگەڵ ئەو دەوڵەتەشدا هەبووە.

 

لە عەفرین‌و دەوروبەری، بنكەیەكی سەربازیی ڕوسیا هەبوو، بەڵام لەگەڵ هێرشەكانی توركیادا ڕوسیا سەربازەكانی لەو ناوچەیە كشاندەوەو ئەوەش وەك هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بۆ ئەنقەرە خوێندنەوەی بۆكراو بەشێك لە بەرپرسانی كورد ڕوسیایان بە "خیانەت"كردن تۆمەتبار كرد.

 

وەزیری دەرەوەی كانتۆنی جەزیرە، پێیوایە ڕوسیا خیانەتی لە كورد نەكردووە، بەوپێیەی دەوڵەتێكی گەورەیەو خاوەن بەرژەوەندییەو بەرژەوەندیی ئەو وڵاتە ئەوەی خواستووە، وتیشی"مومكینە لە پاشەڕۆژدا ئەمەریكاش پشتبكاتە ئێمە، ئەوانە دەوڵەتی گەورەن‌و بەرەژەوەندیی خۆیان هەیە، ئێمەش بەرژەوەندیی خۆمان هەیە."

 

بۆ خوێندنەوەی وردەكاریی زیاتر دەربارەی هەڵوێستی ڕوسیا لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد‌و هەڵوێستی ئەو وڵاتە لە عەفرین‌و دۆخی ئەوكاتی ئێران‌و ئێستای سوریا كلیك لێرە بكە.

 

گرنگیی‌و پێگەی عەفرین

 

عەفرین شارێكی ڕۆژئاوای كوردستانەو لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای حەلەب-ی سوریایەو هاوسنورە لەگەڵ توركیا بە درێژایی 100 كیلۆمەتر.

 

عەفرین نزیكترین ناوچەی كوردستانە لە دەریای سپییەوە، توركیا ترسی ئەوەی هەیە كورد ڕاڕەوێك دروست بكات كە ڕۆژئاوای كوردستان بگەیەنێتە دەریای سپی، بەڵام بۆئەوەی كورد بگاتە دەریای سپی دەبێت ئیدلب لە دەستی بەرەی نوسرە ڕزگار بكات، ئەوەش یەكدەگرێتەوە لەگەڵ پلانی ڕوسیا كە ئامانجی سەرەكیی لە سوریا لە 2018دا لەناوبردنی بەرەی نوسرە دەبێت كە ئێستا بە(دەستەی ڕزگاریی شام) ناسراوە.

 

بەپێی ڕێككەوتنی توركیا لەگەڵ ڕوسیاو ئێران لە ئاستانە، دەبێت شاری ئیدلب هاوشێوەی شارەكانی دیكەی سوریا وەكو حەلەب، حومس‌و حەماو دەوروبەری دیمەشق ڕادەستی حكومەتی سوریا بكرێن بەسەرپەرشتی ڕوسیا، بەڵام توركیا مەرجی ئەوەیە كە یەپەگەش عەفرین ڕادەست بكات.

 

بەگوێرەی یاساكانی پاراستن‌و ڕێككەوتنەكان دەربارەی دۆخی سوریا، ڕۆژهەڵاتی ئاوی فورات ناوچەی ئەمەریكایەو ڕۆژئاواش هی ڕوسیایە‌و كانتۆنی عەفرین دەكەوێتە ڕۆژئاواو دەبوو ڕوسیا بیپارێزێت لە هەر هێرشێكی ئاسمانیی، بەڵام ئەوەی نەكردو ڕێگەیدا توركیا بۆردومانی چڕی بكات.

 

بەرلەوەی توركیا هێرش بكاتەسەر عەفرین، ڕوسیا كە پاراستنی ئەو ناوچەیەی لە ئەستۆیە فشاری خستووەتەسەر كورد عەفرین ڕادەستی سوریا بكات، بەڵام كورد ئەوەی ڕەتكردووەتەوەو ڕێگای بەرخۆدان‌و پاراستنی ناوچەكەی هەڵبژاردووە، ئەمەش بەوتەی وەزیری دەرەوەی كانتۆنی جەزیرە.

 

عەفرین بە (بووكی كوردستان) ناودەبرێت، ناوچەیەكی شاخاویی‌و گەشتیارییە، داهاتی سەرەكی لە سەر زەیتون‌و میوەو سەوزە‌و گەنمە، لە 360 گوند پێكدێت‌و لە سەرەتای شۆڕشی سوریا لەلایەن شەڕڤانانی كوردەوە كۆنتڕۆڵكراوەو لەو كاتەوە سەرباری هەموو گەمارۆو هێرشی گروپە چەكدارەكان، كورد توانیویەتی بیپارێزێت‌و پێشكەوتن لە كەرتی جۆراوجۆر لە ناوچەكە بەدیهاتووە.

 

باكوری عەفرین توركیایە، شاری حەلەب دەكەوێتە باشورییەوە كە بەدەست حكومەتی سوریاوەیە، لە ڕۆژهەڵاتییەوە ناوچەكانی عەزازو باب هەن كە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سەر بە توركیان، لە ڕۆژئاوای عەفرین شاری ئیدلب هەیە كە بەرەی نوسرە بەهێزترین گروپی ئەو شارەیەو چەندین گروپی دیكەش هەن كە تێیاندایە سەربە توركیان.

 

تەنها ڕێڕەوێك كە كوردانی ڕۆژئاوا بتوانن لێیەوە بچنە عەفرین بۆهەر مەبەستێك ڕێگای حەلەبە كە بەدەست حكومەتی سوریاوەیەو ڕێككەوتن لە نێوان كوردو سوریا هەیە بۆ هاتووچۆكردن‌و ئاستەنگی دروست نەكردن، ڕێگای مەنبەج-حەلەب‌و حەلەب-عەفرین لە ژێركۆنتڕۆڵی حكومەتی سوریاو شەڕڤانانی كورددایە.

 

هەتا عەفرین لەژێر دەستی هێزی كوردیدا بێت ئەو خەونەی ئەردۆغان نایەتەدی‌ بۆ یەكخستنی ئەو ناوچانەی لە ژێر كۆنتڕۆڵی گروپە چەكدارەكانی سەربە توركیادان‌و ناوچەكان لە یەكتر دابڕاو دەبن.

 

هێرش‌و پەلامارەكانی توركیا بۆسەر عەفرین بەجۆرێكە سەرباری وێرانكردنی شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان‌و شەهیدو برینداركردنی خەڵكی مەدەنی، هاوكات پڕۆژە خزمەتگوزاریی‌و ستراتیژیی‌و شوێنەوارە مێژووییەكان زیانی زۆریان بەركەوتووەو وێرانبوون، بە جۆرێك، كەناڵی سی ئێن ئێن-ی ئەمەریكی لە ڕاپۆرتێكی ڤیدیۆیی تایبەتدا ئەوەی خستەڕوو"ڕابردوو، ئێستاو داهاتووی عەفرین وێران دەكرێت."