سەرجەم بارەگاكانی تەڤگەر لە هەرێم داخران؛ توركیا خۆشحاڵە

29-11-2018 07:30
هێزە ئەمنییەكان لۆگۆی بارەگای تەڤگەر لە گەرمیان لێدەكەنەوە. وێنە؛ ڕۆژنیوز

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بارەگاكانی تەڤگەری ئازادی بە فشاری هێزەكانی ئاسایش(یەكێتی) لە تەواوی ناوچەكانی هەرێم داخران، پاساوەكە نەبوونی مۆڵەتە، بەڵام بەرپرسانی تەڤگەر دەڵێن، فشارەكان سیاسیین نەك یاسایی.

 

داخستنی بارەگاكانی ئەو پارتە سیاسییە كە نزیكە لە پەكەكە، دوای بڕیارێكی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم(پشكی یەكێتی) هات بۆ داخستنی بارەگای ئەو حیزبانەی مۆڵەتیان نییە. توركیا تەڤگەر بە "بەشێك لە پەكەكە"و "تیرۆریست" لە قەڵەمدەدات‌و پێشوازیی لە بڕیارەكەی یەكێتی دەكات.

 

تەڤگەر تۆمەتەكانی توركیا ڕەتدەكاتەوە، ئەو حیزبە 3 ساڵە تەواوی ڕێكارەكانی وەرگرتنی مۆڵەتی لە حكومەتی هەرێم تەواو كردووە، بەڵام مۆڵەتی پێنەدراوە، هەرچەندە لە عێراق مۆڵەتی هەیە.

 

توركیا چەندینجار بە فەرمی‌و لە ئاستی باڵادا یەكێتی تۆمەتباركردووە بە پشتیوانییكردن لە پەكەكە، بەتایبەت دوای دەستگیركردنی دوو بەرپرسی باڵای میت لەلایەن پەكەكەوە لە سلێمانی، ئەوەش پەیوەندییەكانی توركیاو یەكێتی تێكداو نوێنەری یەكێتی لە توركیا دەركراو هۆكاربوو بۆ داخستنی ئاسمانی ئەو وڵاتە بەڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا.

 

پێدەچێت بڕیارەكەی قوباد تاڵەبانی بۆ داخستنی بارەگاكان كە ڕاستەوخۆ تەڤگەری كردە ئامانج، پەیوەندییەكانی نێوان توركیاو یەكێتی ئاسایی بكاتەوە، هەروەك ئەمڕۆ هاكان كاراجای، كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند"بەشێوەیەكی سروشتی كاتێك ئەم كێشەیەی تیرۆر چارەسەركرا، ئەوە پاڵپشتییەكی ئەرێنی دەبێت بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەكان" مەبەستی نێوانی وڵاتەكەی‌و یەكێتی بوو.

 

تەڤگەر 24 كاتژمێری سەختی بەڕێكرد

تەڤگەری ئازادی كە 4 ساڵە دامەزراوەو لە سلێمانی‌و قەزاكانی سەربەو پارێزگایە بارەگای فەرمیی هەبوو، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا ڕوبەڕوی دۆخێكی سەخت بووەوە، ئەو ماوەیە دوامۆڵەت بوو كە ئەوحیزبە بارەگاكانی دابخات.

 

تەڤگەر نەچووە ژێر باری فشارەكان‌و خۆی بارەگاكانی دانەخست، هەربۆیە هێزەكانی ئاسایش چوونەناو بارەگاكانی‌و دایانخستن، لەهەندێك ناوچەش گرژیی دروست بوو، بەڵام درێژەی نەكێشاو بۆماوەیەكی كورت چەند ئەندامێكی ئەو حیزبە دەستبەسەر كران.

 

محەمەد عەبدوڵا، هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی"سەرجەم بارەگاكانمان لە سنوری دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم داخران، فەرمی بوونمان هەیە لە بەغداد، دۆخمان لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراق جیاوازەو لە هەوڵداین لە بەغداد و تكریت‌و دیالە بارەگا بكەینەوە، بارەگاكانی ئێرەشمان لە هەوڵداین لە ڕێی فەرمیبوونەكەی بەغدادەوە بە فەرمیی بكەین."

 

هاوسەرۆكی تەڤگەر، ئەوەشی خستەڕوو، داخستنی بارەگاكانیان ئاڵێنراوە بە یاساوە، وتی"لە ڕاستیدا كێشەكە یاسا نییەو سیاسییە‌و لەسەر هەڵوێستی سیاسییە. ئەوەی دەسەڵات دەیكات نایاساییە، چونكە ئێمە هەموو ڕێكارەكانی فەرمیبوونمان گرتووەتەبەر لە هەرێم، ئەوەی ماوەتەوە ئەوان بڵێن ئەوە مۆڵەتەكەیە، بەڵام ڕایان گرتووەو ناشڵێن بۆچی؟ ناڵێن دیدەین‌و ناشڵێن نایدەین."

 

تەڤگەری ئازادی ڕێگەی پێنەدرا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30-9 بەشداریی بكات، بەڵام لە 12-5 بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ نەوەی نوێ هاوپەیمان بوو، ئێستا پەرلەمانتارێكی هەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەو پارتە پێیوایە فشارەكانی سەریان لە هەرێم لەژێر كاریگەریی توركیادایە.

 

توركیا خۆشحاڵە بە داخستنی تەڤگەر

توركیا تەڤگەر بە درێژكراوەو بەشێك لە پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) لە قەڵەم دەدات، هەربۆیە ئەویش وەك پەكەكە بە "تیرۆریست" ناودەبات، بەڵام تەڤگەر ئەو تۆمەتە ڕەتدەكاتەوە.

 

هاكان كاراجای كونسوڵی گشتیی توركیا، ئەمڕۆ لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر، وتی"بێگومان ئەو هەنگاوەی یەكێتی ناویەتی، وەك هەنگاوێك دەبینین كە بە ئاڕاستەیەكی ڕاستدا نراوە. بەڵام لەبارەی هۆكارەكانی ئەم بڕیارەوە، دەبێت ئەو پشتگوێنەخەین كە ئەوە ڕێكخراوێكی تیرۆریستییە، تەڤگەری ئازادی و ڕێكخراوەكانی دیكە كە بەردەوامیی ئەوانن، درێژەپێدەری ڕێكخراوی تیرۆرسیتین."

 

تەڤگەر سەرجەم بارەگاكانی لە سنوری پارێزگای سلێمانی‌و ئەو ناوچانەدابوو كە یەكێتی لە ڕووی ئەمنییەوە تێیدا دەسەڵاتدارە، هەرچەندە پێشتر بارەگایەكیان لە هەولێر هەبووە، بەڵام زیاتر لە ساڵێكە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە داخراوە بەبێ ئەوەی هۆكاری داخستنەكەیان پێ بگوترێت.

 

تەڤگەر تۆمەتەكانی توركیا ڕەتدەكاتەوە، هاوسەرۆكەكەی دەڵێت"سەرلەبەری قسەی توركیا ڕەتدەكەینەوەو درۆدەكات، هێزی تیرۆریست دەبێت تۆمەتی لەسەربێت‌و هێزی چەكدارو دەمامكداری هەبێت، ئێمە خەباتی مەدەنی دەكەین‌و چەكمان لەدەست نییەو تائێستا هیچ ئەندامێكمان لەسەر هیچ شتێك دەستگیرنەكراوە."

 

محەمەد عەبدوڵا وتیشی"توركیا ناڕەحەتە لەوەی تەڤگەر خاوەن هەڵوێستێكی نیشتمانی‌و نەتەوەییەو لەسەر داگیركارییەكانی توركیا ئێمە زۆرترین چالاكیمان كردووەو دژی ئەو داگیركاری‌و بۆردومانانەبووین كە خەڵكی مەدەنی دەكاتە ئامانج لە ناو سنوری هەرێمی كوردستان."

 

هێزە ئەمنییەكان لەبەردەم بارەگاكانی تەڤگەر لە ناوچە جیاوازەكان. وێنە؛ ڕۆژنیوز

 

دەربارەی پەیوەندییان بە پەكەكەوە، هاوسەرۆكی تەڤگەر وتی، ئەوان لە فكرو فەلسەفەی عەبدوڵا ئۆجەلان سوودمەندن، "پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ پەكەكە یان هەر لایەنێكی دیكەی كوردستانیی پێوانەی هەیە، بەپێی ئەو پێوانانە نزیك دەبینەوە، كێ پێوانێكی نەتەوەیی‌و دیموكراتی هەیە ئێمە نزیكترین لەوانەو كێ كەمتری هەیە ئێمە دورترین لەوانە، لەگەڵ هەموو حیزب‌و ڕێكخستنەكانی هەرچوار بەشی كوردستان پەیوەندیمان خۆشە."

 

تەڤگەر ڕێكاری یاسایی‌و دیبلۆماسی دەگرێتەبەر بۆ كردنەوەی بارەگاكانی لە هەرێم، وەك هاوسەرۆكەكەیان دەڵێت، بەهۆی داخستنی بارەگاكانیانەوە هیچ كەسێكیان دەستگیرنەكراوەو لە زینداندا نییە، "بۆ سەعات‌و دو سەعات ئاڵۆزی هەبووە، بەڵام زیاتر درێژەی نەكێشاوەو نەمانهێشتووە ئاڵۆزیی دروست ببێت‌و ئێستا كەسمان لە زیندان نییە."

 

فشارەكانی توركیا دوای دەستگیركرانی دوو میتەكە

دەستگیركردنی دوو بەرپرسی باڵای میت لەلایەن پەكەكەوە لە سلێمانی، توركیای توڕەو نیگەران كرد، ئەو وڵاتە فشارەكانی بۆسەر حیزبەكانی باشوور دەستپێكرد، سەرەتا دەیوست فشارەكان كاریگەرییان هەبێت بۆسەر پەكەكە تا دوو میتەكە ئازاد بكات، بەڵام كاتێك ئەوە سەرینەگرت، فشارەكان چوونە قۆناغێكی دیكەو سلێمانی سزا درا بە پاساوی هەژموونی پەكەكەو هاوكاریكردنی حیزبە دەسەڵاتدارەكانی ئەو پارێزگایە.

 

توركیا ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا داخست‌و تائێستا نەیكردووەتەوە، مەولود چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بە ئاشكرا یەكێتی‌و گۆڕانی تۆمەتباركرد بە هاوكاریكردنی پەكەكە. بەڵام ئەو دوو حیزبە كە دەسەڵاتی ئەمنیی‌و ئیداریی پارێزگاكەیان بەدەستەوەیە تۆمەتەكەیان ڕەتكردەوە.

 

دوو بەرپرسە باڵاكەی میت سەرەتای مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوو لەلایەن تیمێك لە گەریلاكانی پەكەكەوە دەستگیركران‌و گەیەندرانە قەندیل.

 

پەرەگراف پێشتر لە بەدواداچوونێكی ورد دا ئەوەی ئاشكرا كرد، ئەو دوو میتە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە هەبووەو بۆ كێشانی دواین نەخشەی ئۆپەراسیۆنێكی تایبەت كە لە ڕێگەی هەلیكۆپتەرەوە ئەنجامبدرێت‌و جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی كەجەكە بكرێتە ئامانج، سەردانی ڕێگای (ڕانیە-دوكان)یان كردبوو، بەڵام پیلانەكە پێچەوانە بووەوەو پەكەكە ئەوانی دەستگیركرد.

 

ڕووداوی دەستگیركردنی ئەو دوو بەرپرسەی میت لەلایەن پەكەكەوە نزیكەی 20 ڕۆژ بە نهێنی مایەوەو نەبووە هەواڵی ڕاگەیاندنەكان، كاتێك توركیا بەهرۆز گەڵاڵی نوێنەری یەكێتی لە ئەنقەرە ئاگاداركردەوە كە وڵاتەكەی جێبهێڵێت، ڕووداوەكە ئاشكرابو و بووە پرسێكی گەرم، گەڵاڵی 17 ساڵ نوێنەری یەكێتی بوو لە توركیا‌، لەگەڵ خێزانەكەی 24-8-2017 گەیشتنەوە سلێمانی.

 

ئەرهان پەكچەتین‌و ئایدین گونەل ئەو دوو میتە دەستگیركراوەن كە بۆ ماوەی 20 ساڵ لە شوێنە جیاجیاكانی كوردستان لە پۆستە باڵاكانی میتدا كاریان كردووە.

 

دەربارەی دواین زانیاریی لەسەر ئەو دوو بەرپرسەی میت كە تائێستا لە قەندیلن، سەرحەد وارتۆ وتەبێژی كەجەكە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ پەرەگراف (9-8-2018) وتی"ڕەوش‌و تەندروستیی ئەوان باشە." وارتۆ تاكە كەسی ڕێگە پێدراوە قسە بۆ ڕاگەیاندنەكان بكات‌و هەڵوێستی فەرمیی كەجەكە ڕوونبكاتەوە(چەتری كۆكەرەوەی تەواوی ڕێكخراوە هاوفكرەكانی سەربە پەكەكەیە.)

 

وتەبێژەكەی كەجەكە ئەوەشی خستەڕوو، توركیا بە ناڕاستەوخۆو لە ڕێی لایەنی دیكەوە هەوڵی زۆریداوە بۆ ئازادكردنی ئەو دوو بەرپرسەی میت كە لای ئەوانن، بەڵام ڕەتیانكردۆتەوە ئازادیان بكەن‌و ئەوپرسە لە ڕۆژەڤی ئەواندا نییە.

 

هێشتا دیارنییە ڕێكارەكانی یەكێتی بەرامبەر تەڤگەری ئازادی كە توركیا پێشوازیی لێدەكات، دەبنەهۆی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان‌و كردنەوەی ئاسمانی توركیا بەڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانی دا یان نا، بەڵام ئاماژەكانی لێدوانەكەی ئەمڕۆی كونسوڵی توركیا بەو ئاڕاستەیەن.