بە فەرمانی مەسرور بارزانی، لیژنەی بەدواداچوون بۆ كێشەی داهات و خەرجیی سلێمانی دەستبەكار دەبێت

23-05-2022 05:51

پەرەگراف

وەزیری دارایی هەرێم لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، بڕیاری دا بە پێكهێنانی لیژنەی بەدواداچوون بۆ كێشەی داهات و خەرجی لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین.

ئاوات شێخ جەناب ئەمڕۆ فەرمانی پێكهێنانی لیژنەكەی دەركردووە كە لە بەرپرسانی سەر بە وەزارەتی دارایی و ناوخۆ پێكدێن. ئەركیان بەدواداچوون و ئامادەكردنی ڕاپۆرتێكە لەسەر ئەو كێشەیە.

لەسەر تەواوی دامودەزگاكانی حكومەت پێویست كراوە هاوكاریی لیژنەكە بكەن و داتا و زانیاریی بخەنە بەردەست.

دۆسیەی داهاتی ناوخۆی ئیدارەی سلێمانی و كەمبوونەوەی بڕەكەی، جێی گومان و نیگەرانیی حكومەتی هەرێمە و كاریگەریی لەسەر دواكەوتنی مووچەی چەند وەزارەتێك هەبووە.

ڕۆژی 11-5-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا كورتهێنانی مووچەی لە سلێمانی بۆ نەگەڕانەوەی داهاتی ناوخۆ گەڕاندەوە و وتی "حكومەتی هەرێم ئەوەی لەسەریەتی كردوویەتی و بەرپرس نییە كە مووچەی لە سلێمانی دابین نەكردووە".

سەرۆكی حكومەت ڕایگەیاند "داهاتی ناوخۆ لە سنووری سلێمانی لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنادا زیاتر بووە، داوا لە بەرپرسانی ئیداریی سلێمانی دەكەم كە بێن بۆم ڕوون بكەنەوە هۆكاری كەمبوونەوەی داهات چییە؟".

مەسرور بارزانی ڕەخنەی لە بەرپرسانی سلێمانی گرت و وتی "ناكرێت بەرپرسی ئیداریی بكەوێتە ژێر هەژموونی تاكە لایەنێك و بەرنامەی حكومەت جێبەجێ نەكات، ناكرێ حكومەت بەرپرس بێت، بەڵام دەسەڵاتی نەبێت، حكومەت بەرپرسە لەو كاتەی دەسەڵاتی هەبێت بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی خۆی".

پەرلەمانتاران دەڵێن، كێشەی مووچە بەهۆی ڕێككەوتنێكی ژێربەژێری پارتی و یەكێتی هاتووەتە ئاراوە، كە بەپێی ئەو ڕێككەوتنە پارەی نەوت لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ مووچە خەرج دەكرێت و ئەو بەشەی دیكەی مووچە كە دەمێنێتەوە، دەبێت هەردوو حیزب لە داهاتی ناوخۆ بیدەن. یەكێتی دەڵێت، داهاتی ناوخۆی سلێمانی كەمە و بەشی تەواوكاریی مووچە ناكات.

* مەسرور بارزانی دەڵێت حکومەتەکەی بەرپرس نییە لەوەی کە مووچەی لە سلێمانی دابین نەکردووە

* حكومەت لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە كێشەی داهات و مووچە لە ئیدارەی سلێمانی پێك دەهێنێت

* دوای زنجیرەیەک خۆپیشاندان و ناڕەزایی پارە بۆ مووچەی مانگی سێ لە سلێمانی دابینکرا