ڕاگەیەندراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەربارەی بڕیارەكەی دادگای پاریس

25-03-2023 09:02

پەرەگراف

وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێم لەبارەی بڕیارەكەی دادگای پاریسەوە دەڵێت "بڕیاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندیی حكومەتی عێراق دژی توركیا، ڕێگر نابێت لە پەیوەندیەكانمان لەگەڵ حكومەتی بەغدا".

وەزارەتەكە جەخت دەكاتەوە كە "حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لەسەر پرسی بوودجە و نەوت وگاز گەیشتوونەتە ڕێككەوتنی سەرەتایی و لەیەكتێگەیشتنی باش". دەشڵێت "لەم چوارچێوەیەدا سەردانی بەغدا دەكەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەركردنی بابەتەكانی پەیوەندیدار".

ڕۆژى پێنجشەممە دادگاى ناوبژیوانیى نێودەوڵەتى لە پاریس، لە بەرژەوەندیى حکومەتى عێراق بڕیارى دا بە نایاساییبوونى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە بەبێ ڕەزامەندیى بەغداد، شەوى ڕابردوویش تورکیا بە فەرمى حکومەتى عێراقى ئاگادر کردەوە کە پابەند دەبێت بە بڕیارەکەوە و لەمەودوا بەبێ ڕەزامەندیى حکومەتى فیدراڵى نەوتى هەرێم هەناردە ناکات، هەر ئەمڕۆیش حکومەتى عێراق پاڵپشت بە بڕیارەکە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستانى لە ڕێگەى بەندەرى جەیهانى تورکییەوە ڕاگرت.

دەقی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان:

حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم چەند مانگەی دواییدا ، لە گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامدابووە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و دواجار لە سەر پرسی بودجە و نەوت وگاز ، هەردوولا گەیشتوونەتە ڕێككەوتنی سەرەتایی و لەیەكتێگەیشتنی باش كە لە چوارچێوەی دەستووردا ، ماف و شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دابین دەكرێن.

بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ، لە پەیوەندی بەردەوامدایە لە گەڵ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی فیدرال ، لە دوای سەردانی سەرۆك وەزیرانی فیدرالیش بۆ هەرێمی كوردستان، جەخت لە چارەسەركردنی كێشەكان لە سەر بنەمای دەستوور كرایەوە.

بریاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حكومەتی عێراق دژی توركیا، ڕێگر نابێت لە پەیوەندیەكانمان لەگەڵ حكومەتی بەغدا. لەم چوارچێوەیەدا سەردانی بەغدا دەكەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەركردنی بابەتەكانی پەیوەندیدار.

لەمبارەیەوە حكومەتی هەرێم وێڕای دووپاتكردنەوەی هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی لە دەستبەردارنەبوون لە مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان، بەردەوام دەبێت لە پەیوەندیەكانی لە گەل بەغدا تا گەیشتن بە چارەسەری بنەرەتی و یاسایی و دەستووری.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی
حكومەتی هەرێمی كوردستان
2023/3/25

* دادگای پاریس لە دژی هەرێم بڕیاری دا؛ توركیا بەبێ‌ ڕەزامەندیی عێراق نەوتی هەرێم هەناردە ناكات

* وەزارەتی نەوتی عێراق بردنەوەی سكاڵاكەی دادگای پاریسی دژی هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگەیاند

* حكومەتی عێراق هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی ڕاگرت