ئەمریكا جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەمساڵدا دەكاتەوە

20-05-2023 10:10

پەرەگراف

باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەمساڵدا و چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و كاركردن لە دۆسیەی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەیش گفتوگۆی لەگەڵ مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی كردووە.

ئەلینا ڕۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، لە هەژماری خۆی لە تویتەر دەڵێت "لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانیی جێگری قسەم كرد، ستایشی گفتوگۆی سەركەوتووانە و پێشكەوتنی بەدەستهاتووی نێوانیانم لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا كرد".

ڕۆمانۆوسكی دەشڵێت "هانی هەردوولام دا بۆ بەهێزكردنی هەماهەنگیی نێوانیان سەبارەت بە كارە لەپێشینە هاوبەشەكانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و خۆتەرخانكردن بۆ مافەكانی مرۆڤ و هەڵبژاردن پێش كۆتایی ٢٠٢٣".

دوو ڕۆژ لەمەوبەریش نێردەی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق هۆشدارییەكی نوێى سەبارەت بە هەڵبژاردن دایە حیزبەكانی هەرێم و وتی "پێویستە بە خێرایی لەسەر هەڵبژاردن ڕێك بكەون و كات لەبەردەستدا نەماوە".

جینین پلاسخارت، نێردەی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە دۆخی عێراق، باسی لە دۆخی هەرێم كرد و هیوای خواست حزبەكانی كوردستان "لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن" و "جیاوازییەكان وەلا بنێن و كار لە بەرژەوەندیی گەلەكەیان بكەن".

لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسانی باڵا و باڵیۆز و كونسوڵی ئەمریكا و وڵاتانی دیكە چەندین جار داوایان لە بەرپرسانی هەرێم كردووە لەوە زیاتر هەڵبژاردنەكان دوانەخەن و هۆشدارییان لەبارەی مەترسییەكانەوە داوە.

ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگەیش كونسوڵ و نێردەی دیبلۆماسیی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە پەیامێكی هاوبەشدا داوایان لە پەرلەمان و حكومەتی هەرێم كرد هەموو هەنگاوێكی پێویست بنێن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بەبێ دواخستنی زیاتر ئەنجام بدرێت.

سەرەڕای هۆشدارییەكان، هێشتا پارتی و یەكێتی لەسەر كێشەكانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن. هەرچەندە ١٦ی ئەم مانگە كۆبوونەوە، بەڵام ناكۆكییەكان ماون و بڕیارە كۆبوونەوەی دیكە ئەنجام بدەن.

پاش كۆبوونەوەكەی هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی لە سلێمانی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، كۆبوونەوەكەی بە "زۆر باش" وەسف كرد، بەڵام نەیشاردەوە كە "هێشتا تۆزێک کێشە هەیە لەسەر بابەتى هەڵبژاردن".

پارتی و یەكێتی یەكتری تۆمەتبار دەكەن بە دروستكردنی لەمپەر لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ناكۆكی سەرەكیی نێوان ئەو دوو حیزبە لەسەر كورسیی پێكهاتەكانەو یەكێتی دەڵێت، ناچنە هەڵبژاردنێكەوە كە پارتی ١١ كورسییەكەی پێكهاتەكانی لە بەرژەوەندی خۆی یەكلایی كردبێتەوەو داوای گۆڕانكاریی لە سیستمی هەڵبژاردن و كورسیی پێكهاتەكان دەكەن.

ناكۆكییەكان لەكاتێكدان لە ٣٠ ساڵی حوكمڕانی هەرێم و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە و پەرلەمان نزیكەی نیوەی تەمەنی بە درێژكردنەوە بەسەر بردووە.