ڕێکخراوی سی پی تی: هاووڵاتییەکی مەدەنی لە بۆردومانی فڕۆکەی تورکیا شەهید بوو

19-04-2024 11:13
وێنەى (سەروەر قادر ڕەشکۆ)ـی تەمەن 46 کە لە بۆردومانەکەى ئەمڕۆ سیدەکان گیانى لەدەست دا

پەرەگراف

لە بۆردوومانێکدا بۆ سەر گوندێکی سنووری ناحیەی سیدەکان، هاووڵاتییەک گیانی لەدەست د ا.

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراق ڕێکخراوی CPT دەڵێت "بۆردوومانەکە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆ سەر گوندی ناودارۆکی ناحیەی سیدەکان ئەنجام دراوە".

کامەران عوسمان دەشڵێت "بەهۆی بۆردومانەکەوە هاووڵاتییەکی مەدەنی بەناوی (سەروەر قادر ڕەشکۆ)ـی تەمەن 46 ساڵ و خەڵکی گوندی شێخ ڕەشە شەهید بووە".

هاووڵاتییەکە پیشەی پێشمەرگایەتییە، بەڵام لە کاتی بۆردومانەکەدا "لە ئەرکدا نەبووە".

ڕێکخراوی سی پی تی دەڵێت "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، بەهۆی بۆردومان و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، شەش هاووڵاتیی مەدەنی شەهید و دوانی دیکە بریندار بوون".

چەند ڕۆژێك لەمەوبەر خانوویەك لە گوندی گەڵاڵە لە سنووری شارباژێڕی سلێمانی بۆردوومان كرا و تێیدا گەنجێك گیانی لەدەست دا،.

ڕۆژی 8-3-2024یش تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی (CPT) ڕایگەیاند "بەهۆی بۆردوومانی هێزی ئاسمانیی توركیا بۆ سەر چیای حەوت تەبەقێ لە گوندی بەریسكێی سەر بە ناحیەی دینارتە لە قەزای ئاكرێ، دوو هاووڵاتیی مەدەنی شەهید و هاووڵاتییەكی دیكەش بریندار بوون".

پێشتریش لە ڕۆژی 20-2-2024، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا بۆردومانی "چیای سیارێ"یان لە گوندی كافیا لە ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاكرێ كرد، بەهۆی بۆردومانەكەوە دوو كەسی مەدەنی گیانیان لەدەست دا.

هەر بەهۆی بۆردومان و شەڕی توركیاوە، تەنها ساڵی ڕابردوو لانیكەم 10 هاووڵاتیی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان گیانیان لەدەست داوە و 12ی دیكەش بریندار بوون، لە ساڵی 2015ـیشەوە نزیكەی 150 هاووڵاتی كوژراون و زیاتر لە 230ـی دیكەش بریندار بوون، لە بەرامبەردا هەردوو حكومەتی فیدراڵیی عێراق و هەرێمی كوردستان تەنیا ئیدانەی هێرشەكان دەكەن و هیچ هەنگاوێكی كردارییان بۆ بەرگرتن بەو ڕووداوانە نییە.