وتەبێژی كۆمیسیۆن: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دواناخریت

25-04-2024 12:47

پەرەگراف

وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت "هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دواناخریت و لە كاتی خۆی بەڕێوە دەچێت". جەختیش دەكاتەوە كە لەناو كۆمیسیۆن بە هیچ شێوەیەك باسی دواخستنی هەڵبژاردن نەكراوە.

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ ڕایگەیاند "ئامادەكارییەكانی كۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 10-6-2024 كە بەپێی مەرسومی سەرۆكایەتیی هەرێم دیاری كراوە، بەردەوامە".

وەكوو وتەبێژی كۆمیسیۆن ئاماژەی پێ‌ كرد، زیاتر لە 800 كاندید هەن و ناوەكانیان بۆ دەستەی دەستپاكی و وەزارەتی ناوخۆ نێردراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە سیڤییەكانیان.

سەبارەت بە دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، جومانە غەلای ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ بڕیارێك بۆ دواخستنی كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن نییە كە بڕیارە 10-5-2024 واتە مانگێك بەر لە هەڵبژاردن دەست پێ‌ بكات.

وتەبێژی كۆمیسیۆن دووپاتی كردەوە كە هەموو ڕێكارەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە باشی بەڕێوە دەچن و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش 69 ملیار دیناری بۆ ئامادەكاییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن خەرج كردووە و كێشەی داراییان نییە.

هەروەها غەلای داوای لەو دەنگدەرانە كرد كە كارتی دەنگدانیان دەرهێناوە یان نوێ‌ كردووەتەوە، كارتەكانیان تەواو بووە و بە زوویی سەردانی بنكەكانی كۆمیسیۆن بكەن بۆ وەرگرتنەوەیان.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پاش ئەوەی پارتی ڕایگەیاند بەم شێوەیەی ئێستا بەشداریی ‏هەڵبژاردن ناكات، لە ڕێگەی سەرۆكایەتیی هەرێمەوە هەوڵی ‏ڕازیكردنی لایەنەكان و بەدەستهێنانی پاڵپشتیی زیاتر بۆ ‏دواخستنی هەڵبژاردن دەدات، لەو چوارچێوەیەشدا شاندی ‏سەرۆكایەتیی هەرێم سەردانی لایەنەكان دەكات.

دوێنێ دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، سەردانى بەرەى تورکمانیى کرد و ‏ڕایگەیاند "سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە ‏پەیوەندیدایە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان و دەبێت ‏زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكرێت".‏

مەسعود بارزانییش لە نوێترین هەڵوێستیدا داواى کرد هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ چەند مانگێک دوابخرێت و وتى "ناكرێ لەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردن دیاری كراوە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت".

هاوکات یەکێتی سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، چەند جارێک جەختی کردووەتەوە کە "هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆی بەڕێوە دەچێت".