مەسعود بارزانی: بەبێ بەشداریی پێكهاتەكان ئامادە نین بەشداریی هەڵبژاردن بكەین

25-04-2024 03:26

پەرەگراف

مەسعود بارزانی لە نوێترین هەڵوێستیدا لەبارەی بەشداریی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان "نادەستورییە"و  دەڵێت: "بە بێ ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵەیە و بەبێ بەشداریی پێكهاتەكان ئامادە نین بەشداریی هەڵبژاردن بكەین".

ئەو وتانەی بارزانی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ قەداسەتی پاتریاك مارئاوای سێیەم پاتریاكی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان و مەترانەكانی (كۆمەڵەی پیرۆز).

بارزانی هەبوونی فەرهەنگی پێكەوەژیانی لە كوردستان وەك شانازییەكی گەورە وەسف كردووە و جەختی لەوە كردووەتەوە كە بە هەموو شێوەیەك پارێزگاری لەو فەرهەنگە دەكەن و دەوڵەمەندتری دەكەن.

"سەرۆك بارزانی ئاماژەشی بە بڕیاری نادەستووریی نەهێشتنی كۆتاكان دا و تەئكیدی لەوە كردەوە كە بە بێ ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵەیە و بەبێ بەشداریی پێكهاتەكان ئامادە نین بەشداریی هەڵبژاردن بكەین، چونكە بێبەشكردنی پێكهاتەكان لێدانە لە بەها مێژووییەكانی گەلەكەمان" بارەگای بارزانی وادەڵێت.

هەر لەدیدارەكەدا پاتریاك مارئاوای سێیەم پێزانینی بۆ ڕۆڵی بارزانی هەبوو لە پاڵپشتیكردنی پێكهاتە ئایینیەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و هەروەها سوپاسی کردووە بۆ كردنەوەی بارەگای سەرەکیی پاتریاك لە شاری هەولێر كە ئاماژەیەك ڕوونە بۆ پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بە پێكەوەژیانی ئایینی.

"هەروەها سوپاسی سەرۆك بارزانیشی كرد بۆ ئەو هەڵوێستەی لەسەر بڕیاری نادەستووریی دادگەی فیدڕاڵ بۆ نەهێشتنی كۆتایی پێكهاتەكان و ڕایگەیاند كە هەڵوێستی سەرۆك بارزانی نیشانەیە بۆ تێڕوانینێكی مرۆڤدۆستانە و پەرۆشی و وەفایە بۆ پێكەوەژیان و تەبایی لە هەرێمی كوردستان و عێراق" بەپێی بارەگای بارزانی.

سووربوونی پارتی لەسەر بەشداریی نەکردن لە هەڵبژاردن لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایدەگەیاند "هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دواناخریت و لە كاتی خۆی بەڕێوە دەچێت".

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆن دەڵێت "ئامادەكارییەكانی كۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 10-6-2024 كە بەپێی مەرسومی سەرۆكایەتیی هەرێم دیاری كراوە، بەردەوامە".

وەكوو وتەبێژی كۆمیسیۆن ئاماژەی پێ‌ كرد، زیاتر لە 800 كاندید هەن و ناوەكانیان بۆ دەستەی دەستپاكی و وەزارەتی ناوخۆ نێردراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە سیڤییەكانیان.

سەبارەت بە دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، جومانە غەلای وتی، تا ئێستا هیچ بڕیارێك بۆ دواخستنی كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن نییە كە بڕیارە 10-5-2024 واتە مانگێك بەر لە هەڵبژاردن دەست پێ‌ بكات.

وتەبێژی كۆمیسیۆن دووپاتی كردەوە كە هەموو ڕێكارەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە باشی بەڕێوە دەچن و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش 69 ملیار دیناری بۆ ئامادەكاییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن خەرج كردووە و كێشەی داراییان نییە.

هەروەها غەلای داوای لەو دەنگدەرانە كرد كە كارتی دەنگدانیان دەرهێناوە یان نوێ‌ كردووەتەوە، كارتەكانیان تەواو بووە و بە زوویی سەردانی بنكەكانی كۆمیسیۆن بكەن بۆ وەرگرتنەوەیان.

پاش ئەوەی پارتی ڕایگەیاند بەم شێوەیەی ئێستا بەشداریی ‏هەڵبژاردن ناكات، لە ڕێگەی سەرۆكایەتیی هەرێمەوە هەوڵی ‏ڕازیكردنی لایەنەكان و بەدەستهێنانی پاڵپشتیی زیاتر بۆ ‏دواخستنی هەڵبژاردن دەدات، لەو چوارچێوەیەشدا شاندی ‏سەرۆكایەتیی هەرێم سەردانی لایەنەكان دەكات.

دوێنێ دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، سەردانى بەرەى تورکمانیى کرد و ‏ڕایگەیاند "سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە ‏پەیوەندیدایە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان و دەبێت ‏زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكرێت".‏

هاوکات یەکێتی سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، چەند جارێک جەختی کردووەتەوە کە "هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆی بەڕێوە دەچێت".