پەرەگراف
دادگاى تاوانى ناوەندى سەر بە سەرۆکایەتیى دادگاى تێهەڵچوونەوەى بەغداد لە ڕەسافە، بڕیارى دا بە ئازادکردنى تۆمەتبارانى سووتاندنى بازاڕەکانى هەولێر و دهۆک و کەرکووک. دادگاکە دەڵێت "بەڵگەى پێویست دژى تۆمەتباران لەبەردەستدا نەبووە".
هەرسێ تۆمەتبار (هونەر فەخرەدین ئەحمەد، محەمەد نەجات حەسەن، سیروان حسێن محەمەد) کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراقەوە دەستگیر کرابوون و لە دادگا تۆمەتبار کرابوون بە سووتاندنى بازاڕەکان، پاش چەند مانگێک لە دەستگیرکردنیان تۆمەتەکانیان بەسەردا ساغ نەبووەوە.
بڕیارى بێتاوانیى ئەو تۆمەتبارانە لەکاتێکدایە کە هەردوو وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و عێراق پێشوەختە و بەر لە دادگاییکردنیان، لە کۆنگریەکى ڕۆژنامەوانیى هاوبەشدا ئەو کەسانەیان بە "تاوانبار" ناساند و جگە لە سووتاندنى بازاڕەکان، چەندین تۆمەتى دیکەشیان دایە پاڵیان.
ڕۆژى 1-7-2024 هەردوو وەزارەتى ناوخۆى حکومەتی عێراق و حکومەتى هەرێمی کوردستان ئەنجامی "لێکۆڵینەوەیەکى هاوبەش"ـیان لەبارەى سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و کەرکوک و دهۆک ڕاگەیاند و وتیان "تۆڕێکی سەر بە پەکەکە ئەو کارەیان کردووە کە سێ کەسیان دەستگیر کراون".
میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم کە لە بەغداد ئەنجام درا، ئاماژەی بەوە کرد تۆمەتباران لە ئۆپەراسیۆنی تایبەتدا لە کەرکووک و دیالە دەستگیر کراون.
هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم وتی، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق دەرکەوت، "ڕووداوەکان سروشتی و ئاسایی نین و ئامانج لێیان توڕەکردنی خەڵک و زیان گەیاندنە و هەوڵی تیکدانی پەیوەندیی نێوان خەڵک و حکومەتە".
"دەرکەوت ڕووداوەکان پەکەکەی لە پشتەو سێ تاوانکار کە یەکێکیان سەرپەرشتیارەو بەرپرسی چالاکییە ئەمنییەکانی پەکەکەیە دەستگیر کراون، یەکێکیان سەر بە دژە تیرۆری یەکێتییە و یەکێکی دیکەیان سەربە یەکەکانی ٧٠ی پێشمەرگەیە (یەکێتی)، کار بۆ پەکەکە دەکەن و پەکەکە ڕاهێنانی پێ کردوون"، هێمن میرانی وای وت.
میرانی وتیشی "ئەو تۆڕە پلانیان هەبووە گورزی کوشندە لە ئابووریی خەڵک بدەن لە شارەکانی هەرێم و لە بەغداش".
دواتر پەکەکە بە تووندی ئەو تۆمەتەى ڕەت کردەوە و پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا وتى "ئەو تۆمەتانەی كە ئێمە بازاڕ و گوندەكانی كەركووك و هەولێر و دهۆكمان سووتاندووە، هەڵبەستراوی باوەڕپێنەكراوە، ئێمە پێشتر بەرگریمان لەو شارانە كردووە و شەهیدمان لە پێناویدا داوە، ئەم تۆمەتانە بۆ ویژدانی گەلی كورد و عێراق جێدەهێڵین، كە بە چاوی خۆیان شاهیدی بەرخۆدانی ئێمە بوون".
تەنیا لە چوار مانگی سەرەتاکانى ئەمساڵدا، حەوت ڕووداوی گەورەی ئاگركەوتنەوە لە بازاڕە میللی و قەرەباڵغەکانی ناوجەرگەی شار ڕوویان داوە، پێنجیان لە هەولێر و یەكێكیان لە دهۆك و یەکێکیان لە کەرکوک، کە بەهۆیانەوە سەدان دووکان سووتان و زیانی ملیۆنان دۆلاری هەبووە.