بڕیاری ئازادکردنی تۆمەتبارانی سووتاندنى بازاڕەکان تورکمانەکانی کەرکوک نیگەران دەکات
پەرەگراف
بڕیاری ئازادکردنی تۆمەتبارانی سووتاندنى بازاڕەکانى هەولێر و دهۆک و کەرکووک نیگەرانیی تورکمانەکانی کەرکوکی لێکەوتەوەو داوای پێداچوونەوە بەو بڕیارەو هەڵوێستی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و فایەق زێدان سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری دەکەن.
دادگاى تاوانى ناوەندى سەر بە سەرۆکایەتیى دادگاى تێهەڵچوونەوەى بەغداد لە ڕەسافە، دوێنێ ٥-١١-٢٠٢٤ بڕیارى دا بە ئازادکردنى تۆمەتبارانى سووتاندنى بازاڕەکان، دادگاکە دەڵێت "بەڵگەى پێویست دژى تۆمەتباران لەبەردەستدا نەبووە".
هەرسێ تۆمەتبار (هونەر فەخرەدین ئەحمەد، محەمەد نەجات حەسەن، سیروان حسێن محەمەد) کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراقەوە دەستگیر کرابوون و لە دادگا تۆمەتبار کرابوون بە سووتاندنى بازاڕەکان.
بڕیارى بێتاوانیى ئەو تۆمەتبارانە لەکاتێکدایە کە هەردوو وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و عێراق پێشوەختە و بەر لە دادگاییکردنیان، لە کۆنگریەکى ڕۆژنامەوانیى هاوبەشدا ئەو کەسانەیان بە "تاوانبار" ناساند و جگە لە سووتاندنى بازاڕەکان، چەندین تۆمەتى دیکەشیان دایە پاڵیان.
لە کاردانەوەی بڕیاری ئازادکردنیان، حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراق ڕایگەیاند "توشی شۆك بوون" بە بەردانی تۆمەتبارانی سوتاندنی بازاڕەکان، "تۆمەتباران لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە دەستگیركرابوون و دانیان بەوەدا نابوو كە سەربە رێكخراوی (پەكەكە)ن، هەروەها دانیان بەوەدا نابوو كە ئەو شوێنانەیان سوتاندوە، بەرپرسیارێتی چەند ئاگركەوتنەوەیەكی تریان لە كەركوك و هەولێرو دهۆك گرتبووە ئەستۆ".
"ئەو بڕیارەی لەلایەن دادگای تاوانەكانی رەسافەوە دەرچووە بۆ ئازادكردنی تۆمەتباران، كە لەلایەن سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی كەركوكەوە دۆسیەكەی بۆ رەوانە كراوە، بەبێ هیچ هۆكارێكی زانراو، كاریگەری نەرێنی زۆری دەبێت لەسەر دۆخی ئەمنیی پارێزگای كەركوك و لە ئایندەدا دۆخەكە خراپتر دەكات، ئەمەش بەهۆی دروستبوونی هەستی ئەوەی كە ئەم رێكخراوە تیرۆرستییەو ئەندامەكانی دەتوانن لە هەر كارێكی تیرۆرستی كە ئەنجامی دەدەن، لە سزا رزگاریان ببێت" حەسەن تۆران وای وت.
سەرۆکی بەرەی تورکمانی داوا لە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی و داواكاری گشتیی دەكات رێوشوێنی یاسایی پێویست بگرنەبەر بۆ پێداچوونەوە بەو بڕیارەو دووبارە دادگایكردنەوەی تۆمەتباران، "بەهۆی بوونی دانپێدانان كە وەكو دەوترێت دانپێدانان باشترین بەڵگەیە".
هاوکات ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری توركمان و نوێنەری كەركوك لە پەرلەمانی عیراق، لە رونكردنەوەیەكی ڤیدیۆییدا نیگەرانی دەربارەی بڕیاری ئازادكردنی ئەو سێ تۆمەتبارە راگەیاند، دەڵێت "تووشی سەرسوڕمان بووین لەكاتێكدا پێشتر وەزارەتی ناوخۆی عێراق وەكو تۆمەتبار و جێبەجێكاری رووداوی سوتاندنی بازاڕەكان ناویهێنان، دوای لێكۆڵینەوە".
ساڵحی داوای رونكردنەوە و هەڵوێست لە سەرۆكوەزیران و سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری و وەزیری ناوخۆی عێراق دەكات.
ڕۆژى 1-7-2024 هەردوو وەزارەتى ناوخۆى حکومەتی عێراق و حکومەتى هەرێمی کوردستان ئەنجامی "لێکۆڵینەوەیەکى هاوبەش"ـیان لەبارەى سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و کەرکوک و دهۆک ڕاگەیاند و وتیان "تۆڕێکی سەر بە پەکەکە ئەو کارەیان کردووە کە سێ کەسیان دەستگیر کراون".
ئەوکات، میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم کە لە بەغداد ئەنجام درا، ئاماژەی بەوە کرد تۆمەتباران لە ئۆپەراسیۆنی تایبەتدا لە کەرکووک و دیالە دەستگیر کراون.
هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم وتی، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق دەرکەوت، "ڕووداوەکان سروشتی و ئاسایی نین و ئامانج لێیان توڕەکردنی خەڵک و زیان گەیاندنە و هەوڵی تیکدانی پەیوەندیی نێوان خەڵک و حکومەتە".
"دەرکەوت ڕووداوەکان پەکەکەی لە پشتەو سێ تاوانکار کە یەکێکیان سەرپەرشتیارەو بەرپرسی چالاکییە ئەمنییەکانی پەکەکەیە دەستگیر کراون، یەکێکیان سەر بە دژە تیرۆری یەکێتییە و یەکێکی دیکەیان سەربە یەکەکانی ٧٠ی پێشمەرگەیە (یەکێتی)، کار بۆ پەکەکە دەکەن و پەکەکە ڕاهێنانی پێ کردوون"، هێمن میرانی وای وت.
میرانی وتیشی "ئەو تۆڕە پلانیان هەبووە گورزی کوشندە لە ئابووریی خەڵک بدەن لە شارەکانی هەرێم و لە بەغداش".
دواتر پەکەکە بە تووندی ئەو تۆمەتەى ڕەت کردەوە و پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا وتى "ئەو تۆمەتانەی كە ئێمە بازاڕ و گوندەكانی كەركووك و هەولێر و دهۆكمان سووتاندووە، هەڵبەستراوی باوەڕپێنەكراوە، ئێمە پێشتر بەرگریمان لەو شارانە كردووە و شەهیدمان لە پێناویدا داوە، ئەم تۆمەتانە بۆ ویژدانی گەلی كورد و عێراق جێدەهێڵین، كە بە چاوی خۆیان شاهیدی بەرخۆدانی ئێمە بوون".
تەنیا لە پێنج مانگی سەرەتاکانى ئەمساڵدا، حەوت ڕووداوی گەورەی ئاگركەوتنەوە لە بازاڕە میللی و قەرەباڵغەکانی ناوجەرگەی شار ڕوویان داوە، پێنجیان لە هەولێر و یەكێكیان لە دهۆك و یەکێکیان لە کەرکوک، کە بەهۆیانەوە سەدان دووکان سووتان و زیانی ملیۆنان دۆلاری هەبوو.