
پەرەگراف
بەرهەمهێنانى نەوت لە هەردوو کێڵگەى ئەترووش و سەرسەنگ دەستى پێ کردەوە. بەهۆى هێرشەکانەوە، کێڵگەى سەرسەنگ تا چەند مانگێک نیوەى بڕى پێشووى نەوت بەرهەم دەهێنێت. لە ئێستادا هەردوو کێڵگەگە ڕۆژانە نزیکەى ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن. بەم هەنگاوە تواناى بەرهمهێنانى نەوت لە هەرێم دەگاتە ١٨٠ هەزار بەرمیلى ڕۆژانە، کە بەر لە هێرشە درۆنییەکان ٣٠٠ هەزار بەرمیل بووە.
بەپێى ڕاپۆرتى کۆمپانیاى شاماران کە وەبەرهێنان لەو دوو کێڵگە نەوتییەدا دەکات، لە چارەکی دووەمی ساڵى 2025دا (مانگى چوار تا حەوت)، تێکڕای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی کێڵگەکانی ئەترووش و سەرسەنگ گەیشتووەتە ٦٣ هەزار و ٨٠٠ بەرمیل، بەوەش بەراورد بە چارەکی دووەمی ساڵی ڕابردوو، بەرهەمهێنان بە ڕێژەی ١٦% زیادى کردووە.
لە چارەکى دووەمى ئەمساڵدا، تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی ئەترووش ڕۆژانە ٣٥ هەزار و ١٠٠ بەرمیل بووە، لە کێڵگەی سەرسەنگ ٢٨ هەزار و ٧٠٠ بەرمیل بووە.
لە کۆى ٦٣ هەزار و ٨٠٠ بەرمیل نەوتى ڕۆژانەى ئەو دوو کێڵگە، ٢٢ هەزار و ٧٠٠ بەرمیلى پشکى کۆمپانیاى شاماران بووە، کە دەکاتە ٣٥.٥% (لەسەدا ٣٥ و نیو).
گرێبەستى کۆمپانیاکانى نەوت لەگەڵ حکومەتى هەرێم، لە جۆرى پشکدارییە، بەوهۆیەوە نزیکەى ٤٠%ـى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ کۆمپانیاکان دەڕوات و بۆ خۆیانى دەفرۆشن.
پاش هێرشێکى درۆنى بۆ سەر کێڵگەى سەرسەنگ لە ١٥-٠٧-٢٠٢٥ و ڕوودانى تەقینەوە، کۆمپانیاى شاماران بەرهەمهێنانى نەوتى لە هەردوو کێڵگەکە ڕاگرت.
ئەمڕۆ ٠٧-٠٨-٢٠٢٥، کۆمپانیاکە ڕایگەیاند "بەرهەمهێنانى نەوت لە کێڵگەى ئەترووش بە تەواوەتی دەستی پێ کردووەتەوە، بەڵام کێڵگەى سەرسەنگ بەهۆى زیانەکانەوە پێشبینی دەکرێت نیوەی توانای بەرهەمهێنانی تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی 2025 نەگەڕێتەوە، ئێستا بە نیوەی توانای کێڵگەکە نەوت بەرهەم دەهێنین".
لە شەوى ١٤-٠٧-٢٠٢٥، بۆ یەکەم جار هێرشى درۆنى کرایە سەر کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان. هێرشەکان بەردەوام بوون و لە ماوەی سێ ڕۆژدا كۆمپانیاكانی ناچار بە ڕاگرتنی نزیكەی دوو لەسەر سێی بەرهەمهێنانی نەوت كرد و لە ٣٠٠ هەزار بەرمیلى ڕۆژانە بۆ ١١٢ هەزار دایبەزاند.
بەپێى لێدوانى دوێنێى وەزیرى نەوتى عێراق، بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێم گەیشتووەتە ١٣٠ هەزار بەرمیلى ڕۆژانە. ئەمەش ڕاپۆرتى ڕۆژانى ڕابردووە. بە دەستپێکردنەوەى بەرهەمهێنانى نەوت لە کێڵگەکانى ئەترووش و سەرسەنگ کە بەرهەمى ئێستایان ڕۆژانە نزیکەى ٥٠ هەزار بەرمیلە، بەرهەمى نەوتى هەرێم دەگاتە ١٨٠ هەزار بەرمیلى ڕۆژانە.