چوارەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان تۆمار كرا

14-06-2023 11:07
مستەفا محەمەد بە تای خوێنبەربوون لە سۆران گیانى لەدەست دا

پەرەگراف

حاڵەتێكی دیكەی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە سۆران تۆمار كرا، ئەمەش دووەم حاڵەتی گیانلەدەستدانە بە نەخۆشییەكە لە سنوورەكە و چوارم حاڵەتە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، لە كەركووكیش حاڵەتێكی گیانلەدەستدان تۆمار كراوە.

ئەو هاووڵاتییەی گیانی لەدەست داوە، ناوی مستەفا محەمەدە و دانیشتووی گوندی سرێشمەی سنووری ناحیەی خەلیفانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە. دوو ڕۆژ لەمەوبەر سەردانی نەخۆشخانەی ئاشتیی لە سۆران كردووە و نیشانەكانی تای خوێنبەربوونی هەبووە.

ئەو هاووڵاتییە كە تەمەنی لە دەوروبەری 50 ساڵدایە، دوێنێ‌ ڕەوانەی نەخۆشخانەكانی هەولێر كراوە و ئەمڕۆ گیانی لەدەست داوە.

ئەمساڵ یەكەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە سنووری ئیدارەی سۆران تۆمار كرا، دووەم حاڵەت لە هەولێر و سێیەم حاڵەت لە دهۆك بوو.

لە ماوەی ڕابردووشدا لە كەركووك سێ‌ حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمار كراوە، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تووشبوویەكیان گیانی لەدەست دا.

زۆرینەی حاڵەتەكانی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون، لەناو ئەو كەسانەدا بوون كە مامەڵەی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئاژەڵ هەبووە، چ بە بەخوێكردن یان فرۆشتن و سەربڕین.

تای خوێنبەربوون، پەتایەكی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و پاشان لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. هاوینی ڕابردووش ئەو پەتایە لەعێراق و كوردستان بڵاوبووەوە و بەهۆیەوە چەند كەسێك گیانیان لەدەست دا.

پزیشكانی پسپۆڕ دەڵێن، مردن بەو پەتایە دەگاتە لەسەدا ٤٠ی ڕێژەی تووشبووان. نیشانەكانی تای خوێنبەربوونیش ئەوەیە؛ نەخۆشەكەتووشی تایەكی بەرز و ئازاری هەموو جەستەی دەبێت، بەتایبەت ئازار لە پشت و ملیدا، لەوانەشە نەخۆشەكە تووشی سكچوون و ڕشانەوەببێت، لە قۆناغەكانی كۆتاییشدا خوێنبەربوون لە دەم و لووت و هەندێك جاریش لە چاو و گوێچكەیەوە دەست پێ دەكات.

لە 20-5-2023 وەزارەتی كشتوكاڵ ژمارەیەك ڕێكاری بەپەلەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و كۆنترۆڵكردنی پەتاكە ڕاگەیاند.

دواتر وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێم ژمارەیەك ڕێكاری بۆ كۆنترۆڵكردنی تای خوێنبەربوون ڕاگەیاند و دەڵێت "سەربڕینی ئاژەڵان لە ماڵان بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە سەربڕین تەنیا لە شوێنی ڕێپێدراو دەبێت".

بەپێی ڕێكارە نوێیەكانی وەزارەتی تەندروستی، قەسابەكان پابەند دەكرێن بە لەبەركردنی كەلوپەلی خۆپاراستن، بە تایبەت دەستكێشیلاستیك و جلی تایبەتی خۆپارێزی لە كاتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵ. هەروەها دوای سەربڕینی ئاژەڵ، دەبێت شوێنەكە بە گیراوەی تایبەتپاكژ بكرێتەوە.

وەزارەتی تەندروستی جەخت دەكاتەوە كە هاووڵاتیان "گۆشتی سوور لە شوێنی ڕێپێدراو بكڕن"، هەروەها " دەستكێش لەدەست بكەن وئاگادار بن دەستیان برینداریی نەبێت و تەختەی لەتكردنی گۆشت جیاواز بێت لە تەختەی لەتكردنی سەوزە".

* وەزارەتی کشتوکاڵ شەش ڕێکاری بەپەلە دەگرێتەبەر بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون

* دووەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆمار كرا

* سێیەم حاڵەتی گیان لەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە ھەرێم تۆمار کرا

* وەزارەتی تەندروستی ژمارەیەک ڕێکاری بۆ کۆنترۆڵکردنی تای خوێنبەربوون ڕاگەیاند