لە جەژنی قورباندا مەترسیی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون زیاترە و لایەنە پەیوەندیدارەكان هۆشداری دەدەن

15-06-2023 05:54

پەرەگراف

قائیمقامی سلێمانی ڕایگەیاند، تێچووی دەرزیی یەك تووشبووی پەتای تای خوێنبەربوون تەنیا لە ماوەی 10 ڕۆژدا، زیاتر لە 140 هەزار دۆلار (14 دەفتەر)ـە. تەندروستیی سلێمانییش هۆشداری دەدات بەو كەسانەی ئاژەڵ سەردەبڕن و دەفرۆشن یان دەیكەن بە خێر، كە ئەگەر ڕێكاری تەندروستی نەگرنە بەر، جەژن لە زینداندا دەبنە سەر.

ئەمڕۆ قائیمقام و بەڕێوەبەری تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەی سلێمانی سەبارەت بە پەتای تای خوێنبەربوون كۆبوونەوە و دواتر كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان ئەنجام دا.

ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی، ڕایگەیاند "پەتای خوێنبەربوون بووەتە مایەی هەڕەشە بۆ هەموو لایەكمان، لە عێراقدا زیاتر لە 50 حاڵەت و لە هەرێمی كوردسانیش پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان بە پەتاكە تۆمار كراوە، بەڵام لە سلێمانی حاڵەتێكی گومانلێكراو هەبوو كە ئەنجامی پشكنینەكەی گەڕاوەتەوە و دەركەوتووە ئەو پەتایە نییە".

قائیمقامی سلێمانی هۆشداریی دایە هاووڵاتیان كە ڕێكارەكانی تەندروستی بگرنە بەر و وتی "پەتاكە دەرمانەكەی گرانە، ئەو كەسەی تووش دەبێت، لە ماوە 10 ڕۆژدا پێویستی بە زیاتر لە 280 دەرزی هەیە و هەر دەرزییەكیش نرخی لە سەروو 500 دۆلارەوەیە، بەم توانا كەمەی كە ئێستا لە نەخۆشخانەكانی ئێمەدا هەیە، زۆر زەحمەتە كە بتوانین چارەسەری ئەو نەخۆشییانە بكەین".

"لە جەژنی قورباندا بەهۆی قوربانیكردنی ئاژەڵەوە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەكە زیاترە، بۆیە داواكارین لە هەموو هاووڵاتیان هاوكارمان بن و ڕێكارەكان بگرنە بەر"، ئاوات محەمەد وای وت.

دواتر دكتۆر سەباح بەرزنجی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، جەختی لەوە كردەوە كە "ئەگەر ئەم نەخۆشییە بە شێوەیەكی بەربڵاو بڵاو ببێتەوە، كارەسات ڕوو دەدات".

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی داوای لە هاووڵاتیان كرد كە "قوربانی لە سەربڕخانەكان بكەن و دڵنبا بن كە ئاژەڵەكە پشكنینی بۆ كراوە". وتیشی "سكاڵا لەسەر هەموو ئەو هاووڵاتیانە تۆمار دەكەین كە گۆشتی نایاسایی دەكەن بە خێر یان دەیفرۆشن".

"داوا لە هەموو ئەو كەسانە دەكەین كە ئاژەڵ دەفرۆشن و سەردەبڕن، ڕێكاری تەندروستی بگرنە بەر، ئەگینا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر دەكرێن و لەوانەیە جەژن لە زینداندا ببەنە سەر"، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی وای وت.

دوێنێ حاڵەتێكی دیكەی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە سۆران تۆمار كرا، ئەمەش دووەم حاڵەتی گیانلەدەستدانە بە نەخۆشییەكە لە سنوورەكە و چوارم حاڵەتە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، لە كەركووكیش حاڵەتێكی گیانلەدەستدان تۆمار كراوە.

ئەو هاووڵاتییەی گیانی لەدەست داوە، ناوی مستەفا محەمەدە و دانیشتووی گوندی سرێشمەی سنووری ناحیەی خەلیفانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە. سێ ڕۆژ لەمەوبەر سەردانی نەخۆشخانەی ئاشتیی لە سۆران كردووە و نیشانەكانی تای خوێنبەربوونی هەبووە.

ئەو هاووڵاتییە كە تەمەنی لە دەوروبەری 50 ساڵدایە، پێرێ ڕەوانەی نەخۆشخانەكانی هەولێر كراوە و دوێنێ گیانی لەدەست داوە.

ئەمساڵ یەكەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە سنووری ئیدارەی سۆران تۆمار كرا، دووەم حاڵەت لە هەولێر و سێیەم حاڵەت لە دهۆك بوو.

لە ماوەی ڕابردووشدا لە كەركووك سێ‌ حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمار كراوە، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تووشبوویەكیان گیانی لەدەست دا.

زۆرینەی حاڵەتەكانی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون، لەناو ئەو كەسانەدا بوون كە مامەڵەی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئاژەڵ هەبووە، چ بە بەخوێكردن یان فرۆشتن و سەربڕین.

تای خوێنبەربوون، پەتایەكی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و پاشان لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. هاوینی ڕابردووش ئەو پەتایە لەعێراق و كوردستان بڵاوبووەوە و بەهۆیەوە چەند كەسێك گیانیان لەدەست دا.

پزیشكانی پسپۆڕ دەڵێن، مردن بەو پەتایە دەگاتە لەسەدا ٤٠ی ڕێژەی تووشبووان. نیشانەكانی تای خوێنبەربوونیش ئەوەیە؛ نەخۆشەكەتووشی تایەكی بەرز و ئازاری هەموو جەستەی دەبێت، بەتایبەت ئازار لە پشت و ملیدا، لەوانەشە نەخۆشەكە تووشی سكچوون و ڕشانەوەببێت، لە قۆناغەكانی كۆتاییشدا خوێنبەربوون لە دەم و لووت و هەندێك جاریش لە چاو و گوێچكەیەوە دەست پێ دەكات.

لە 20-5-2023 وەزارەتی كشتوكاڵ ژمارەیەك ڕێكاری بەپەلەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و كۆنترۆڵكردنی پەتاكە ڕاگەیاند.

دواتر وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێم ژمارەیەك ڕێكاری بۆ كۆنترۆڵكردنی تای خوێنبەربوون ڕاگەیاند و دەڵێت "سەربڕینی ئاژەڵان لە ماڵان بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە سەربڕین تەنیا لە شوێنی ڕێپێدراو دەبێت".

بەپێی ڕێكارە نوێیەكانی وەزارەتی تەندروستی، قەسابەكان پابەند دەكرێن بە لەبەركردنی كەلوپەلی خۆپاراستن، بە تایبەت دەستكێشیلاستیك و جلی تایبەتی خۆپارێزی لە كاتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵ. هەروەها دوای سەربڕینی ئاژەڵ، دەبێت شوێنەكە بە گیراوەی تایبەتپاكژ بكرێتەوە.

وەزارەتی تەندروستی جەخت دەكاتەوە كە هاووڵاتیان "گۆشتی سوور لە شوێنی ڕێپێدراو بكڕن"، هەروەها " دەستكێش لەدەست بكەن وئاگادار بن دەستیان برینداریی نەبێت و تەختەی لەتكردنی گۆشت جیاواز بێت لە تەختەی لەتكردنی سەوزە".

* وەزارەتی کشتوکاڵ شەش ڕێکاری بەپەلە دەگرێتەبەر بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون

* دووەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆمار كرا

* سێیەم حاڵەتی گیان لەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە ھەرێم تۆمار کرا

* وەزارەتی تەندروستی ژمارەیەک ڕێکاری بۆ کۆنترۆڵکردنی تای خوێنبەربوون ڕاگەیاند