پاش سێ‌ ڕۆژ لە بۆردومانكردنیان لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە تەرمەكانیان دۆزرایەوە

01-05-2024 11:40

پەرەگراف

پاش سێ‌ ڕۆژ لە بۆردومانكردنیان لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە، تەرمی "دوو هاووڵاتیی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان" لە كوێستانەكانی خنێرە لە سنووری سیدەكان دۆزرایەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە جگە لەم دوو کەسە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 19ـی نیسان، بەهۆی بۆردومان و هێرشەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، "شەش هاووڵاتیی مەدەنی شەهید و دوانی دیكە بریندار بوون"، بەڵام هیچ كام لە حكومەتەكانی هەرێم و عێراق هەڵوێستیان بەرانبەر ئەو پێشێلكارییانە نەبووە.

كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی CPT دەڵێت "دوو هاووڵاتییەكە ناویان (ئەحمەد حەیدەری و ڕەسووڵ یونسی)یە، خەڵكی ناوچەی زمزینانن لە شاری سەردەشت و دانیشتووی شاری مهاباد بوون لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، تەمەنیان لە نێوان ٤٥ بۆ ٥٥ ساڵدا بووە".

ئەندامەكەی تیمی سی پی تی ئاماژەی بەوە كردووە، ئەو دوو هاووڵاتییە لە ٢٧ی نیساندا بە مەبەستی "كۆكردنەوەی گژوگیای بەهارە" لەسەر سنووری شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە هاتبوونە ناو خاكی هەرێمی كوردستان، لە ڕۆژی ٢٨ی نیساندا بوونە ئامانجی "فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی دەوڵەتی توركیا و شەهید كران".

لە دوای سێ ڕۆژ لە چاوەڕوانی خانەوادەكانیان، ئەمڕۆ بەشێك لە خزم و كەسوكاریان بۆ سۆراغی ئەو دوو كەسە لەسەر سنوری شنۆوە هاتنە ناو كوێستانەكانی خنێرە لە شارۆچكەی سیدەكانی هەرێمی كوردستان و تەرمی قوربانییەكانیان دۆزییەوە.

ڕێکخراوی سی پی تی دەڵێت "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، بەهۆی بۆردومان و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، شەش هاووڵاتیی مەدەنیى دیکە شەهید و دوان بریندار بوون".

ڕۆژى 19-4-2024 لە بۆردوومانێکدا بۆ سەر گوندێکی سنووری ناحیەی سیدەکان، هاووڵاتییەک گیانی لەدەست دا. چەند ڕۆژێك پێشتریش خانوویەك لە گوندی گەڵاڵە لە سنووری شارباژێڕی سلێمانی بۆردوومان كرا و تێیدا گەنجێك گیانی لەدەست دا،.

ڕۆژی 8-3-2024یش تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی (CPT) ڕایگەیاند "بەهۆی بۆردوومانی هێزی ئاسمانیی توركیا بۆ سەر چیای حەوت تەبەقێ لە گوندی بەریسكێی سەر بە ناحیەی دینارتە لە قەزای ئاكرێ، دوو هاووڵاتیی مەدەنی شەهید و هاووڵاتییەكی دیكەش بریندار بوون".

پێشتریش لە ڕۆژی 20-2-2024، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا بۆردومانی "چیای سیارێ"یان لە گوندی كافیا لە ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاكرێ كرد، بەهۆی بۆردومانەكەوە دوو كەسی مەدەنی گیانیان لەدەست دا.

هەر بەهۆی بۆردومان و شەڕی توركیاوە، تەنها ساڵی ڕابردوو لانیكەم 10 هاووڵاتیی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان گیانیان لەدەست داوە و 12ی دیكەش بریندار بوون، لە ساڵی 2015ـیشەوە نزیكەی 150 هاووڵاتی كوژراون و زیاتر لە 230ـی دیكەش بریندار بوون.

تورکیا بە بەردەوامى بە پاساوى شەڕ دژى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) بۆردومانى ناوچە جیاوازەکان لەناو خاکى هەرێمى کوردستاندا دەکات و لە بەشێک لەو بۆردومانانەدا هاووڵاتیانى مەدەنى دەکاتە ئامانج، بەڵام هەردوو حکومەتى هەرێم و عێراق لەو پێشێلکارییانە بێدەنگن.