پەرەگراف
ئەمریكا سوورە لەسەر "چاكسازی" لەناو وەزارەتی پێشمەرگە و تێپەڕاندنی لەمپەرەكان و "ڕێكخستنەوە و یەكخستنەوە"ـی هێزەكانی پێشمەرگە. شاندێكی باڵای سەربازیی ئەمریكا بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم كۆبووەوە.
لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، شاندێكی باڵای سەربازیی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی جەنەرال كیڤن لیهی، فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا، دوێنێ لەگەڵ بەرپرسانی باڵا و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان بە ئامادەیی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، كۆبووەوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی سەرۆكایەتیی هەرێم، لە كۆبوونەوەكەدا كە دانیال شەپیرۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریكا بە ئۆنڵاین بەشدار بووە، "یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەڵسەنگێنرا و دوایین هەنگاوەكان و بەرەوپێشچوونی كۆی پرۆسەكە تاوتوێ كرا".
پاش چەند ساڵ هەوڵی ئەمریكا و هاوپەیمانان، هێشتا لەمپەر و كۆسپ لەبەردەم یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەدا ماوە. سەرۆكایەتیی هەرێم دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا دید و بۆچوونیان دەربارەی نەهێشتنی گیروگرفتەكانی بەردەم پرۆسەكە و چارەسەركردنی كێشەكان، خستە ڕوو".
"هەردوولا جەختیان لە پێویستیی هەماهەنگی و كاركردنی هەمەلایەنە بۆ سەرخستنی پرۆسەكە كردەوە، هەروەها گرنگیی بەردەوامیی پشتگیری و یارمەتیدانی ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی دۆستیان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەئەنجامگەیشتنی پرۆسەكە و نەهێشتنی گرفتەكانی بەردەمی، بە پێویست زانی"، سەرۆكایەتیی هەرێم وا دەڵێت.
لەگەڵ بەردەوامیی هاوکارییەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، هاوکات چەندینجار نیگەرانییان دەربڕیوە لە سست بەڕێوەچوونی پڕۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو بەردەوامیی ململانێی حیزبیی پارتی و یەکێتی لەناو ئەو وەزارەتە.
حەوت ساڵە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا، بە پارە و راوێژ و دابینکردنی پێداویستی سەربازیی و هەماهەنگی دیكە، دەیانەوێت سوپایەكی نیشتمانی بۆ هەرێمی كوردستان پێكبهێنن لەڕێی نەهێشتنی هێزی سەر بە پارتی و یەكێتی، ئەوەش لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.
لە مانگەكانی كۆتایی ساڵی 2022، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، بەهۆی ئەو لەمپەرانەی لەلایەن یەكێتی و پارتییەوە لەبەردەم پرۆسەی "ڕێكخستنەوە و یەكخستنەوە"ـی هێزەكانی پێشمەرگە دروست دەكرا و ئەمریكا و هاوپەیمانانیشی نیگەران كردبوو، وازی لە پۆستەكەی هێنا. دواتریش یەكێتی و پارتی نەیانتوانی لەسەر كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە ڕێكبكەون.
دواتر هێزەکانی هاوپەیمانان هۆشدارییان دا بە وەزارەتی پێشمەرگە کە ئەگەر بە یەکگرتوویی پڕۆسەی چاکسازیی بەردەوام نەبێت و وەزارەت دوورنەخرێتەوە لە دەستتێوەردانی حیزبی و کێشە و ململانێکانی پارتی و یەکێتی، ئەوا سەرجەم هاوکارییەکانیان ڕادەگرن.
دواجاریش لەژێر فشارى ئەمریکا و مەترسیى بڕینى هاوکارییەکانى پێشمەرگە و کۆتاییهێنان بە پرۆسەى چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگەدا، پارتى و یەکێتى بە بەڵێنى نەهێشتنى لەمپەرەکان، دواى نزیکەى ساڵێک دوورکەوتنەوە، وەزیرى پێشمەرگەیان بە گەڕانەوە بۆ سەر پۆستەکەى ڕازى کرد. ئەمریكا "دڵخۆشى" خۆى بە گەڕنەوەى شۆڕش ئیسماعیل ڕاگەیاند و وتى "هیوای زۆرمان پێتە بۆ بەردەوامیدان بە پڕۆسەی چاكسازی لەناو هێزی پێشمەرگە و دروستكردنی هێزیكی نیشتمانی".
لێكتێگەشتنی فەرمیی نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا و پێشمەرگە، لە ساڵی 2016ـەوە واژوو كراوە و لە ئەیلولی 2020ـیشداجارێكی تر نوێ كرایەوە، كە ئامانجی سەرەكیی هاوکاریکردن و پڕکردنەوەی پێداويستى و كهموكووڕييهكانى پێشمهرگەیە، لەگەڵ هاوكاری و پشتيوانییان بۆ سهرخستنى پڕۆسهى چاكسازى له وهزارهتى پێشمهرگه و يهكخستنهوهى يهكه و هێزهكانى پێشمهرگه.